دکتور میکاییل سانیار هەر دەژیم و سەربڵندم تاکوو ڕۆژی مردنم من بە پێوە گیان ئەدەم قەد ناکەوم بۆ دووژمنم   “کۆرپەیەکی چوار ڕۆژە بووم کە دایکم مردووە. کاتێک دایکم دەمرێ بابم و زڕدایکم وەخۆیانم ناگرن. زڕدایکم؛ دەرد و ژانێک، بەڵا و نەهامەتییەک، هێش و مۆرتکەیەک بوو بە ناوی شاشان کە بەرۆکی گرتبووم و ببوو بە […]

  

دکتور میکاییل سانیار هەر دەژیم و سەربڵندم تاکوو ڕۆژی مردنم من بە پێوە گیان ئەدەم قەد ناکەوم بۆ دووژمنم   “کۆرپەیەکی چوار ڕۆژە بووم کە دایکم مردووە. کاتێک دایکم دەمرێ بابم و زڕدایکم وەخۆیانم ناگرن. زڕدایکم؛ دەرد و ژانێک، بەڵا و نەهامەتییەک، هێش و مۆرتکەیەک بوو بە ناوی شاشان کە بەرۆکی گرتبووم و ببوو بە […]

دکتور میکاییل سانیار

هەر دەژیم و سەربڵندم تاکوو ڕۆژی مردنم
من بە پێوە گیان ئەدەم قەد ناکەوم بۆ دووژمنم

 


“کۆرپەیەکی چوار ڕۆژە بووم کە دایکم مردووە. کاتێک دایکم دەمرێ بابم و زڕدایکم وەخۆیانم ناگرن.
زڕدایکم؛ دەرد و ژانێک، بەڵا و نەهامەتییەک، هێش و مۆرتکەیەک بوو بە ناوی شاشان کە بەرۆکی گرتبووم و ببوو بە ماکەی هەرچی ناخۆشییە لە ژیانمدا کە چارەنووس و هەموو داهاتوومی فەوتاند. زۆری عەزاب دەدام، برسی دەکردم، لێی دەدام. بە مۆڕە خێسەی لێدەکردم و بەسەرمدا دەیقیژاند. چەپ و ڕاست تێی دەسرەواندم. تەنانەت بۆ یەکجاریش نەمبینی بە بەزە و بەزەییەوە بمدوێنێ. دەیکوت واو وات لێدەکەم، چاوت دەردێنم، داغت دەکەم و زمانت دەبڕم. منیش نەمدەوێرا لای بابم بڵێم لەل. وەبیرم دێ زڕدایکم شانی کەبابی لێدەنا، بابم لەسەر بەرماڵ بوو و پشتی لە زڕدایکم بوو. منیش لە دەوری زڕدایکم دەهاتم و دەچووم، نازم لەسەر دەکرد، وامدەزانی زڕدایکم دایکی خۆمە. برسیم بوو، بۆنی و بەرامی کەباب ژوورەکەی داگرتبوو، منیش دەورم دەدا بەشکو تۆزێ لەو کەبابەم داتێ. زڕدایکم لەناکاو تاوەی داگرت و بەسەر لاقم داڕشتی و لاقم داپلۆخا و لە زریکەم دا و یەکڕاست بە عەرزێ داکەوتم. بابم کوتی ئەوە چی بووە؟ زوو درۆیەکی لە مستی بابم نا و وەڵامی دایەوە لە دەوری ئاورگە حەقلی مەقۆی دەکرد، هەڵەنگوت و بە لاقی داڕژا… پاش چوار مانگ چاک بوومەوە و شاشانی زڕدایکم هەروا لە بیری ئەوە دابوو چۆنم لەکۆڵ کاتەوە.. جارێک قابڵەمەی بەسەرم دادا و مردم و هاتن بمشۆن و بمنێژن کە لەپڕ وەهۆش هاتمەوە. ئەوە ئەمجارەش قوتار بووم و زڕدایکم نەیتوانی لە بەینم بەرێ. پەلە مەکەن، پاشان پێتان دەڵێم چی بەسەر زڕدایکم دێنم. ئەوە جارێ منداڵم و فام ناکەم، هەروا دەزانم دایکی خۆمە و منی خۆش دەوێ. وادەزانم کە خۆشەویستی بەو شێوەیە. وادەزانم کە دایک دەبێ ئاوا بێ. بەردەوام برسیم دەکات و عازابم دەدا”.
کاپیتان حەمەدی مەولودی (۱۹۷۹ _ ۱۹۰۷) ناسراو بە حەمەدی مەولودە چرچە، لەدایکبووی سابڵاغ کوڕە کوردێکی هەژار کە تا ئەو ڕۆژەی مرد، چەوسانەوە و ژانی ژیان بەرۆکی بەرنەدا و بڕسکی لێبڕی، خۆی مێژووی پڕئازاری کوردە؛ مێژوویەک کە تەواوی بەرەکانی ژینی پێ تەنگ دەکا، بەڵام هیچکات لەهەمبەر زوڵم کۆتا نایە و بێمنەت لە هەرکەس تەواوی ژیانی خۆی بە چارەنووسی نیشتمانەکەیەوە گرێ دەدا و لەو ڕێگایەدا تەمەنی خۆی بۆ تەرخاندەکا. کاتێک کە کتێبی دەنگیی “کوردبوون” م گوێی دایە، تێر لەگەڵ فرمێسکە قەتیس ماوەکانی ئەو منداڵە لێقەوماوە گریام و لەگەڵی چوومە نێۆ کوچە و کۆڵانەکانی مهاباد، و لەگەڵ برسێتییە بێ بڕانەوەکانی برسی بووم و بە خەوتنی سەدان جارەی حەمەد لە سەرمای کەلاوەکان تەزووم پێدا هات. پێم وانییە هیچکەس بێ کتێبی کوردبوون بخوێنیتەوە و لەگەڵ ئازارەکانی ژیانی منداڵی حەمەدی مەولودی نەگری و تا سەری ئێسقان هێشی پێنەگا.
ئەو کتێبە مێژووییە بەنرخە کە دوای چوار دەیە لە مردنی حەمەدی مەولودی بۆ یەکەمجار بە دەستی کاک وریا ماملێ ساغکراوەتەوە و بەڵگەمەند کراوە، دنیایەکە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و هەروەها جیهانێکە لە پەردەلادان لە ئازار و ژانەکانی تاکی کورد و کێشە جوارەوجۆرەکانی کۆمەڵگا و جەهل و نەهامەتی و نەهاتی خەڵک و یەکنەگرتوویی و دژایەتی عەشیرەت و ئاغاکان و دەوڵەمەندە مەسڵەحەتچییەکان لەگەڵ ویست و خواستی هەژار و چەوساوەکان. کاپیتان حەمەدی مەولودی وەک خۆی دەڵێ دڕندەیی ڕژیمی پەهلەوی و نەزانی و جەهلی بەشێک لە خەڵکی ڕووت و ڕەجاڵی کورد کە دەچنە نێو سیاسەتی فێڵ و درۆیینی عوسمانی و مەسڵەحەتچێتی بەشێک لە ئاغاوەت و عەشیرەتی کورد کە دەبنە بەربەست بۆ کۆمار و قازی، دەخاتەڕوو. باسی شۆڕشی سمکۆی شکاک و هاتنی بۆ سابڵاغ دەکا کە چۆن شار لە عەجەم پاک دەبێتەوە و باس لەوە دەکا کە چۆن سەری کۆنسولی ڕووس لە مهاباد دەبڕدرێ و لە کۆڵانەکانی شار وەک تۆپی پێ یاری پێدەکرێ. حەمەد ئەو کوڕە داماو و لێقەوماوەیە کە لەبەر برسێتی و ڕەجاڵی و بێ ئەنوابوونی بەناچار بۆ تێرکردنی زگی، لیباس لە تەنافی ماڵان دەدزێ و دەیانفرۆشی تا بەشکم ژەمێکیدی نان بخوا. شەق و پێلاقە و مستی دەوڵەمەند و ئاغاوەتی لێدەکەوێ و ڕۆژ نییە کە بەناحەق سووکایەتی پێنەکرێ. وەک خۆی دەڵێ باوکی کە خۆی بە پیاوێکی دیندار دەزانێ هاوڕێ لەگەڵ سوپای داگیرکەری عوسمانی دەچێ بۆ غەزا بۆ لەناوبردنی پاشماوەی ئەو ئەرمەنییانەی کە لەدەس سوپای تورکی عوسمانی هەڵاتوون. لەگەڕانەوەدا کچێکی منداڵ و زێڕ و زیوەر بە تاڵان دێنێ و دەیخاتە بەر دەستی ژنەکەی (زڕدایکی حەمەد). ئەو کچە لێقەوماوە کە ناوی “حەبیب” ی لەسەر دادەنێن وەک حەمەد دەکەوێتە ژێر چەپۆک و سوکایەتیپێکردنی شاشان. حەبیب بە حەمەد دەڵێ “کاکە” و هەردوکیان هاوڕێ لەگەڵ ژان و برسێتی و بێخەوی و بێدەرەتانی لەماڵی بابی حەمەددا دەژین.
حەبیبی داماو لەکۆتاییدا بە دەستی شاشان، زڕدایکی حەمەد، دەکوژرێ.
ڕۆژێک حەمەد کە دەبینێ حەبیب برسییەتی، بە دزی دەچێتەوە ماڵ و کە دەبینێ لەنێو تەندووردا چەوەندر دەپیشێ، دەست دەبا چەوەندەرێک بە دزی دەرهێنێ و بیبا لەگەڵ حەبیب بیخوا کە لەناکاو زڕدایکی لە پشتەوە بە چوماخ لە پشتی حەمەد ڕادەکێشێ و دەیەوێ لەتەندوورەکەی خا. حەمەد هەرجۆرێک دەبێ ئاسنی سەر تەندوورەکە هەڵدەگرێ و لە زگی زڕدایکی دادەکا و بە نەخوازراو تۆڵەی خۆی لە زڕدایکی دەستێنی و دیسان لە تەمەنی ۱۱ ساڵیدا بۆ جارێکیدی ئاوارە دەبێ. بوختانی لێدەدەن کە پوڵی فڵان کابرای دزیوە و شەو و ڕۆژێک بە کۆڵەکەی نێوماڵی خاوەنکارەکەی بە برسییەتی و تونییەتی دەیبەستنەوە و لێیدەدەن. هەتا ژنی ماڵەکە دەڵێ چیدی لێیـمەدەن و بیبەن بۆ لای شێخ فڵانی کە کەراماتی هەیە و هەر بیبینێ هەمووشتێکتان بۆ وەدەردەخا. حەمەد ئەو قسەیەی زۆر پێخۆش دەبێ و لەناخیدا پشوویەکی خۆش دەدا کە شێخ هەموو ڕاستێکان ئاشکرا دەکا و لەو داو و زنجیرە قوتار دەبێ. بەڵام شێخ هەر کە چاوی بە حەمەد دەکەوێ پێی دەڵێ “هەتیو بڕۆ ئەو پوڵەت لە کوێی شاردۆتەوە بیاندەوە!”.
منداڵی و مێرمنداڵی حەمەد ئاوا بە ژان تێدەپەڕێ و حەمەد گەورە دەبێ.
کاتێک کە کۆماری کوردستان دادەمەزرێ حەمەد لە لایەن قازی محەممەدەوە دەبێتە شارەوانی شاری سابڵاغی و خۆی دەگێڕێتەوە کە ئێستە بۆتە بەرپرسی شوێنێک کە پێشتر لەوێدا لێیانداوە و نیوەمەرگیان کردووە. جارێک دەبینێ ئەفسەرێکی عەجەم سوکایەتی بە کەسێک دەکا و حەمەدی منداڵ ئەوەی بۆ قبووڵ ناکرێ و یەکەو مست لە خۆڵی دەگەوزێنێ. حەمەد دەگیرێ و چی لێناکەن و چی پێناکەن! کاتێک کە لە زیندان خەڵاسی دێ خەڵک دێنە پێشوازی و بەقوربان و سەدەقەی دەبن و ئازایەتی حەمەد دەبێتە داستانی سەر زاری خەڵکی سابڵاغ. ئێستا لەسەر فەرمانی سەرۆک کۆمار، کۆنتڕۆلی شاری سابڵاغی پێسپێردراوە تا پێش لە هێرش و ئاژاوەگێڕی عەشیرەت بگرێ و لە دوای دامەزراندنی کۆماردا، پێش بە ئاغا… (فڵان کەس) دەگرێ و وەک خۆی دەڵێ “خستمە نێو شایی و هەڵمپەڕاند”!. پێشتر نۆکەرەکانی ئەو ئاغایە زۆر بێ بەزەییانە لە حەمەدیان داوە و تا سەرەمەرگ سوکایەتییان پێکردووە. قازی پێی دەڵێ حەمەد ئێستا کاتی ئەو کارانە نییە! و حەمەد دەڵێ : “ئای شۆڕش چەن خۆشی! ناهێڵی هیچ زوڵمێک بێ تۆڵە بمێنێتەوە”! پاشان لەسەر ئەمری پێشەوا پلەی کاپیتانی پێدەدرێ و دواتر لەسەر داوای خۆی لەگەڵ هاوڕێ و پێشمەرگەکانی دەچێتە جەرگەی شەڕ لەگەڵ ئەرتەشی شاهەنشاهی و دەگێڕێتەوە کە چۆن بە خۆی و دوازدە پێشمەرگەوە پێش بە هێزێکی دوهەزار کەسی لە گوندی “مەکڵاوێ” دەگرێ و داستانی قارەمانێتێکەیان ئێران و عێراق پڕ دەکا. کاپیتان دەگێڕێتەوە کە چۆن چەن سەرهەنگی ئەرتەش بە چەن کامیۆن ئەسلحە و تۆپەوە دەگرێ و بەڵام “باباشێخ” وەزیری کۆمار کە بەڕێکەوت لەوێ دەبێ داوای لێدەکا کە بیانداتەوە و ئازادیان کا، بەڵام گوێی نەداوەتێ و کەل و پەلە سەربازییەکان و ئەسلەحەکان دەنێرێتەوە بۆ سابڵاغ.

کاپیتان لە بیرەوەرییەکانیدا بۆ خوێنەری باس دەکا کە یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی بە دەستی ئەو و چەن هاوڕێی دادەمەزرێ و پاشان دەچێتە پاڵ “ژ – کاف”ەوە. و هەروەها زۆر نهێنی دیکە لە سەردەمی کۆماری مهاباد باس دەکا کە تا ئێستا بە جوانی ڕوون نەببۆوە.
بۆ وێنە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لەگەڵ سەید محەممەدی سەیدی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بە قازانجی قازی محەممەد لەنێوان “غەفوور محەممەدیان” و قازی دا گێڕاوە. هەروەها باس لەوە دەکا کە “ژ – کاف” بۆتە دووبەش؛ بەشی ئاغاوەت و دەوڵەمەندەکان و بەشی هەژار و خۆنەویستۆکان.
پاش شکانی کۆمار و هاتنی ئەرتەشی شاهەنشایی بۆ مهاباد، سەرهەنگ هومایۆنی کون بە کون لە حەمەد دەگڕێ. حەمەد لەگەڵ هاوڕێ و پێشمەرگەکانی پاش بەرەنگاربوونەوەی سەخت لەگەڵ ئەرتەش لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ و پشتیوانیکردنی هێزەکانی مەلا مستەفا بارزانی، ڕوو دەکاتە باشوری کوردستان و دوو ساڵ لەوێ زیندانی دەکرێ و زۆر باسی ئازایی و پیاوەتی کوردەکانی عێراق دەکا کە چەندەیان ئاگا لێی بووە و تەنانەت ناسنامەی ساختەی عێراقییان بۆ دروست کردووە تا ڕژیمی ئێران نەتوانێ بیگەڕێنێتەوە بۆ ئێران و لەسێدارەی دا. کاپیتان حەمەد لە ماوەی ۳۰ ساڵ ژیان لە ئازەربایجانی شۆڕەوی لە ماڵ و منداڵی دوورە و ئاوات دەخوازێ کە ژن و منداڵەکانی تێبگەن کە کوردایەتی زەحمەت و دەربەدەری زۆری هەیە.
چەن مانگ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، کچەکەی (ڕووناک) بلیتی فڕۆکەی بۆ وەردەگرێ کە بگەڕێتەوە تاران. ئەو ڕۆژە دەیان کەس لە هەڤاڵان و خۆشەویستانی حەمەدی مەولودی لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی هاتنەوەی دەکەن. کاتێک فڕۆکەکە دەنیشێ زۆر بە سەرسوڕمانەوە دەبینن کە کاک حەمەدی تێدا نییە. پێوەندی لەگەڵ باکۆ دەگرن.
کاتێک وەدوای پێوشوێنی دەکەون دەبینن کاپیتان بە کۆت و شاڵوار و کڕاواتەوە لە ماڵەکەی خۆی لەسەر مۆبڵ دانیشتووە و چاوی لەسەریەک ناوە. ئەوە کۆتا خەوتن بوو و ئیتر چاوی هەڵنەهێنا و بۆ هەمیشە دوور لە خاکی نیشتمان لە باکۆ بەخاکی دەسپێرن. ڕووناکی کچی تورەکەیەک لە خاکی کوردستان دەبا و لەسەر مەزاریدا دادەنێ.
بۆچی دەبێ ئەو کتێبە بخوێنینەوە؟
سەبارەت بە مێژووی کۆمار و سەردەمی کۆمار زۆر کتێب و بابەت لە لایەن نووسەرانی کورد و ڕۆژهەڵاتناسان و ئێرانی نووسراوە. هەرکام لەو کتێب و نووسراوانە بە جۆرێک باسی دەکەن؛ جا یان وەک کارێکی مێژوویی، یان لەسەر مەسڵەحەتی خۆیان و تاقم و حیزب و لایەن و دەوڵەتانی دەرەوە، و یان لەژێر هێژمۆنی ڕەوایەتی دەسەڵات. لای من کتێبی کوردبوون جیاوازتر لەهەرکام لەو نووسراوانەیە کە تا ئێستا لەسەر ڕووداوەکانی سەردەمی کۆمار نووسراوە. حەمدی مەولودی چەن جار باسی ئەوە دەکا کە سەوادێکی وای نییە کە بتوانێ بە جوانی ڕووداوەکان بنووسێتەوە.
بەڵام لەڕاستیدا بە زمانێکی ساکار و دوور لە فێڵ و کەڵک باسی ژیانی خۆی و چەوساوەیەتی چینی هەژار و داماوی خەڵک و خوڕافاتچێتی و عەشیرەت و ئاغا و دەوڵەمەندی مەسڵەحەتچی دەکا.
حەمەدی مەولودی زۆر بە ڕوونی تەنانەت باسی خاڵە لاوازەکانی خۆشی دەکا و دژ بە زوڵم و ناحەق ڕادەوستێ و وەک خۆی دەڵی بێمنەت لە هەرکەسە و جگە لە نیشتمان، هیچکەس و شتێک بە گەورەی خۆی نازانێ. تەنانەت قازی محەمەد و وەزیرەکانی کۆماریش دەگرێتە بەر ڕەخنە و گازەندە و هەر ئەوکات قازی محەممەد هۆ دەداتەوە کە ئاگاداری ئەو تاقمە فێڵاوییە ببێ.
کاپیتان حەمەد پێیوایە هەر ئەو فێڵباز و مەسڵەحەتچییانە بوون بە هۆکاری ڕووخانی کۆمار.
حەمەدی مەولودی لە هیچکەس ناترسێ و سڵی لێناکا و ڕاستگۆیانە و بە زمانێکی خۆماڵی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەوانە ئەو جیاوازییانەیە کە کتێبی کوردبوون لە نووسراوەکانی دیکەی هەیە.
بۆیە، هەرکەس دەیهەوێ بەجۆرێکی جیاوازتر مێژووی ئەوکاتی کوردستان، ئێران و ناوچەکە بخوێنێتەوە، هەرکەس دەیهەوێ ژان و زامی چینی هەژار و بێدەرەتان بناسێ، هەرکەس دەیهەوێ پەردە لە ڕاستی و ساکاری لادا، هەرکەس دەیهەوێ لە چۆنیەتی قووڕبەسەری و نەزانی و خۆڕافاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردی ئەوکات تێبگا، هەرکەس دەیهەوێ داستانی قارەمانێتی پێشمەرگە خۆنەویستۆکانی کۆمار بخوێنێتەوە و هەرکەس دەیهەوێ بەشێکی گرینگ لە مێژوو و دابونەریتی ئەوسای خەڵکی کورد لە موکریان بزانێ و هەرکەس دەیهەوێ کوردپەروەری کوردەکانی باشور باشتر بناسێ و هەرکەس دەیهەوێ سیاسەتی ڕووسەکان و تورکانی عوسمانی و ڕژیمی پاشایەتی پەهلەوی سەبارەت بە کورد بزانێ، پێویستە کتێبی کوردبوون بخوێنێتەوە.
کوردبوون باس لە تڕاژێدیای کوردبوون دەکا و پێویستە سیاسەتزان و سیاسییەکانی کورد و غەیری کورد و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و مێژووناسان هەرکام بەشێوەی خۆیان ئاوڕ لە بیرەوەرییەکانی حەمەدی مەولودی بدەنەوە و بە چڕوپڕی لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکەن.
لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە سەرەڕای ئەوە کە زۆر لەو ڕووداوانەی کە حەمەدی مەولودی لە بیرەوەرییەکانیدا باسی کردووە لە لایەن وریا ماملێ بەڵگەمەند کراوە و سەندی لە کتێب و نووسراوە جیاوازاکانەوە بۆ هێنراوەتەوە و پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام خوێنەر و لێکۆڵەرانی بواری مێژوو و سیاسەت پێویستە دوور لە هەموو چەشنە داوەرییەک، کتێبی کوردبوون بخەنە بەر باس و گفتوگۆ و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر.

دسته بندی: تصویری, جامعه, فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد