دکتور میکائیل سانیار، دوکتۆڕای زانستی سیاسی* پێشەکیی هزر و ئەندیشه سەرچاوەی گەشەساندن و پێشکەوتنی هەر گەل و وڵاتێکە. ئەدەبیاتی کوردی پڕە لە هزر و ئەندیشه، و بیرمەندانێکی زۆر لە کانیاوی کەلتووری کوردەواریدا هەڵقوڵاون و خۆیانیش بوونەتە کانیاوێک بۆ پاراوکردنی بیرمەندانی دواتر و هەروەها پڕئاوترکردنی ئەو کانیاوە. کاک محەممەد سەعید نەجاڕی ناسراو بە “ئاسۆ” یەکێک لەو […]

  

دکتور میکائیل سانیار، دوکتۆڕای زانستی سیاسی* پێشەکیی هزر و ئەندیشه سەرچاوەی گەشەساندن و پێشکەوتنی هەر گەل و وڵاتێکە. ئەدەبیاتی کوردی پڕە لە هزر و ئەندیشه، و بیرمەندانێکی زۆر لە کانیاوی کەلتووری کوردەواریدا هەڵقوڵاون و خۆیانیش بوونەتە کانیاوێک بۆ پاراوکردنی بیرمەندانی دواتر و هەروەها پڕئاوترکردنی ئەو کانیاوە. کاک محەممەد سەعید نەجاڕی ناسراو بە “ئاسۆ” یەکێک لەو […]

دکتور میکائیل سانیار، دوکتۆڕای زانستی سیاسی*

پێشەکیی
هزر و ئەندیشه سەرچاوەی گەشەساندن و پێشکەوتنی هەر گەل و وڵاتێکە. ئەدەبیاتی کوردی پڕە لە هزر و ئەندیشه، و بیرمەندانێکی زۆر لە کانیاوی کەلتووری کوردەواریدا هەڵقوڵاون و خۆیانیش بوونەتە کانیاوێک بۆ پاراوکردنی بیرمەندانی دواتر و هەروەها پڕئاوترکردنی ئەو کانیاوە. کاک محەممەد سەعید نەجاڕی ناسراو بە “ئاسۆ” یەکێک لەو شاعیرانەیە کە وەک بیرمەندێک دەرکەوتووە.
لەو وتارەدا هەوڵ دەدەین بە پشت بستن بە تێئۆری ئەندیشەی سیاسی توماس ئێسپریگێنز، چەن چەمکێکی هزری (ئەندیشەیی) لە شێعرەکانی ئاسۆ بەخەینە ڕوو.

 

چوارچێوەی تێئۆریکی ئێسپریگێنز (تێئۆری تەنگەژە یان بۆحڕان)
ڕامان و تێفکرین مێژوویان ساز کردووە و جێ دەستی هزرمەندان لە شوێن شوێنی لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا دیارە. لە ڕاستیدا تەواوی شەڕەکان و ئاشتەوایی و هەر شتێک کە بە چاک یان خراپ بەسەر مرۆڤ هاتووە، فکر و بیرۆکەیەکی لە پشتە.
لە سەرەتای دەستپێکی مێژووی مرۆڤەوە، بیرکردنەوە بوونی هەیە. مرۆڤ هەمووکات لە نێو دۆخ و کۆمەڵگا بۆ تێپەڕکردنی ژیانی ڕۆژانە و پێشبردنی ئامانج و پلانەکانی و هەروەها بۆ زاڵ بوون بەسەر دۆخی نەیار و نەخوازراودا، بیری کردۆتەوە. مرۆڤ بیر لە بابەتە جیاوازەکان دەکاتەوە و هەر بۆیەش هزر بە چەند دەستە دابەش دەکرێ؛ وەکوو هزری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دینی، مێژوویی و… . تەواوی بابەت (موضوع) و کێشە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگا بە یەکەوە بەسراونەوە و هەربۆیەش زۆر چەمک کە بۆ وێنە لە نێو هزری سیاسیدا هەن، لە نێو هزری کۆمەڵایەتییشدا دەبینرێن. بەڵام لێکۆڵینەوە سەبارەت بە چۆنیەتی بیرکردنەوە و دانانی پێوانەیەک بۆ جیاکردنەوەی ئەو شتانەی هزر و ئەندیشەن لەگەڵ ئەوانەی کە ئەندیشەیی نین، تەمەنێکی درێژی نییە. لە نێوان سەدەی بیستەم دا بوو کە لێکۆڵەرانی فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسی هەوڵیان دا چوارچێوەیەک بۆ ناسینی چەمکە هزرییەکان (مفاهیم اندیشەای) دانێن. لەو نێوانەدا یەکێک لە تێئۆریسیەنەکان بە نێوی توماس ئێسپریگێنز لە کتێبی “ناسینی تێئۆری سیاسیەکان” پێوەرێکی (الگو) چوار بڕگەیی داڕشتووە. ئەو تێئۆرییە لە عەینی سادەییدا زۆر پڕکار و کارایە بۆ ناسینی هزرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. چوار بڕگەکەی ئێسپریگێنز بریتین لە: دیتنی تەنگەژە و چەڵەمە (بحران) و ئاڵۆزی، دۆزینەوەی ژان و هۆکاری تەنگەژەیی، نۆژەن کردنەوەی خەیاڵی کۆمەڵگای دڵخواز (بازسازی خیالی جامعه مطلوب)، و لە کۆتایی دا دۆزینەوە و دانانی ڕێگا بۆ چارەسەر کردنی کێشە و دەردەکان.
بیرمەندەکان واقع بینن و هزرەکانیان وەڵامێکە بە کێشەکانی دۆخی سیاسی. هەر بۆیەش تێئۆرییەکان تەنیا ڕامانێکی ئاکادمیک نین، بەڵکو لەگەڵ بابەتە کردەوەییەکان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و سیاسەت لە پێوەندی توند و قایم دان. بە کورتی، پێوەرە چوار بڕگەیەکەی ئێسپریگێنز ڕێگایەکی زانستییە بۆ فەهم و ناسینی هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی. بیرمەندی سیاسی بە شێوەیەکی ڕێئالیستی کێشەکان دەبینێ و پاشان لە هۆکار یان هۆکارەکانی کێشە، ئازار و ناسەقامگیرێکی کە ڕووی داوە یان بوونی هەیە دەگەڕێ و دواتر لە خەیاڵ و فکری خۆی دا ئەو پرسیارە دەکا کە ئەگەر دۆخی ئێستا نالەبارە، ئەی دۆخی دڵخواز و لەبار کامەیە و لە کۆتایی دا ڕێگا چارەسەرێک بۆ تەنگەژەکان پێشنیار دەکا و دۆخی دڵخوازی خۆی دەخاتە ڕوو.
بە بۆچونی لێئۆ شتڕاوس، فەلسەفەی سیاسی پێش لە هەموو شتێک لەگەڵ کردەوە (عمل) لە پێوەندیدایە و کردەوەش خۆی لەگەڵ تێگەیشتن (ادراک) پێوەندی هەیە. کەواتە هەرجۆرە کردەوەیەکی سیاسی (عمل سیاسی) یان بۆ پاراستنی دۆخی ئێستایە و یان بۆ تێکدانی ئەو دۆخە و سازکردنی دۆخێکی دیکەیە. بە باوەڕی ئێشتڕاوس، فەلسەفەی سیاسی ئەو کاتە لە دایک دەبێ کە گۆڕینی دۆخی ئێستە (وضع موجود) لەبەر ئەوە بێ کە بتهەوێ بە “خێر” و دۆخێکی باشتر بگەی. کەواتە بیرمەند (اندیشمند) بە دوای خێردا دەگەڕێ و بە دوای بەرژەوندیی خۆیدا نییە، بەڵکو هۆکاری ئەخلاقی لە پشت فکر و ڕامانەکانێتی و بیرکردنەوەکانی بۆ چاک کردنی دۆخی کۆمەڵگایە و وەک وڵات پارێزێکی نیشتمان خۆشەویست دەردەکەوێ. “ئەریک فڕۆم” لەو باوەڕەدایه کە ئەخلاق یانی هەڵسەنگاندن و داوەری کردن بە پێی عەقڵ و جیا کردنەوەی خێر و شەڕ هەر لەسەر ئەو بنەمایه. لە لای ئەریک فڕۆم فەزیلەت بە مانای ئەخلاق و دروستکاربوونە. بە باوەڕی ئەرەستووی یۆنانیش ئامانجی هەر کۆمەڵگایەکی سیاسی، سازکردنی ژیانێکی باشترە، ئەوەش بە مانای بەختەوەرییە. لەو حاڵەش دا، مرۆڤ و کۆمەڵگا زۆڵم و زۆر قەبووڵ ناکەن. بیرمەندانی هەر کۆمەڵگایەک ئەگەر سەربەخۆ بمێننەوە و نەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵات و سیاسەتی قودرەتەوە، دەتوانن باشتر و ڕوونتر تێبفکرن کە چۆن دەکرێ پلانێک بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و هاوسەنگ لەگەڵ پێوانە مرۆڤایەتییەکان و هەروەها هاوخوێن لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەکەیان دابڕێژن. کاتێک کە سیاسەت لە گەڵ قودرەت هاوڕەنگ دەبێ و لە پرسە ئەخلاقییەکان دوور دەکەوێتەوە، ئەو کاتە بە تەواوی هەوڵ بۆ پاراستنی خۆی دەدا و وەک ماکیاوێلی باسی دەکا هەموو ئەمراز و ڕێگەیەک بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵات، شەرعیەت پەیدا دەکا. بیرمەندی ڕاستەقینە کەسێکە کە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەی لە سەرووی هەر بەرژەوەندێکی دیکە دانێ. ئەگەر غەیری ئەوە بێ، قەڵەم و نووسراوەکانی نەک مەرهەم بەڵکو دەبێتە خەنجەرێک لە سەر جەستەی فەرهەنگ و ئەرزش و باوەڕەکانی خەڵک و کۆمەڵگاکەی. بە هۆی ئەوە کە نووسەر کەڵک لە “زمان” وەردەگرێ، و زمانیش پڕە لە مانا و مفهوم و ڕاز، کە واتە زمانی نووسەر گرینگی تایبەتی بۆ کۆمەڵگاکەی هەیە. جۆرج ئۆرۆڵ لە ڕۆمانی ۱۹٨٤ دا، ئەو زمانەی کە دەبێتە خەنجەر لەسەر جەستەی کۆمەڵگا، بە باشی پێناسە دەکا. ئۆرۆڵ دەڵێ کە زمان دەتوانێ ئاشتی بکاتە شەڕ و ئەوەش یانی کوشتنی ئەخلاق و تەواوی بەها ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای ئینسانی (سانیار، ١٤٠١)
ئەو دێڕانەی سەرەوە بۆ ئەوەن کە خوێنەر بتوانێ ئەو دەقانەی کە لە خوارەوە لە سەر نووسراوەکانی “ئاسۆ” باسی دەکەین، لەگەڵ ئەو وتانە و ئەو چوارچێوە تێئۆریکە هەڵسەنگێنێ.

کوردستان، ئەدەبیات و هزر
کوردستان بە گشتی و بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی خاوەن ئەندیشە و هزر و ئەندیشمەندان و بیرمەندانێکی زۆرە و هەر کام لەو بیرمەندانە توانیویانە بەشێک لە مێژووی ئەو گەل و وڵاتە بڕازێننەوە. دیارە کە چەمک و بابەتەکانی کۆمەڵگا جیاوازان و شێوەی بیرکردنەوە لەو چەمک و بابەتانەش جیاوازە. هەربۆیەش زۆر جار لە سەر بابەتێکی دیاریکراو، بیر و ڕای زۆر جیاواز هەیە و ئەوەش تایبەتمەندی مرۆڤ و چۆنیەتی بیرکردنەوەیەتی.
جیهانی ئەدەب شوێنێکی تایبەت و دەڵەمەندە بۆ دەرخستنی بیر و ڕا و ئەندیشە. لەناو ئەدەبیاتدا، شێعر یەکێک لەو شوێنانەیە کە شاعیر بە باشی و بە کەڵک وەرگرتن لە خەیاڵ و سەناعاتی ئەدەبی دەتوانێ هزر و ڕامانی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵگا و خۆشی و ناخۆشیەکانی، هەروەها کێشە و ئازار و ژانەکانی دەربڕێ. شاعیر دەچێتە ناو جەرگەی مژارەکان و بە ئاوێنەی فکری خۆی دا، دەڕوانێتە پرس و مژارەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و کۆمەڵگاکەی. لە کێشەکان دەدوێ و زۆر جار بە هیوای چارەسەرکردنیان، دەرمان پێشنیاز دەکا.
یەکێک لە شاعیرە بەنێوبانگەکانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و موکریان، سەعید نەجاڕی ناسراو بە “ئاسۆ”یە. ئاسۆ لە دایکبووی ساڵی ۱۳۳۵ ی هەتاوی شاری بۆکانە و دەیان ساڵ لە تەمەنی لە ڕێگەی شێعرەوە خزمەتی بە ئەدەبیاتی کوردی کردووە و چەن دیوانی شێعر وەک “تەوژمی خەیاڵ”، “گەزیزە”، “جومعەکان”، “نەورۆز”، “پەیکی شادی”، و “دەسنوێژی شێعر”ی بڵاو کردۆتەوە.
ئامانجی ئەو نووسینە وێڕای ئەوەی کە چەن چەمکێکی هزری لەنێو شێعرەکانی ئاسۆدا بدۆزێتەوە و لەگەڵ تێئۆرییەکەی توماس ئێسپریگێنز هەڵیسەنگێنێ، هاوکات ئاوڕێک بخاتە سەر ئەو شاعیرەی کوردستان؛ و بەشکم ئەم وتارە ببێتە دەسپێکێک بۆ ئەوەی هزر و بیر و باوەڕی نووسەران و شاعیران و گەورە ژن و پیاوانی ئەو وڵاتە زیاتر بخرێنە بەر لێکۆڵینەوەی زانستی و هەروەها بەر باس و لێکدانەوە. بە تایبەت ئەو کەسانەی کە ئێستا دەژین و هێشتا لەدەستمان نەداون؛ کورد گوتەنی: “تا ماوم بزانە قەدرم”.

ئاسۆ، شێعر و هزر
ئاسۆ لە پێشەکیی کتێبی “جومعەکان” دەڵێ: “هەرکەس بۆ ئاو و خاک و نیشتمان و زمانی دایک و عەشق شێعر بڵێ، دڵنیا بێ دەبێتە شاعیری گەل و هەرکەسیش بۆ حیزب و تاقمی بڵێ دەبێتە شاعیری ئەوان” (جومعەکان، لاپەڕەی ۱۰). بە باوەڕی ئاسۆ هەر نووسراوەیەک دەبێتە خشتێک کە لە دیواری مێژووی گەل دادەنرێ و بۆشاییەک پڕ دەکاتەوە و هەموو جۆرە نووسراوەیەکی نوێ و کلاسیک، سوننەتی و مۆدێڕن بە قامکی پەنجەیەک پێناسە دەکا و دەڵێ: “هەر قامکێک لە پەنجەی خۆی هەڵگەڕێتەوە، گۆجی دەکا” (پێشوو، ۱۱).
خوێنەر بە چاولێکردن لەو بیر و ڕایەی ئاسۆ، تێدەگا کە ئاسۆ وەک کەسێکی بیرمەند قسە دەکا و هەروەک لێئۆ شتراوس باسی کردووە، بیرمەند (اندیشمند) بە دوای بەرژەوەندی خۆی نییە و بەڵکوو گەل و نیشتمانەکەی لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەک دادەنێ. ئاسۆ کۆمەڵگا بە باخێکی پڕ لە گوڵ دەزانێ کە هەر گوڵێک بۆنی تایبەت بە خۆی هەیە و لە لای ئەو، شاعیری ڕاستەقینە کەسێکە کە وەک مێش هەنگوێن لە هەر گوڵێک هەڵاڵەیەک هەڵدەگرێ و دەیکا بە شێعر.
ئاڵۆزێک لە پێناسەکردنی “شاعیر و “نووسەر” لەگەڵ “بیرمەند و زانا و ڕەخنەگر” لە نووسراوەکەی ئاسۆ دا دەبینرێ (سەردانی پێشەکی کتێبی جومعەکان بکەن)، لە لای ئاسۆ، شاعیر و نووسەر دەکرێ لە یەک جیا بن، یان وەکوو هەژار و هێمن و جەلال مەلەکشا دەتوانن هەم شاعیر بن و هەمیش نووسەر. وەک ئاسۆ دەڵێ دەستەیەکیش نە شاعیرن و نە نووسەر، بەڵکوو بیرمەندن و زانا. بە ڕای ئاسۆ ئەو دەستەیە کاتێک لە نووسین و هەڵبەستنی شێعر شکستیان خوارد دەبنە ڕەخنەگر. “ئەوانە، شاعیر و نووسەر یان دەبەنە عاسمان و یان لەسەرەوە بەریان دەدەنەوە”.
ئاسۆ بیرمەند و زانا بە نووسەر و شاعیر نازانێ و هەروەک باسم کرد ئاڵۆزییەک لەو پێناسەکردنەی ئاسۆ دا بەدی دەکرێ. پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە زۆربەی بیرمەندان و ڕەخنەگران، نووسەرن و هەروەها زۆربەی شاعیران و نووسەرانیش بیرمەند و زانا و ڕەخنەگرن. بیرمەندان و زانایان ڕەخنە لە هەل و مەرج و بابەتە نالەبارەکان دەگرن و هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لە هەوڵی باشترکردنی هەل و مەرج و دۆخی خەڵک و کۆمەڵگاکەیاندان. بەڵام سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییەی کە لە دستەبەندیکردنی شاعیر و نووسەر و بیرمەند و ڕەخنەگر لە لایەن ئاسۆوە دەبینرێ، دەتوانین بڵێین کە ئاسۆش وەک هەر شاعیر و بیرمەندێکی دیکە ڕەخنە لە بشێوی ژیان و دۆخی کۆمەڵگا دەگرێ و تەنانەت زۆر جار لە نێو شێعرەکانی دا بە دوای چارەسەر بۆ ژان و ئازار و چەڵەمەکان دەگەڕێ. ئەوەش دەبێتە هەمان بڕگەی چوارەم لە پێوەرە چوار بڕگەیەکەی ئێسپریگێنز (دۆزینەوە و دانانی ڕیگەی چارەسەر بۆ تەنگەژە و کارەساتەکان). بۆ وێنە لە شێعری جومعەی ۷ دا دەڵێ:

بەسیەتی شێعر و شیعار و دین درۆیی و دژیەکی
یەک عەمەل تامی هەزار وەعدە بە کاریگەر دەدا…

ئاسۆ لە پێشەکیی “گەزیزە” دا وەڵامی ئەو ڕەخنەگرانە دەداتەوە کە شێعرەکانی ئەویان پێ کۆن و کلاسیکە: “من هیچ کات بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە ئەم شێعرە بە چ قالبێک بڵێم. غەزەل بێ یا مەسنەوی، دووبەیتی بێ یا بە [سەبکی] نوێ، بەڵکو ناوەرۆکی شێعرەکە [لام گرینگە] ” (ئاسۆ، پێشەکیی گەزیزە، لاپەڕەی ۲). ئاسۆ شاعیری ڕاستەقینەی پێ ئەو شاعیرەیە کە هەروەک “مێش هەنگوێن لە هەر گوڵێک هەڵاڵەیەک [دەچنێ]” و دەیکا بە شێعر. ئاسۆ خۆی شێعری نوێ و سپی هەیە و بە زمانی فارسیش شێعری هەڵبەستووە. کەواتە لەوانەیە بەشێک لەو ڕەخنانەی لە شێعرەکانی ئاسۆدا سەبارەت بە کۆن بوون دەگیرێن، ناڕاست بن و هەر وەک خۆی دەڵێ، ناوەڕۆکی شێعر لای گرینگترە لە سەبک و قالبی شێعری. ئەمین گەردیگلانی شاعیر لەو بارەوە، ئاسۆ بە شاعیرێکی نوێخواز دەزانێ کە “دەبێ ئەدەبی کورد شانازی پێوە بکات و بەرەی شاعیرانی دەروەستی ئەم سێ دەیەی دوایی، زۆربەیان لە کانیاوەکەی ئاسۆ پاراو بوون” ( گەردیگلانی، ١٣٩٣: ۱۵).
شێعری کوردی پڕاوپڕە لە چەمکی ئەندێشەیی. چەمکگەلێکی وەک “ئەوین” و “خۆشەویستی”، “خودا”، “ئازادی”، “مڕۆڤ و مرۆڤایەتی”، “یەکسانی خوازی”، “عەداڵەت”، “ژن”، “یەکگرتوویی”، ” سرووشت” و دەیان چەمکی هزری دیکە. لە ڕاستیدا هەر ئەو چەمکە هزریانەن کە بناخەی یەک کۆمەڵگا و کەلتوورەکەی دادەڕێژن و دەبنە هۆکاری سەرکی پێشکەوتنی گەل و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و وڵات و نیشتمان لە بوارە جیاوازەکاندا. کاتێک کە مامۆستا هێمن هاوار دەکا “شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە، بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە”، بە تەواوی مانا مرۆڤایەتی و یەکسانی خوازی لەو دێڕەدا دەبینرێ. ئاسۆش وەک زۆربەی شاعیران و نووووسەرانی کورد و غەیری کورد، هەڵوەستەی لەسەر ئەو چەمک و بابەتانە کردووە و بە دژایەتی لەگەڵ ستەم و زۆر و ماڵ‌وێرانی و کاولکاری کە مافی مرۆڤ و خەڵک پێشێل دەکا ڕاوەستاوە و بۆ سازکردنی ژیانێکی خۆش و گونجاوتر بۆ خەڵک، بیری کردۆتەوە و ڕاماوە و هیوای خواستووە.
لە خوارەوە بەشێک لەو چەمکانەی کە ئاسۆ لە ناو شێعرەکانیدا باسی کردوون دەخەمە بەر چاو. ژیان، ئەوین، ئازادی، نیشتمان و ئاسۆی ڕوون و ڕووناکی بەشێک لەو هزرانەی ئاسۆن.

ئەوین، نیشتمان و خۆشەویستی وڵات؛
ئاسۆ لە پێشەکیی دیوانی “گەزیزە” دا، لە یەکەم ڕستە دوای هێنانی ناوی خودا، بەیتە شێعرێک لە مامۆستا هێمن دێنێتەوە و خوێنەر بە هزر و باوەڕەکانی خۆی ئاشنا دەکا. ئاسۆ دەیەوێ بڵێ هەرچی لەو دیوانە شێعرەدا دەیخوێننەوە ئەوەیە:
” خۆ دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لە ڕێی گەلدا وەکوو شاعیر دەسووتێ شەم نەبێ”…
“هێمن”

“ئەوین” و “نیشتمان” ئاوێتەی شێعری کوردییە و وەک “دکتور عەلی گەلاوێژ” دەڵێ:
“ئەی وەتەن من عاشقی تۆم شیفتە و سەوداسەرم
گەر لە دنیادا بژیم بێ تۆ، لە عەقبی بێ بەرم” و هەر لەسەر ئەوە، ئاسۆش بە ڕوونی ئەو دوو چەمکە (ئەوین و نیشتمان) بە یەکەوە گرێ دەدا و کیژ و لاوی کورد بە هێمای ڕێگای ڕزگاری دەناسێ و ژنێکی شۆڕشگێر بە دڵدار و یاری خۆی دەزانێ:

دسته بندی: فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد