بە دواداچوون وەرگێڕانی :کەریم ڕەحمان
وشە سەرەکییەکانی وتار:
زوحاک/ئازیدهاک،فەرەیدوون/کەیخوسرەو، کاوەی ئاسنگەر، شانامە، فیردەوسی، جەمشید ئاستیاگ، نەورۆز
ئەم وتارە تێدەکۆشێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە
– نەورۆز لە کوێوە هاتووە؟
– کاوە و زوحاک پێوەندییان بە نەورۆزەوە هەیە؟
– ئایا زوحاک هەمان ئاستیاگ، دوایین پاتشای ماد بووە؟
– زوحاک کەسێکی باش و دادگەر بووە یان کەسێکی زاڵم؟
– فەرەیدوون یا کەیخوسرەو کە ئاشووری لە نێو برد کێ بوو؟
– و………..

نێواخنی وتار:
لە چاخی بەر لە مێژوودا لە فەلاتی ئێران ،شاگەلێ لە زنجیرە پاشایانی پێشدادی واتە،کەیومەرس، سیامەک، هووشەنگ ، جەمشید و ….. دەسەڵات دارییان کردووە، کە لەنێو ئەوانیشدا، جەمشید لە هەموان ناوبانگی زیاترە و پێوەندی بە نەورۆزەوە هەیە.
جەمشید، چوارەم پاتشای پێشدادی بووە کە هاتۆتە ماد ڕاغە/ ئاترۆپاتەگان (ئازەربایجان) دێوان و ناپاکانی لە نێو بردووە و یاسا و زاکوونی بۆ خەڵک داناوە و دەستووری دا تەختێکی جەواهیر نیشانی لە شوێنێکی بەرز بۆ دانێن، چۆتە سەر تەختەکە و تانجی لەسەر ناوە. تیشکی هەتاو لە تەخت و تاجەکەی داوە و تیشکەکە بڵاو بۆتەوە. جەمشید کە ناوی “جەم” بووە کاتێ ئەو تیشکە لە تانج و تەختەکەی داوە ناویان ناوە “جەمشید” یانی تیشکی جەم ، وەک “خۆرشید”یانی تیشکی خۆر. ئیتر ئەو ڕۆژەیان ناو ناوە ڕۆژی نوێ/ نۆک ڕۆچ/ ڕۆژ لە نوکی کێو/دوندی ڕۆچ/ نەورۆز.وشەی “ڕۆچ”بە واتای “ڕۆژ”لە مکوریان لە وشەی “بەربەڕۆچکە”دا ماوەتەوە و لە هەورامان و ئیلامیش هەنووکە دەکاری دەکەن.
بەر لە دەسەڵات دارییەتی جەمشید خەڵکی ئاریایی ماڵ و گوندیان نەبووە لە ئەشکەوتان ژیاون. یاسا و زاکوونیان نەبووە .جەمشید شار و ئاوەدانی پێ سازکردوون، تاقمێکی ئاکنجی کردووە . یەکەم سیستمی دەوڵەتی لە نێو گەلە ئاریاییەکانی سەر فەلاتی ئێران چێکردووە (گەلە ئارییەکان برێتین لە هێندوستان، پاکستان، ئەفغانستان، کوردستان بە گشت بەشەکانییەوە،تورکەمەنستان، تاجیکستان و ئێرانی ئێستا) جەمشید ئاگری دیوەتەوە، ئاسنی نەرم کردووە خەڵکی فێرە خۆشۆردن و پاکوخاوێنی کردووە.هەورێشم و جل و بەرگی بە خەڵک ساز کردووە. (اساطیر ایران لە نووسینی بەهار)
جەمشید دوای ئەو کارانە ڕووی کردە پردی “چینوود” دەرکی دۆزەخی داخست لە چاخی فەرمانڕەوایی ئەودا کەس نەمرد.ئەهریمەن و دێوانی خستە بەندەوە دوای سێسەد ساڵ پاتشایەتی ، جەمشید لە خۆ بایی دەبێ و داوای خودایی دەکا و خوداش تاج و تەختی لێ وەردەگێڕێ و زوحاکی بەسەردا زاڵ دەکا. جەمشید هەڵدێ بۆ چین یان بۆ سیستان، ڕاسپێراوانی زوحاک دەیگرن بە هەڕە (مشار) یان بە کارد دوو لەتی دەکەن.(شانامەی فیردەوسی).جەم/جەمشید ، یەمیشیان پی کوتووە.
جەم بە وتەی ڤیردەسی ،خەڵکی بە چوار چینی شاریار و مۆبەد یان موغان (کاری ئایینی) ،ئەڕتەش و سپا بۆ ڕاگرتنی تاج و تەختی خۆی، وەرزێر (وەدەست هێنانی بەرهەم) و کرێکار و نۆکەر و بەردەست ، کە کاریان بۆ سێ توێژەکەی تر دەکرد، دابەشکردووە.
چهارم کە خوانند اهتوخشی
همان دست و رزان با سرکشی
کجا کارشان همگان پیشە بود
روانشان همیشە پر اندیشە بود
فیردەوسی، شانامە
لەوبەری چۆمی ئەروەند/ئەلوەند نزیک خانەقی/خانەقین پاتشایەکی عەڕەبی دادگەر بە نێوی “مەرداس”/ مارداس/ دەژیا. مەرداس کوڕێکی بوو بە نێوی ئازیدهاک/ئەژیدیهاک/زوحاک/یبورائەسپ ، کە ئەویش دادگەر و دڵاڤا بوو.دەوڵەمەند بوون خاوەنی زیندەماڵی فرە بوون ، هەر جارەی هەزار سەر ئاژەڵیان قوربانی دەکرد . دێو/ئەهریمەن، زوحاک لە خشتە دەبا ، زوحاک بابی خۆی دەکوژێ. دەگەڵ دایکی کە خوشکی جەم دەبێ پلانی لێ دەگێڕن و لەسەر ڕێگای گەرماودا چاڵێکی بۆ هەڵدەکەنن. مەرداس، بوومەلێڵ دەچێ بۆ گەرماو لە چاڵ دەکەوێ و دەمرێ. (ئاسارولباقیەی بیروونی).زوحاک دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ. دارا و گڕگڕەکانی وڵاتی جەم لە ترسی جەم هانا دەبەن بۆ زوحاک. لەترسی گورگ پەنا دەبەن بۆ مار. زوحاک دێنن دەیکەنە پاتشای خۆیان.
دایکی زوحاک نێوی “وەدەک” / ئودەک /کچی تەهمورس/یونگهان و خوشکی جەمشیدە و لەیەمەن مێردی بە مەرداس کردبوو.(مێژووی ئەساتیری ئێران ل۲۹)
دایکی زوحاک بە چوار کەسان ئاوس دەبێ و زوحاکی وەزگ دەکەوێ (زەند وەندیداد فەرگەردی ۱۱بەندی ۳)
لە شانامەی فیردەوسیدا زوحاک بە بیژوو و حەرامزادە نێو دەبا:
بە خون پدر گشت همداستان
زدانا شنیدم من این داستان
کە:”فرزند بد، گرشود نرەشیر
بە خون پدر هم نباشد دلیر
مگر در نهانش سخن دیگر است
پژوهندە را، راز با مادر است”
شانامە بەرگی یەکەم ل ٤٦
هێندێ سەرچاوە دەڵێن مەرداس و زوحاک خەڵکی یەمەن بوون . یەمەنیش یان لە حەبەشە یان لە ئێرانەوە فەرمانداری بۆ دیاری دەکرا (حماسەسرایی در ایران، زەبیحوڵڵا سەفا)
جەلالەدین کەزازی لە “نامەی باستان”دا دەڵێ لەوانەیە مەرداس خەڵکی داهەی تورکەمەنستان یان داهەی هێند بووبێ. لە ئەوێستادا وڵات بە پێنج بەش دابەش کراوە کە یەکیان داهە بووە.
ئەهریمەن/شەیتان لە بیچمی پیاوچاکێکدا دێتە خزمەت زوحاک و لە هەلێکدا هەر دوو شانی ماچ دەکا. لە جێ دمی ئەو دوو مار دەڕوێ. ئیتر شەیتان بزر دەبێ. هەرچی حەکیم و چازانان مارەکان دەبڕنەوە هەمیسان هەڵەسوون دەهێنێتەوە. دیسان شەیتان لە شکڵی حەکیمدا دێتە خزمەت زوحاک و پێی دەڵێ بۆ هەدادانی مارەکان هەموو بەیانییەک مێشکی دوو کوڕی گەنجیان وێدە.
زوڵم و تاڵان و زۆرداری لە وڵاتدا بەو پەڕی خۆی دەگا. تەهمورس یا جەم کە دێوەکانیان لە بەند کردبوو بە نەمانی جەم دێوان بەرەڵڵا دەبن .
نهان گشت کردار فرزانگان
پراگندە شد کام دیوانگان
هنر خوار شد، جادوی ارجمند
نهان راستی، آشکارا گزند
شدە بربدی دست دیوان دراز
بە نیکی نبودی سخن جز براز
فیردەوسی، شانامە
جەم دوو خوشک یان دوو کچی دەبێ بە نێوەکانی “شەهرناز” و “ئەرنەواز”، ماستاوچییان، دەیانهێنن و دەیانکەنە خزمەتکار و چێشت لێنەر و هاوسەنیری زوحاک. دوکتور سەفا(حماسەسرایی در ایران) پێی وایە مەبەست لەو دوو خوشکەی جەم ، سپا و گەنجینە و خەزێنەی جەمە کە بە زوحاک دەسپێردرێ.یان مەبەست فەرهەنگ و شارستانییەتی بەرێیە کە بە زوحاک سپێردراوە
دوو پیاوی باش، بە نێوەکانی “ئەرمایل” و “گەرمایل” بە هەر جۆرێک بووە خۆ دەخزێننە چێشتخانەی زوحاکەوە و بە جێی دوو لاو، لاوێکیان دەکوژن و لاوەکەی دی ڕەوانەی شاخ دەکەن. مێشکی گەنجە کوژراوەکە دەگەڵ مێشکی مەڕێ تێکەڵ دەکەن و دەرخواردی مارەکانی دەدەن. لاوە ڕزگاربووەکان، وردەوردە زیاد دەبن. فیردەوسی دەڵێ کوردان لەو لاوە ڕزگاربووانە پێک هاتوون.
چنان بد کە هر شب دو مرد جوان
چە کهتر چە از تخمە پهلوان
خورشگر ببردی بایوان شاە
و زو ساختی راە درمان شاە
بکشتی و مغزش برون آختی
مران اژدها خورش ساختی
از اینگونە هر ماهیان سی جوان
ازیشان همی یافتندی روان
چو گرد آمدندی مرد ازیشان دویست
بر انسان کە نشناختندی کەسیت
کنون کرد /کورد/از آن تخمە دارد نژاد
کە ز آباد دنیاید بدل برش باد
بەو قسەی فیردەوسی دەردەکەوێ کە ئەو شار و وڵاتەی کە ڕووداوەکەی لێ ڕوویداوە خەڵکەکەی کورد بوون. دەنا چۆنە لەشارەکەدا کورد نین بەڵام دەچنە شاخ دەبنە کورد.لاوان دەچنە شاخ خۆیان بۆ بەگژداچوونەوە ئامادە دەکەن.ئابتین(بابی فەرەیدوون) و فەڕانەکیش(دایکی فەرەیدوون) هەر دەگەڵ ئەو لاوانە لە شاخ بوون.
شەوێک، زوحاک لەگەڵ ئەرنەواز لە بێڵای شاهانەدا تێخزابوو، خەون دەبینێ. لە خەونیدا، سێ پیاو بە گورزی گاوسەر دێنە ویزەی.پاشان کەژوو/قەیاسەی، لە ئەستۆ دەخەن و بەرەو چیای دەماوەند ڕایدەکێشن.زوحاک لە خەو ڕادەچەنێ و مۆبەدان گاس دەکا، هەتا خەونەکەی بۆ وەپەرژێنن.
ئەوانیش دەڵێن مانای خەونت ئەوەیە بە دەستی کەسێک بە نێوی “فەرەیدوون” کە لە دایک نەبووە و تۆ بابی ویت کوشتووە، لە نێو دەچی. زوحاک بەو قسەیە لە خۆ دەچێ.ئەو مۆبەدەی کە ئەو خەونە دەپەرژێنێ لە ترسان ڕوو لە شاخ دەکا.هاوکات لەگەڵ خەونەکەی زوحاک، بابی فەرەیدوون ، ئابتین بە دەست پیاوانی زوحاک دەکوژرێ و فەرەیدوونیش لە دایک دەبێ.
لە مێرگێکی زەنوێریشدا مانگایەک بە نێوی “بەرمایە” دەزێ گوێلکێک دەبینێ، هەر تاڵە موویەکی لە ڕەنگێکە. دەڵێی پەڕی تاوسە.خاوەنی ئەو مانگا و مێرگە، کوردێک دەبێ بە ناوی “مەرزبان” فەرانەک کۆرپەکەی دەبا و بە خودان مانگای دەسپێرێ و کابراش فەرەیدوون بە شیری ئەومانگایە بەخێو دەکا..پیاوانی زوحاک کە بە جێگا و ڕێگای فەرەیدوون دەزانن لەشکر دەنێرێ . تەماشا دەکەن فەرانەک و فەرەیدوون لەوێ نین .بە عادەتی هەموو دیکتاتۆرانی ناوچە، مێرگ و مانگا و خاوەن مانگا و هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە جڕوجانەوەر و کێڵگەوە لە نێو دەبەن.فەڕانەک و کۆرپەکەی بەرناکەون.فیردەوسی لەوبارەوە دەڵێ:
بیا مڕ از آن چون پیل مست
مران گاوبرمایە را کرد سست
جز آن هرچە دید اندزو چارپای
بیفگند و زنیشان بپرداخت جای
سبک سوی خان فریدون شناخت
فراوان پژوهید و کس را نیافت
بە ایوان او آتش اندر فکند
بپای اند آورد کاخ بلند
دوای سێ ساڵان، فەرانەک کۆرپەکەی دەبا بۆ هێند و لەوێ بە ڕەبەنێکی دەسپێرێ. ڕەبەنە فەرەیدوون پەروەردە دەکا.
فەرەیدوون لەدایکی پرسیار دەکا و دەڵێ بابی من کێیە؟فەڕانەک لە نووکەوە سەربهووردەی بنەماڵەی خۆیانی بۆ دەگێڕێتەوە .فەرەیدوون دەگاتە شازدە ساڵی و دەڵێ دەچم زوحاک دەکوژم و تۆڵەی باوکم دەکەمەوە. فەرانەک پێی دەڵێ زوحاک لەشکر و سپای هەیە و تۆ بە تەنیا دەرەوەستی نایەی.زوحاک بە ئیشارەیەک هەزار پیاوی جەنگیت بە گژدا دەکا و لە نێوت دەبەن.زوحاک خەڵکی ئەفسوون کردووە.خەزێنە و لەشکری جەمشیدی داگیر کردووە. مێشکی لە سەر،لاوان دەرهاویشتووە، مێشکی شۆردوونەتەوە.ڕەگی هزر و بیرکردنەوەیانی ئیشک کردووە.مرۆڤە خاوەن بیر و جوامێرەکانی کوشتووە ئەوەی ماویشە وەک گۆڕستان، سارد و بێدەنگن،دەڵێی تۆزی مردوویان، بەسەر پژاندوون.
ئاسنگەرێک دەبێ کاوەی نێو دەبێ دوو کوڕی یان لە بڕێ سەرچاوەدا هەژدەکوڕی کوژرابوون و مێشکیان دەرخواردی مارەکانی سەرشانی زوحاک درابوون. هەر کوڕێکی مابوو. پیاوانی زوحاک ئەو کوڕەشی دەگرن و دەیهێننە بارەگای زوحاک بۆ ئەوەی لە سەری دەن.
کاوە ئاوری ڕۆڵەی هەڵیدەگرێ. کوتکی ئاسنگەریەکەی دەخاتە سەرشان و بەرۆک و غەرقەی ئاسنگەری لەبەردەکا و نەترسانە و بە گوڕەگوڕ بەەو کۆشکی زوحاک وەڕێ دەکەوێ. خەڵکی فەقیر و ڕۆڵەکوژراو کە بوێری کاوە دەبینن سیوایان دەکرێتەوە وەگەرد کاوە دەکەون. زوحاک کە کاوە و خەڵک دەبینێ ترسی لێ دەنیشێ و دەگەڵ کاوە وتووێژ دەکا . کاوە دەڵێ هەر ئەو کوڕەم بۆ ماوەتەوە. زوحاک لەترسان یان بەزەیی پێدا دێتەوە کوڕەکەی ئازاد دەکا.هەر لەو کاتەدا فەرەیدوون و لاوانی ڕزگاربوو لە تیغی سەربڕین، دەگەنێ و لەگەڵ فەرەیدوون دەکەون. زوحاک لە پشتی کۆشکەوە هێرش دەکاتە سەر فەرەیدوون ، بەڵام فەرەیدوون وەدەست دێ و زوحاک دەگرێ و دەینێرێ بۆ دەماوەند و لەوێ دەبەندی دەکا. بەرۆکە چەرمینەی ئاسنگەریەکەی کاوەش دەکەنە ئاڵای وڵات. ئەو ئاڵایە هەرمابوو هەتا هاتنی عەڕەبی موسڵمان.
کاوە کە شۆڕشی هەڵگیرساندبوو نەبووە پاتشای وڵات چونکێ خوێنی پاک نەبوو، شازادە نەبوو لە توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا بوو. فەرەیدوون دەبێتە پاتشا چونکێ ئەویش لە ڕەگەزی جەمشیدە و خوێنی شاهانی دەڕەگ دایە ، ئەو سەرکەوتنەی کاوە و فەرەیدوون، دەبێتە جێژن و دەبێتە نەورۆز.
بەڵام.
ئەو داستانە فیردەوسی بە وردەکارییەوە دەیگێڕێتەوە کەچی باسی نەورۆز ناکات. لە ئەوێستاشدا چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و ناوێ لە نەورۆز نابات. کەوابوو داستانی زوحاک و فەرەیدوون، پێوەندی بە نەورۆزەوە نییە.
داستان یان ئوستوورەی جەمشید و کاوە و فەرەیدوون چەندە ڕاستە ؟ فیردەوسی بۆ خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ :
تو این را دروغ و فسانە مدان
بە یک سان روشن زمان مدان
از او هرچە اندر خود با خرد
دگر بر رە رمز معنی برد
واتە:گشت داستانە ئوستوورەییەکانی شانامە دوو دەستەن. دەستەیەکیان ئاوەزمەندانەیە و بە پێی “علت” و”معلول” و مەنتیقن. فیردەوسی پێمان دەڵێ هەرکاتێ مرۆڤەکان، بە پێی ئەقڵ و ئاوەز و زانست نەجووڵێن و هەڵس و کەوت نەکەن، شێمانەی ئەوە دەکرێ زوحاک و زوحاکیان سەر لە نوێ بژێنەوە و مێشک وڕۆڵە و ئاوەز و داهاتوویان بخۆن. دەستەکەی دیکەشیان خودان ڕەمز و نیشانە و سیمبولن، کە دەبێ ڕەمزەکەی بکرێتەوە. هەر ئەو هێما وڕەمزانەیە ئوستوورەی کردۆتە دایک و بناوانی مێژوو.
زوحاک لە سەرچاوەکاندا:
زوحاک لەبەندی ۲۹ی ئابان یشتدا هاتووە:ئەژیدیهاکی سێ لمبۆزە لە بابیل سەد ئەسپ و هەزار گا و دەهەزار مەڕی بۆ ناهید قوربانی کرد.لە ناهیدی ویست کە حەوت وڵاتی لە مرۆڤان بۆ چۆڵ کات بەڵام داواکەی وەرنەگیرا.لە بەندی ۱۹شدا دەڵێ:ئەژیدیهاک لە کرێند داوای لە ئیزەد کرد حەوت وڵاتی بۆ چۆڵ کا. کرێند، گوندێکی کوێستانی و ڕێگا ئەستەم بووە لە نێوان بابیل و ئێراندا.لە بەندی ۳٦دا کرێند لە کێوێکە بە بێوی “ئەسپرۆچە” کە لە شانامەدا بۆتە “ئەسپرۆز” و یۆنانییەکانیش کردوویانە بە زاگرۆس.(کرێند شارۆچکەیەکە لە پارێزگای کرماشان و سەرتۆپ دانیشتوانەکەی یارسانن و ئێستاش ڕێگاکەی ناهەموار و پڕ لە هەوراز و نشێوە)
زوحاک/ئەژیدیهاک واتە پیاوی هەژدیها ، پیاوی مار. ئەبووریحانی بیروونی دەڵێ:زوحاک کوڕی عیلوان، لەبەرەبابی عەمالقە بوو. بیورئەسپ کوڕی ئەورەند ئەسپ. خەڵکی یەمەن بووە.
ئەوێستا: پەڕاوی ئەوێستا کە دنیا ڕەش و سپی دەبینێ و خەڵک یا دێون یا ئەمشاسپەند و فریشتە و پاتشان.زوحاک و ئەفراسیاو بە شا ناونابات بەڵکوو بە دێو نێویان دێنێ.ئەژیدیهاک کەسێکە سێ سەر و شەش چاو و سێ لمبۆزی هەیە و خەڵکی وڵاتی باوەری واتە بابل بووە.
(بەندی۲۹ی ئابان یەشت)
زەڕینکووب :زوحاک و ئەفراسیاو ئێرانی بوونە چونکێ ئێرانیگەل خۆشیان لە عەڕەبان نایە ئەوانیان بردۆتەوە بۆ ڕەگەزی عەڕەب.(دوقرن سکوت)
تەبەری لە مێژوەکەیدا دەنووسێ:لە زمانی هیشام کەلبییەوە دەگێڕێتەوە کە جەم خوشکێکی بووە شوو بە وەجاخزادەیەکی یەمەنی دەکا و زوحاکی لێ دەکەوێتەوە. بیستوومە زوحاک هەمان نمروودە.
مەسعوودی لە مەروەجەزەهەبدا :زوحاک/بیورئەسپ کوڕی ئەروائەسپ، کوڕی ڕیدوان، کوڕی تالح کوڕی فەڕوال، کوڕی سیامەک، کوڕ بڕێس، کوڕ کەیومەرسە.
بەلعەمی: زوحاک لە ڕەگەزی حامی کوڕی نووح بووە.
نوڵدەکەی ئاڵمانی: بۆیە ئەژیدیهاک بە شێوەی عەڕەبی واتە زوحاکی لێهاتووە چونکێ لە دەقگەلی پاڵەیی ڕا کراوەتە عەڕەبی و پاشان کراوەتە فارسی .
جەهانگیری ئوشیدەری لە پەڕاوی “دانشنامەی مزدیسنا” دەنووسێ:
ئێرانیگەلی کەڤنارا بە عەڕەبی بابیلیان دەکوت تازی. لەشوێن ئەوەدا تازی بوو بۆ نێو بۆ گشت عەڕەبان.فیردەوسی زوحاک بە تازی ناو دەبا و مەبەستیشی یەکێ لە زۆردارانی بابل بووە.ڕەنگبێ یەکێ لە پاتشایانی بابیل یا ئاشوور بووبێ.چونکێ نزیک بە هەشت سەد ساڵ ئێران، بە تایبەت مادستان، جێی هێرش و پەلاماری ئاشوور بووە.فیردەوسی زوحاک بە جێی ئاشوور، بە تازی نێو دەبا.
موحسین فەرزانە:زوحاک دەبێ گڕکانی دوو شاخە و دووفلیقانە بووبێت و بەندکردنیشی لە دەماوەند، مەبەست وەمراندنی گڕکانە لە دەماوەند
(سیری در شاهنامە – موحسین فەرزانە)
لە کتێبی ئەساتیری و فەرهەنگی ئێران لە لاپەڕە٥۱٥ دا لەمەڕ سفەتی زوحاکەوە هاتووە:
سێحرباز، ماڕز، ناڕاست، دەست پیس بێ ئایین، بوت پەرست، داوێن پیس، مەی خۆرەوە، ئێرەیی بەر، داگیر کار، یەکەم کەس بووە سەر و دیتر ئەندامی مرۆڤی بڕیوە و لە داردان و قامچی وەشاندنی داهێناوە
بۆچوونی شاعیر و وەرگێڕی بە توانای ئێران، ئەحمەدی شاملوو لەمەڕ داستانی “کاوە و زوحاک و فەرەیدوون”ەوە
ئەحمەدی شاملوو لە هاوینی۱۳٦۹ی هەتاوی، لە زانستگای بیرکلی کالیفوڕنیادا لە بارەی مێژوو و مێژوونووسی و وێژەی کەونارای ئێراندا، لە قسەدانێکدا ڕای خۆی دەربڕی کە کورت کراوەی قسەکانی لە گۆواری “ئادینە”ی ژمارە٤۷ی ساڵی ۱۳٦۹ دا هاتووە:
۱ – یەکێ لە ڕێکار و تیکنیکە هاوبەشەکانی زۆروێژان، بە لاڕێدا بردنی مێژووە. ئاکامی ئەو کارەی ئەوان، کە بە ناوی مێژووەوە بە ئێمە گەیشتووە هێندێ درۆ و دەلەسە و هەڵبەستراوە کە ماستاوچییانی دەرباری لە چاخگەلی جیاجیادا، هەڵیانبەستووە و ڕاستییەکانیان بە لاڕێدا بردووە و ڕەشیان سپی و سپییان ڕەش، نیشان داوە.یەکێ لەو هەڵبەستراوانە، ڕووداوی فەرەیدوون و کاوەیە.
۲ – زوحاک، کەسێکی شۆڕشگێڕ و خەڵکیی و خەڵک خۆشەویست بووە. دژی سیستمی تەبەقاتی نەگۆڕی جەمشید ڕاساوە.مەودای تەبەقاتی لە نێو بردووە. کاوە، کەسێکی لات و بەڕەڵڵا و خایین و دژی هەژار و بەشمەینەتی کۆمەڵگا بووە. دەگەڵ خوێڕی و سەرسەری وەک خۆی و بە دنەدان و دەستکیسی دارا و فیودالەکان، بە دژی زوحاکی دادگەر،هەستاوە ودەسەڵاتی زوحاکیان لە نێو بردووە.
۳ – ئوستوورەی زوحاک، داستانێکە توێژی خۆش نشینی دەوڵەمەند، دایانڕشتووە. بابڵێین فیردەوسی یان خوداینامەک یا… لە دژی هەژاران و بە سوودی دەسەڵاتداران هۆنیویانەتەوە. جەنابی فیردەوسی، تەنیا دەسەڵاتی ڕەها و هەوسارپچڕاوی نیزامی سیاسی شاهەنشاهی ناسیوە و هەر ئەوانیشی دیوە و هەر پەسنی ئەوانیشی کردووە.
٤ – کتێبی شانامە وەک “حەماسەی نەتەوەیی ئێران” ناوی دەبەن، لە حاڵێکدا لە میللەتی ئێران هەواڵێ نییە و لە سەر و بنی شانامەدا، چەمکی نیشتمان و نەتەوە لە وشەی “شا”دا زەق کراوەتەوە.
٥ -فیردەوسی بۆ خۆی مالیک و فیودالی گەورە بووە و شانامەی لەپەسنی دارا و دەست ڕۆیشتووەکاندا هۆنیوەتەوە و خەڵکی سادە و بەلەنگازانی نەدیوە.
عەلی حوسوولی لە پەڕاوی “سرگذشت قهرمانان شاهنامە”دا، فەرەیدوون بە فیودال و زوحاکیش بە شایەکی باش و دادگەر ناو دەبا.کاتێ زوحاک دەگیرێ خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش، بە تایبەت عەڕەبان لە هەموو لایەکەوە شۆڕش وەڕێ دەخەن. فەرەیدوون لە ڕێی ژنخوازییەوە عەڕەبان بێدەنگ دەکا. بۆیە فەرەیدوون زوحاکی نەکوشت و بەندی کرد. دەترسا . ترسی ئەوەی بوو فەقیر و هەژاری لایەنگری زوحاک هەستن و تەخت و تانجی فەرەیدوون ژێر و ژوور کەن.
بۆچوونی مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی لەسەر چوارشەممەسووری و نەورۆز و سێزدەبەدەر کە لە ڕۆژنامەی “هاوکاری” ژماارە۱٥۹ ڕێکەوتی ۲۱/۳/۱۹۷۳ بڵاو بۆتەوە:
جەمشید و پاتشایانی پێشدادی هەمان پاتشایانی مادن. ماد و پێشدادی یەکن.ماد درێژەی پێشدادی و کوردیش درێژەی مادن.جەمشید، یەکەم دەوڵەتی لە ئێران و گەلی ئاریاییدا چێکردووە و کاتێ لەسەر تەخت دانیشتووە و تانجی لەسەر ناوە و تیشکی خۆر لە تاج و تەختەکەی داوە نەورۆز بووە.ڕۆژی نوێ بووە بۆ گەلانی ئاری.نەورۆز، جێژنێکی کوردییە.جێژنی نەورۆز سێ جێژنە. جێژنی دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن جەمشید،لە نێوبردنی زوحاکی ئاشووری بە دەست فەرەیدوونی مادی (هەڵبەت ڕێکەوتەکە وابووە کە لە نەورۆزدا بێ دەنا نزیکەی هەزار ساڵیان مەودا بووە) و نوێ بوونەوەی ساڵ کە هەر سێکیان لە سەری ساڵدا ڕوویان داوە.بە گوتەی فیردەوسی ئەو لاوانەی لە دەست زوحاک ڕزگاریان دەبوو، دەچوونە شاخ، هەتا لەوێ خۆیان بۆ خەبات ئامادە کەن.بەرەبەرە ئەو لاوانە زۆر بوون. چوارشەممەی پێش نەورۆز کە بە قڕەچوارشەممە/قوڵەچوارشەممە/چوار شەممەسووری بەناوبانگە.لاوان هەتەرێ مەتەرێیان دەکرد. لە کولاوکە و دەلاقەوە گوریسیان شۆڕ دەکردەوە و خەڵکیان بۆ شۆڕش ڕێک دەخست. هەتەرێ و مەتەرێ و بانەوبان گەڕان و ماڵەوماڵ کردن بۆ ئاگادار کردنەوەی خەڵک بووە. لە ئێوارێی شەوی پێش نەورۆزدا لەسەرلووتکە بەرزەکان ئاگریان دەکردەوە.و یەکتریان ئامادە بۆ شۆڕش دژی زوحاک کردووە. ڕووخاندنی ئەژدەهاک پێویستی بە پەلاماردان هەبووە.پەلاماردانیش سەعاتی سفری گەرەکە.ئاگرکردنەوە لەسەر لوتکەی بەرزی چیاکان هەتا ئەم دواییانەش لە گوند و شاری کوردستان، بۆئاگادار کردنی یەکتری لە دیتنی مانگ و ڕەمەزان و جەژنکردن ،کەڵکی لێ وەرگیراوە.بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی کاوە دەبێ لە شەوی هەتەرێ مەتەرێدا دەستی پێ کردبێ و لە ناو بردنی ئەژدەهاک وهاتنە سەرتەختی فەرەیدوون هەتا سێزدەبەدەری کێشابێ.
کورتەی داستانی لە دایک بوونی کوورشی دایک مادی هیخامەنشی بە پێی گێڕانەوەی هێرۆدۆت کە زۆر لە داستانی زوحاک و فەرەیدوون دەچێ:
ئاستیاگ، دوایین پاتشای ماد کچێکی بوو ماندانەی نێو بوو.ئاستیاگ خەون دەبینێ ماندانە وەک نەڕنایش میز دەکا. هێندە میزەکە زۆرە، ناوچە دادەگرێ.خەون پەرژێنان دەڵێن مانای خەونەکەت ئەوەیە ماندانە کوڕێکی دەبێ هەم دەسەڵات لە خۆت دەستێنێ وهەمیش دنیا دەگرێ. ئاستیاگ ، ماندانە دەداتە کەسێکی فارس بە نێوی کەمبووجییە کە پێی وایە کەسی فارس ڕێی ناکەو و ناتوانێ تاج و تەختی لێ داگیر کات.ئاستیاگ دیسان خەون دەبینێ و لە خەونیدا، لقێ مێو لە سەرسینگی ماندانە ڕوواوە و پەلی بۆ گشت ناوچەی ئاسیا هاویشتووە.خەون پەرژێنان دەڵێن کچەکەت دووگیانە و کۆرپەکەی دنیا دەگرێ. ماندانە منداڵەکەی دەبێ .ئاستیاگ، وەزیرێکی دەبێ هارپاکی نێو دەبێ منداڵەکەی ڕادەست دەکا و دەڵێ بچۆ بیکوژە. هارپاک بیر دەکاتەوە کە شا منداڵی نێرینەی نییە. واچاکە ئەم منداڵە نەکوژێ و سبەی ڕۆژێ کە شا مرد ئەو جێگرەوەی بێ.منداڵەکە بە شوانێ دەسپێرێ.شوانەکە نێوی مێترداد/مێهرداد دەبێ. منداڵەکە دەباتەوە .بە هەڵکەوت شوانەژن منداڵی بووە بەڵام منداڵەکەی لەبار چووە.منداڵی ماندانە لە بێشکە دەنێ و جەنازەی منداڵی خۆی فڕێ دەدا. نێوی ژنی شوانەکە ئیسپاکۆ دەبێ و ئیسپاکۆ بە زمانی مادی ئەو دەم، یانی دێڵەسەگ، بۆیە دەڵێن کوورش فڕێ دراوە دەڵە گورگ یان دێڵەسەگ هەڵی گرتۆتەوە و شیری پێداوە.منداڵە گەورە دەبێ و دەگەڵ ئاواڵانی کایە دەکا و هەموو جارێ لەکایەکردندا ڕۆڵی شا دەبینێ. ئاستیاگ بەوە دەزانێ کە هارپاک زارۆی ماندانەی نەکوشتووە. شەوێ کوڕە سێزدەساڵەکەی هارپاک دەکوژێ و بۆ شێو لێی دەنێ و هارپاک بانگ دەکا و لە گۆشتی کوڕی خۆی دەرخوارد دەدا و دەڵێ ئەوە تەمێیانەی کارەکەت بێ.هارپاک بێدەنگ دەبێ و لە دڵی خۆیدا بیر لە تۆڵە دەکاتەوە. توێژی موغان لە وڵاتی ماددا هەمەکارە و مەلا و دەست ڕوێشتوو و دمڕاستی وڵات دەبن. دەڵێن ئەو کوڕە بنێرەوە بۆ فارس بۆ کن دایک و بابی.کوڕ، گەورە دەبێ و بە شۆفاری و خەیانەتی هارپاک و موغان وڵاتی ماد دەگرێ و ئاستیاگیش ناکوژێ و دەینرێ لە شوێنێ بە نێوی بارکانیان/پەرکانیان/ وڵاتی پەریان و دوور دەخرێتەوە .گوایە ئەو شوێنە ناوچەی کوێستانی تاڵەقانی ئەوڕۆیە.ئەو چیرۆکە کە زۆر لە چیرۆکی فەرەیدوون و زوحاک دەچێ و وشەی “ئاستیاگ”یش لە وشەی “ئەژیدیهاک” دەچێ. هێڕۆدۆت و زەڕینکووب و هاشمی ڕەزی و… پێیان وایە کە زوحاک هەمان ئاستیاکە. ئوستاد زەبیحوڵڵا سەفا ئەو بۆچوونەی هێرۆدۆت و … ڕەد دەکاتەوە و دەنووسێ:” آمیختن شاهان اوستایی کیان با پادشاهان مادی و هخامنشی خطای بین و آشکار است.” (حماسەسرایی در ایران ص ٤۸٤)
ڕەدی هێندێ سەرچاوە کە زوحاک بە ئاستیاگ دواهەمین پاتشای ماد دەزانن و فەرەیدوونیش بە کوورشی دایک مادی هیخامەنشی و شاهانی پێشدادیش بە ئەفسانە دەزانن.
۱ – بە پێی گێڕانەوەی ئەبووحەنیفەی دینەوەری، زوحاک برازای شەداد کوڕی عەملیق، کوڕی عاد کوڕی ئیرەم، کوڕی سام، کوڕی نووحە و پاتشای یەمەنە و مامی بۆ فەرمانڕەوایی بابلی ناردووە.کە دەبێە سەردەمی پێش مێژوو،واتە چاخی پێشدادیان.
۲ – گەلێ ناوی عەڕەب لە چاخی پێغەمبەر و ئەسحابیشدا نێویان زوحاک بووە وەکوو زوحاکی ئیبنی ئومەییە و قەیس و …. کە ئەو ناوانە عەڕەب یا بابل یا ئاشوور بوونی زوحاک دەردەخا.
۳ – فیردەوسی لە شانامەدا بە وردەکارییەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئیتر حەوجێی بە شی کردنەوە نییە.
٤ – لە گاتاکاندا باسی پاتشایانی پێشدادی وەکوو جەمشید و فەرەیدوون و ئەژیدیهاک و… دەکات و ناوێ لە کورش و ئاستیاگ ناهێنێ. چون گاتاکان پێش کورش و ئاستیاگ بووە.
٥ – گرشاسبی پاتشای کیانی کە ئایینی زەڕتوشتی وەرگرت و کچەکەی خۆی دایە زەڕتوشت، هێندێ نووسەر ئەو دەگەڵ باپیری داریوش تێکەڵ دەکەن. (تحقیقات در باب ٱئین زرتشتی ایران قدیم – ئاڕنوڵد کریستێن)
٦ – دوکتور زەبیحوڵڵا سەفا: مێژوونووسانی نوێ کە مێژووی ئێرانی پێش ئیسلام دەنووسنەوە، لە پاتشایانی مادەوە دەست پێ دەکەن. ئەوەی لە شانامەدا دەربارەی پێشدادی و کیانی ئەبینرێت بە خۆڕافاتی لەقەڵەم ئەدەن.لە حاڵێکدا گەلێ پیاوانی داستان و ئەفسانەکان لەسەر بناغەی بوونی مێژوویی و ڕاستی دامەزراون.
۷ – لە یەشتەکانیشدا، ناوی شاهانی پێشدادی هاتووە.لە ڕیگ ڤیدا باسی جەمشید و تەهمورس (یونگهان) و فەرەیدوون هاتووە.
۸ – حەسەنی پیرنیا لە پەڕاوی (تاریخ مختصر ایران تا انقراض ساسانی):
ئاستیاگ دواهەمین پاتشای ماد، کاتی خۆی وەک ئێستای ئێمە، داستانی کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی بستووە.
۹ – دوکتور سەفا: زەڕتوشت کەباسی زوحاک و جەمشید و…. دەکا دەبێ لە دەور و بەری سەدەی دەی پێش زایین بووبێ. لە حاڵێکدا بە پێی مێژووی ماد لە نووسینی دیاکونوف، ئاستیاگ لە ساڵانی ٥٤۱ – ٥۸٤ ی پێش زایین ژیاوە.
۱۰ – ئەبووحەنیفەی دینەوەری سەد و سی ساڵ بەر لە فیردەوسی ، چیرۆکی کاوە و زوحاک و فەرەیدوون لە پەڕاوی (اخبار الطوال) دەگێڕێتەوە.کە وابوو داستانەکانی فیردەوسی تا ڕادەیەک ڕاستن.
حەڵاڵ یا حەرام بوونی نەورۆز/ئایا نەورۆز جێژنێکی عەجەمە و ئی کورد نییە؟
۱ – بیروڕانی سوننی : لە نێو مەلایانی کوردی سوننەدا ،ئیمام غەززالی جێگە و پێگەی وەک ئیمام شافعی و حەنەفی هەیە و بۆ زۆر پرسی شەرعی لە کتێبەکانی غەزالی کەڵک وەردەگرن.غەزالی لە کتێبی تەفاهەتول فەلسەفەدا پشتی فەلسەفە دەشکێنێ و لە کیمیای سەعادەتیشدا هەموو جێژن و بۆنە و داب و نەریتی عەجەم واتا ئێرانی رەد دەکاتەوە و بە حەرام و مونکری لە قەڵەم دەدا.لەمەڕ جێژنی نەورۆز و سەدەوە ئێژێ :”نوروز وسدە باید کە مندرس شود و کسی نام آن نبرد”(کیمیای سعادت،ل٤۷۹ ) ئەو قسەیەی غەزالی لە کاتێکدایە کە فیردەوسی هاوشاری خۆی بە هەشتا ساڵێ بەر لە غەزالی شانامەی نووسیوە و مێژووی پێش ئیسلامی گەلانی فەلاتی ئێران دەگێڕێتەوە.ئەو قسەیەی غەزالی دەبێتە هۆی دژایەتی مەلایانی کتێبی پەڕەزەرد خوێنەوەی کوردستان و دژایەتی لە تەک جێژنەکانی نەورۆز بکەن.غەزلی لە کتێبی فضائح الباطنیە دا دەفەرمێ :”طایفەای کە بە ذات و بطور جبلی عقلشان ضعیف و بصیرتشان کم و رایشان در کارهای دین سخیف است. زیرا در ذات خویش نادان زادە شدەاند مانند سیاهان و اعراب بیابانی و کردها/کوردها و عجم های نادان و جوانان سفیە و شاید صنف اخیر از نظر تعداد بیشترین گروە را تشکیل دهند” (غزالی و اسماعیلیان ، محمد جعفر محجوب) ئیمام محەممەدی غەزالی لە حاڵێکدا دەڵێ نەورۆز دەبێ (مندرس) ببێ خۆی لە زێدی خۆی واتە شاری تووس دادەنیشێ و بەبەر چاوی ئەوەوە هاوشارییەکانی ڕێوڕەسمی سەری ساڵ جێژن دەگرن.
نەورۆز بە گوتەی ئایین پەروەرانی ئیسلامی جێژنی کورد نییە و جێژنی فارسە، کەچی تەنیا کورد بە شکۆوە جێژنی نەورۆز دەگرێ. کوردان لە سەرانسەری تورکیا و سوریا و ئێراق و ئێران و…. بە بەرچاوی مەلاکانی دژە نەورۆزیانەوە جێژن دەگرن. مامۆستایان، چاویان لە ڕێوڕەسمە بە شکۆیەکانی خەڵک هەیە و دەشڵێن نەورۆز ئی ئێمە نییە. لەولاشەوە گەلی فارس تەنیا سفرەی حەوت سین دەڕازێنێتەوە دەخۆن و گەورەی بنەماڵە بە عەڕەبی نزا دەکا. لە نەورۆزدا کە دەچی بۆ نێوەندی ئێران، کاشان، یەزد، ئیسفەهان وقوم هیچ هەواڵێ لە نەورۆز نییە و خەڵک ڕیچکە دەبەستن بۆ سەربارەگای ئیمامزادە نا ئێرانییەکانیان و کتێبی پڕ لە نزا بە عەڕەبی دەخوێننەوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە کوردان بە شێعە و سوننە و یارسان و.. بە خورۆشەوە جێژن دەگرن.
۲- بیروڕای شێعە:زانایانی ئایینی شێعە بە پێچەوانەی سوننی بە ڕێزەوە باسی نەورۆز دەکەن.لە کتێبی( بحارالانوار)ی عەلامە مەجلیسی کە گرینگترین سەرچاوەی حەدیس (فەرمایشتی پێغەمبەر و ئیمامەکانی شێعەی مەبەستە)ە دەگێڕێتەوە:ڕۆژی غەدیری خوم هاوکات بووە لەگەڵ نەورۆز. ئەو ڕۆژەی پێغەمبەر(د خ) بوتەکانی کەعبەی لە نێو برد و حەزرەتی عەلیشی بە قەڵاندۆشکانەوە بوو، ڕۆژی نەورۆز بوو.لە زمانی ئیمام سادقەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ:نەورۆز جێژنی ئێرانیانە و ئەو ڕۆژەیە کە خودا پەیمانی لە بەندەکانی خۆی وەرگرت کە بوت نەپەرستن و هاوبەش بۆ خودا دانەنێن.ئەو ڕۆژەیە کە حەزرەتی ئیبڕاهیم (س خ) بوتەکانی شکاند. لەو ڕۆژەدا، ئیمام مەهدی دێ و ججاڵ دەکوژێ و..ئەو ڕۆژەیە کە حەزرەتی ئادەم دروست دەکرێ.
کورتەی بۆچوونەکانی مامۆستا فازڵ ئوسوولیان لەمەڕ داستانی ئازیدهاک و فەرەیدوون و نەورۆز لە پەڕاوی بە پێزی “نوروز افسانە نیست رویدادی است تاریخی”
ئەلف – ڕووداوی یەکەم
۲ – ۱ ڕاپەڕینی نێوخۆیی: بە پێی شانامەی فیردەوسی ، کاوەی ئاسنگەر دژی “ئازیدهاک” ڕادەپەڕێ و بەرۆکی چەرمینەی ئاسنگەریەکەی وەکوو ئاڵابەرز دەکاتەوە و خەڵکی زۆرلێکراویش دوای دەکەون.
۲ – ۱ کوردان هێزی سەرەکی ڕاپەڕینەکەن: ئەو گەنجانەی لە دەست ئازی دهاک ڕایان کردبوو بۆ شاخ،بە گوتەی فیردەوسی ، کوردان لە بەرە و بنەچەکەی وانن.ئەگەر ئەو لاوانە کورد بوون کەوابێ شارەکە بە کاوەشەوە کوردن.
۳ – ۱ شوێنی ڕاپەڕینەکە کوردستانە: بە گوتەی فیردەوسی،خەڵکێ کە ڕاپەڕی بوون و چوبوونە شاخ، فەرەیدوونیان دەگەڵە خۆ بۆ شاری “ڕەی” یا “ڕاغە” هێنا و کردیانە پاتشا.شاری ڕەی پەنا تاران نییە بەڵکوو شاری (ماد ڕاغە)یە، کە لە چاخی ئەشکانییەکانیشدا کراوەتە (مادڕاغە) .[ ئەحمەدی شەریفی :” شاری ڕەی هەمان گوندی مێژوویی لەج لە شاروێرانە.سەرچاوە گۆواری سروە -]
٤ – ۱ ئازیدهاک:ئەو پاتشایەی کاوە و خەڵک بە گژیدا چوونەوە زوحاک نەبوو ئازیدهاک بوو.د مێهرداد بەهار لە پەڕاوی “پژوهشی در اساطیر ایران”دا دەڵێ:ئازیدهاک ، بە فارسی ناوین/پاڵەیی ساسانی (ئاز) و دە ئەوێستادا(ئازای) هاتووە و بە واتای تەماحکارە.ئەم گوتەیەی بەهار تا ڕادەیەک ڕاستە. زاراوەی ئازیدهاک، زاراوەیەکی مادی/ماننایییە و پێکهاتووە لە:
ئاز: یەکێ لە دەسەڵاتداران و سەرەک خانەدانی ماننایی بووە کە لە (ئیزرتو)ی نزیک سەقز بووە (مێژووی ماد دیاکونوف ل۲٦۱
تێبینی: ئیزرتوو، هەمان قەڵایچی لە پێنج کیلۆمیتری ڕۆژهەڵاتی بۆکان و بیست کیلۆمیتری سەقزە .
(ی) نسبییە لە ئەزمانی کوردی و فارسیدا.
(دهاک): لە زوانی مادیدا بە واتای سەرۆکی وڵاتە. ئیبڕاهیم پوورداود لە پەڕاوی “یادداشتهای گاتها” ل ۱۳۰دا دەنووسێ:”وشەی (هیو) بە واتای وڵاتە و لە بەردەنووسراوەکانی شاگەلی هیخامەنشیدا بەرچاو دەکەوێ. بۆ وێنە داریوش دەڵێ:۲۳هیو)وڵاتم لەبەردەستە.د جەماڵ ڕەشید ئەحمەد لە کتێبی لێکۆڵینەوەیەکی زمانناسانە لەبارەی مێژووی کۆنی وڵاتی کوردەواری ل۳۲٤ دا دەڵێ:دهیو بە واتای سەرۆکی وڵاتە. بۆ وێنه بە حاکمی میسی – ناوچەیەکی ماد- بە “دهیوکو”ناسراوە. “و”کۆتایی پاشگرە و بە مانای خۆشەویست و بەڕێزە. کە ئێستاش لە کوردیدا هەیە وەک:نحۆ، سمکۆ، چەکۆ و….. وشەی (دهیوکا) نازناوە. ناوی” دیاکۆ”ش ناو نییە، نازناوە. وشەگەلی (دهاک، دهیوک ، دیاکۆ) گشتیان بە واتای سەرۆکی وڵاتن و بە مانای مار و هەژدیها نین.کەوابوو ئازیدهاک یانی ئازی سەرۆکی وڵات.
ئازیدهاک کێ بوو؟ ئاز کوڕی ئێرانزو پاتشای ماننایی کە پێتەختەکەیان ئیزرتو بووە.لێکدانەوەی وشەی ئێرانزو:
ئێران :وڵاتی ئێران/وڵاتی ئاری و ئاریایی.
زو: لە ئەوێستا و شانامەدا،کوڕی تەهماسبی پێشدادییە و پێنج ساڵان ڕاسەر بووە ولە وێژەی کوردی و فارسیدا هاتووە و بە واتای ڕووناکاییە.فیردەوسی لە شانامەدا :
ندیدند جز پور تهماسب زو/ کە زور کیان داشت و فرهنگ کو
داود کوسوار (۱۳٥۰-۱٤۱۹ زایینی، کەیەکێ لە هۆنەران و پیرانی یارسانە ئێژێ:
نە هەیهات هو نە هەیهات هو/سەف سەف مەنهو نە هەیهات هو
چل تەن گرد ئامان بی دەقا و قو/ دونیا ڕۆشن بی وەفەرمان زو
کە وابوو وشەی ئێرانزو بە مانای خودای ڕووناکایی ئێرانە.
وشەی “ئاز” :ئاز، نێوی یەکێ لە کوڕانی “ئێرانزو”یە کە دوای نەمانی بابی دێتە سەر کورسی دەسەڵات. وشەی ئاز کوردییە وخودایەکی کەڤنارایە. لە دەقگەلی فارسی و کوردیدا بە “خودای تاریکی”هاتووە.لە پەڕاوی ورمزیار یارسان لاپەڕە ٤٦دا هاتووە:
پەی دەروون شاد، پەی دەروون شاد/شام ڕۆشنیش، وەست پەی دەروون شاد
ئەو کۆی چل نوورش هەر کە کەرد ئیجاد/چل مەشعەلش دا وە ئوسای ئێڕشاد
ئەلواح حەجەر شا کەردش بونیاد/ ئاز و تاریکی گوریزان چون باد
ئازیدهاک /ئازی سەرۆکی وڵات، لە ڕاپەڕینێکی نێوخۆییدا کە (بەگداتوو) فەرماندەیی دەکرد لە (هودیش دیش )ی ماد – ڕاغە، مەراغە) کوژرا. مێژووی ماد ، دیاکونوف ل۲٦۱ لە دێرۆکی فارس و کورددا هیچ ڕاپەڕینێکی نێوخۆیی ڕووی نەداوە، جگە لە دەورانی مانناییەکان، کە یەکیان لە کاتی حاکمییەتی ئاز/ئازای، ئەوی دیش لە سەردەمی “ئاخسری”.
ب – ڕووداوی دووهەم : بە گوتەی فیردەوسی، شەڕی فەرەیدوون، وەگەرد زوحاک، شەڕە لەتەک هێزێکی بیانی.شەڕوبە گژداچوونەوەیە بە دژی ستەم و پەلامار و داگیرکاری ئاشوور. لە شانامەدا فەرەیدوون، هەمان کەیخوسرەوی پاتشای مادە و زوحاکیش نێوێکی سەمبولیکە بۆ پاتشای زاڵمی ئاشوور.داستانی ڕاسان و بەبەرەکانێی کوردان بە دژی ئاشوور.
۲ – ۱ بەلعەمی لە پەڕاوی مێژووی بەلعەمی لاپەڕە۱٤۳ دا ئێژێ:ئەوەی عەڕەبان، زوحاکی پێ دەڵێن، موغان، بیووئەسپ واتا خودان هەزار ئەسپی پێ ئەڵێن. پاتشایەکی ستەمکارە و تەواوی شایانی کوشتن، خەڵکی بۆ بوت پەرستی بانگ دەکرد.هەزار ساڵ پاتشایەتی کردووە تەنێ قەمچی وەشاندن و لە داردان و کوشتنی زانیوە.
۲ – ۲ موغان بە زوحاکیان کوتووە بیورئەسپ. یانی زوحاک و موغان لەیەک کاتدا بوون.موغانیش یەکێ لە هۆزگەلی بنەڕەتی پێکهێنەری حکوومەتی ماد بوون و کاروباری ئایینییان بەڕێوە بردووە و دوژمنی سەرسەختی ئاشوور (زوحاک) بوون . وشەی بیور ئەسپ/دەهەزار ئەسپ، لە سەردەمی کەڤنارادا، لەشکری دەهەزار کەسی بووە. – مینا دەهەزار یۆنانی وەل گزنفۆن، سپای هیخامەنشی دەهەزار، لەشکری سورێنی ئەشکانی لە کوردستان، دەهەزار- کەوابوو، لەشکری زوحاکیش دەهەزار سوار یا چارەوێی بووە.
۳ – ۲ زوحاک گشت شایەکانی کوشتن:لە مێژوودا، تەنیا لە سەردەمی ئاشووردا، بەردەوام پەلاماری بۆ کوردستان/مادستان، دەهێنا و ژمارەیەکی زۆر لە شاگەلی گەورە و چووکەی لە ماد، ئیلام، ئورارتو، بابل و تەنانەت ئاشووریش کوشت.
٤ – ۲ زوحاک هەزار ساڵ دەسەڵاتدار بوو:زوحاک نێوی پاتشایەکی تایبەت نییە، ئیدیۆم یا نێوێکی سەمبولیکە بۆ گشت شایانی ستەمکاری ئاشوور.تەمەنی دەسەڵاتداریەتی شاهانی ستەمکاری ئاشوور، نزیک بە ۸۰۰ ساڵ بووە.
حەکیم فیردەوسی لەمەڕ شەڕی فەرەیدوون و زوحاکەوە دەڵێ:
فریدون بە خورشید برد سر/کمر ننگ بستش بە کین پدر
واتا:فەرەیدوون کڕنۆشی بۆ خۆر برد و خۆی دەدەسک نا، تۆڵەی بابی بکاتەوە.فەرەیدوون هەمان کەیخوسرەو پاتشای مادە. مێژوونووسانی کەونارا وەکی هێرۆدۆت دەڵێ :کەیخوسرەو، بە داگیرکردنی نینەوا و تێکشکانی ئاشوور تۆڵەی باوکی خۆی کردەوە. مێژووی ماد دیاکونوف / فیردەوسی ئێژێ:
سپاە انجمن شد بە درگاە او / بە ابر اندر آمد سرگاو او
بە پیلان گردون کش و گاومیش / سپە را همی توشە بردند پیش
واتا:لەشکر و سپایەکی فرە بە کەرەسە و ئازووخەوە لە دەرکی فەرەیدوون خڕ بوونەوە. / فیردەوسی لە شانامەدا مەرمو:
کیانوش و پرمایە بر دست شاە / چو کهتر برادر و را نیکخواە
همی رفت منزل بە منزل چو باد / سری پر ز کینە دلی پر ز داد
واتا:کیانوش و پەرمایە وەک دوو برای چووک، لە خزمەت شادا بوون و قوناغ بەقۆناغ بە لەشکری گەورە و گرانەوە دەڕۆن هەتا تۆڵە بکەنەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کاوە، ئاسنگەرێکی بەلەنگاز بووە و لە ناو شاردا ڕاپەڕیوە./ فیردەوسی ئێژێ:
بە اروندرود اندر آورد روی / چنان چون بود مرد دیهیم جوی
اگر پهلوانی ندانی زبان / بتازی تو اروند را دجلە خوان
واتا : فەرەیدوون بەرەو چۆمی ئەروەند دەڕوا کە بە عەڕەبی دیجلەی پێ ئەڵێن. ئەلوەن یا ئەروەند هەر ئەو جێیەیە کە دیاکونوف لە مێژووی ماددا دەڵێ کەیخوسرەو لە ئەلوەن پەڕیەوە و لە جێیەک کە خوار کەرکووکە لەشکری خۆی جێگیر دەکا.لێرەدا بە پێچەوانەی ڕاپەڕینی کاوە کە لە کۆشکی ئازیدهاک دایە، شەڕی فەرەیدوون و زوحاک لەوبەری دیجلە دایە.
ئەو شێعرانەی حەکیم فیردەوسی، ئەو باوەڕە لەق و هەڵەیە ڕوون دەکاتەوە کە هێندێ نووسەر پێیانوایە فەرەیدوون لەگەڵ کوورش ، ئاستیاگ لەگەڵ زوحاک یەکن. شەڕی کوورش وەل ئاستیاگی بابی دایکیدا، کە سێ جاران بووە وهەر سێ جارەکەش لە پارس بووە و ئیتر لە دیجلە نەپەڕونەتەوە.هەر جارەش کوورش تێکشکاوە ، هەتا ئەو دەمەی وەزیر و دەمڕاستی ئاستیاگ /هارپاک/هەرەپاک پشت لە ئاستیگ دەکا و ڕەگەڵ لەشکری کوورش دەکەوێ و بە لەشکری خۆی و کوورشەوە، ئاستیاگ بەرەو هەمەدانی پێتەخت ڕەپێ دەنێن و شار دەگرن و ئاستیاگیش تەپەسەر دەکەن.
کەیخوسرەو و فەرەیدوون یەکن. کەیخوسرەو نێو نییە، نازناوی ڕێزنانە. هەر وەک (هوخشترە) ش ناو نییە و نازناوە و بە واتای شای باشە. وشەی کەیخوسرەو: کەی/ کا/ کاکی /کاک /کاکۆ بە واتای مەزنن.
وشەی خوسرەو:دەبنەڕەتڕا (خشترا) یە بە واتای شایە کە هەمان (شترا)ی میتانییە دوایە بۆتە خشترا و خوسرەو. شیمانەی زۆرە فەرەیدوون کوڕی فرائۆرتی کوڕی دیاکۆ بێ..
پرۆسەی سەرهەڵدانی نەورۆز:
لە ساڵگەلی ۱٥۳۱ – ۱۲۷۰ ی بەر لە زایین بۆ ماوەی پتر لە ۲٥۰ ساڵ لە گشت کوردستانی ئێستاکەدا ئیمپڕاتۆڕی میتانی حوکمی دەکرد. پێتەختەکەیان شاری (واشۆکالی)/ سەرێکانی) بووە.ئەو دەم سێ دەسەڵاتی گەورە لە ناوچەدا بوون کە برێتین لە میسر، هیتی و میتانی. – پەڕاوی سینووهە، پزیشکی تایبەتی فیرعونیش ئەو گوتەیە پشت ڕاست دەکاتەوە.
دەسەڵاتی میتانییەکان دوای ساڵی ۱۳۰۰ ی بەر لە زایین لاواز دەبێ و بە سەر چەند وڵاتی خۆبەڕێوەبەر و نیوەخۆسەر دابەش دەبێ.لە بێ دەسەڵاتی میتانی ، ئاشوور سەر هەڵدەدا. دەساڵەکانی ۷۲٥ – ۷۱۸ ی بەر لە زایین، ئێرانزو دەسەڵاتێکی بە هێز دادەمەزرێنێ و دەگەڵ ئاشوور هاوپەیمان دەبێ. ئێرانزو دەمرێ و کوڕەکەی، ئاز/ئازا دێتە سەرتەخت.لەو دەورانەدا ئاشوور پەیتا پەیتا دێتە سەر دەسەڵاتداریەتی ئاز و دەست بە کوشتن و تاڵان و … دەکا. ئاز توانای بەربەرەکانێی لە هەمبەر ئاشووردا نابێ.خەڵک کە لە داشدری ئاز بێ هیوا دەبن هێرش دەکەنە سەری و دەیکوژن و لاشەکەی لە کێوێک فڕێ دەدەن.دوای لە نێۆوچوونی ئاز/ئازیدهاک، بەگداتو دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ. سارگونی شای ئاشوور کە بە نەمانی ئاز دەزانێ، هاشاوڵ دێنێ و بەگداتو دەگرێ و کەوڵی دەکا و کا لە پێستی دەئاخنێ.. ئاز/ئازیدهاک پاتشایەکی کوردان/میتانی بووە و لە ڕاپەڕینێکی نێوخۆییدا دەکوژرێ. دوای نەمانی ئازیدهاک خەڵکەکە جێژن دەگرن و پێیان ڕۆژێکی نوێیە.
دوای چەندین ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ هاشاوڵ و تاڵانی ئاشوور، لە مانگی خەرمانان/ئاب،لە سڵی٦۱۲ ی بەر لە زایین ئاشوور بە دەست ماد دەڕووخێ و هەم مادەکان و هەمیش خەڵکی ناوچە ،جێژن دەگرن.-ئەوەی دێ هەم کۆبەندی کتێبەکەی سەیدا ئوسوولیان و هەمیش خڕهەڵدانی وتارەکەشە )
۱ – چونکێ لەژێر نیری زاڵمانەی ئاشوور ڕزگار دەبن و خەڵکەکە جێژن دەگرن.
۲ – سەرکەوتنێکس ئایینیش بووە چونکێ مدەکان زەڕتوشتی خوداپەرست بوون و ئاشوورییەکانیش بوت پەرست.
۳ – سەرکەوتن بوو بۆ بەرین کردنەوەی دەسەڵاتی ماد.
٤ – وەدەست هێنانی دەسکەوتی زۆر لە وڵاتی دەوڵەمەندی ئاشوور.
کەوابوو ئازی دهاک پاتشای ماننایی وەگەرد زوحاکی سامی دوو تشتی جودان.لە هەردووکیاندا – لە نێوچوونی ئاز بە دەست خەڵکی وڵاتی خۆی و لەنێو چوونی ئاشوور بەدەست کەیخوسرەو/فەرەیدوون – خەڵک جێژنیان گرتووە و خۆشیان کردووە.لە هیچیانیشدا سەری ساڵ و نەورۆزی ساڵی هەتاوی نەبووە. ڕۆژژمێری ڕاست و ورد لە سەردەمی خەییام و بە دەستی ئەو چێکرا.
مانیفێستی نەورۆز:
داستانی نەورۆز و ڕاپەڕین دژی زوحاک، مانیفیستی بە گژداچوونەوەی خەڵکی زوڵم لێکراو و هەژارانی کۆمەڵگایە دژ بە دەسەڵاتی تاک ڕەوی کۆمەڵگا.بەو پەڕی داخ و مخابنەوە دەبێ پێملی ئەو ڕاستییە بین کە دێرۆکی دوور و درێژی ئێمە، هەتا چاو هەتەر دەکا و خەیاڵ ڕێ دەکا و ئوستوورە و مێژوو دەیگێڕێتەوە، لێوڕێژبووە لە شا و شالیار و دەسەڵاتداری زاڵم و خراپ.تاق و لۆقی لێ دەرچێ (کەریم خانی زەند).هەرچەند جاران دەسەڵات، لە کەس یان سیستمێکەوە ئاڵ و گۆڕی پێدەکرێ.دەسەڵاتداری نوێ، خەڵک دڵشاد وتەمایەری وەدی هاتنی ئاواتەکانیان دەکەن و بەڵێن و مزگێنی دادگەرییان پێ دەدەن. کەچی هەرکە دەسەڵاتییان پتەو بوو،سەد شوکور بە کفن دزی هەوەڵێ.داستانی ڕاپەڕین دژی زوحاک، با هەزار ساڵیش بخایەنێ، با مێشکی لاوەکانیان دەرخواردی ماران بدرێ و مێشکیان بشواتەوە و تژی لە خۆڕافاتیان کا،ئاخری ڕۆژ لە ئاسۆی بیری لاوانەوە هەڵدێ و خۆڕافات و دیکتاتۆران ڕادەماڵێ. با دەسەڵاتداریش، بە هێز بێ و دوو مار و هەژدیهای لەسەر شان بێ. ناشێ خەڵک بێ هیوا و خەمۆک بن. دەبێ لە ئاسۆ بنواڕن و هیوا بە بیری نوێی خۆیان و دەست ومەچەک و یەکگرتوویی خۆیان بن.
کاتێ یەکێ لە زوحاکانی سەردەم شاری عیفرینی ماننا و مادی داگیر دەکا، یەکەم کاری تێکدان و تێکشکانی پەیکەرەی کاوەی ئاسنگەرە. ڕووناکبیرانی ناکوردی ئێرانی کە لە قساندا،کاوە و فەرەیدوون و نەورۆز، بە ئی خۆیان دەزانن، هیچ دژکردەوەیەک نیشان نادەن ، بەڵکوو ڕەزامەندیش دەنوێنن.بەو هیوایە ساڵی نوێ بە بیری نوێوە دەست پێ بکەین.

ژێدەر:بێژگە لەو سەرچاوانە وا لە نێواخندا هاتوون لەم کتێبانەش کەڵکم وەرگرتووە.
۱ – ضحاک از اسطورە تا واقعیت، حمزە حسین زادە
۲ – ضحاک مار بە دوش، سعید سیرجانی
۳ – حماسەسرایی در ایران، دوکتور زەبیحوڵڵا سەفا
٤ -ڕۆژنامە هاوکاری ژمارەکانی۱٥۹ و۱۷۷ وتاری عەبدوڕەحمان زەبیحی. – سپاس بۆ مامۆستا ڕەفیق ساڵح کە وێنەی ئەو ڕۆژنامەیەی بۆ ناردم.
٥ – تاریخ ماد ، دیاکونوف، ترجمە ک کشاورز
٦ – داستانی نەورۆز، نەورۆزی کوردستان، حیلمی عەلی شەریف
۷- نوروز افسانە نیست رویدادی است تاریخی:فاضل اصولیان
۸ – نوروز، سوابق تاریخی تا امروز:هەشم رضی.

 

 

 

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد