نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری بە نێوی بەدیهێنەری بوونەوەر. خودای گەورە کە لە دونیای نەبوونەوە بوونەوەری هێناوەتە گۆڕەپانی بوونەوە، لە نێو هەمواندا مرۆڤی بە تایبەت هەڵبژاردووە و عەقڵ و بیر و هۆشی داوەتێ و دار و لەلەی چاکە و خراپە و قازانج و زەرەدی بۆ دیاری و دابین کردووە. بۆوەی خۆزگە و بریای پەشیمانی نەکێشێ و بۆ […]

  

نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری بە نێوی بەدیهێنەری بوونەوەر. خودای گەورە کە لە دونیای نەبوونەوە بوونەوەری هێناوەتە گۆڕەپانی بوونەوە، لە نێو هەمواندا مرۆڤی بە تایبەت هەڵبژاردووە و عەقڵ و بیر و هۆشی داوەتێ و دار و لەلەی چاکە و خراپە و قازانج و زەرەدی بۆ دیاری و دابین کردووە. بۆوەی خۆزگە و بریای پەشیمانی نەکێشێ و بۆ […]

نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری

بە نێوی بەدیهێنەری بوونەوەر.
خودای گەورە کە لە دونیای نەبوونەوە بوونەوەری هێناوەتە گۆڕەپانی بوونەوە، لە نێو هەمواندا مرۆڤی بە تایبەت هەڵبژاردووە و عەقڵ و بیر و هۆشی داوەتێ و دار و لەلەی چاکە و خراپە و قازانج و زەرەدی بۆ دیاری و دابین کردووە. بۆوەی خۆزگە و بریای پەشیمانی نەکێشێ و بۆ ئەوەی نەڵێ بریا وام نەکردبا و ئاوام کردبا، ڕێبەر و بەرنامەی دین، واتە پێغەمبەران و ڕێبازی ژینی بۆ ناردووە. لەوبەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆیەدا، هەرچی بۆ گیان و ماڵی مرۆڤ زەرەدی هەبێ، تابڵۆی بڤەی لە پێش چەقاندووە و مرۆڤی ئاگادار و لێ مەنع کردووە. بۆ وێنە لە قوڕئانی پیرۆزدا لە سووڕەتی ئەعڕافدا لە ئایەتی ۱۵۷دا دەفەرموێ:
(وَ یُحِلُّ لَهُمُ الطَّیِّباتِ وَ یُحَرِّمُ عَلَیْهِمُ الْخَبائِثَ) واتە پاک و پاکژیان بۆ ڕەوایە و گەماری و پیسیان پێ ‌ناڕەوایە. هەرچەند جاری وایە ئەو ناڕەوایە قازانجیشی تێدایە بەڵام زەرەدی لە قازانج زیاترە، کەوا بوو حەرام و ناڕەوایە. بۆ وێنە لە سووڕەتی بەقەڕەدا لە ئایەتی ۲۱۹دا دەفەرموێ:
(یَسْئَلُونَکَ عَنِ الْخَمْرِ وَ الْمَیْسِرِ قُلْ فِیهِما إِثْمٌ کَبِیرٌ وَ مَنافِعُ لِلنّاسِ وَ إِثْمُهُما أَکْبَرُ مِنْ نَفْعِهِما)یانی لەمەڕ شەڕاب و قوماریش لێت دەپرسن، بڵێ: تاوانیان گەورەیە و بۆ خەڵکیش بەهرەیان هەیە، تاوانەکەیان لە بەهرەکەیان زۆرترە.
یان دەفەرموێ: (الْیَوْمَ أُحِلَّ لَکُمُ الطَّیِّباتُ) تەنیا پاکەکان و ئەوانەی بۆ لەش کەڵکیان هەیە حەڵاڵن. ئەوەی پاک نەبێ و بۆ لەش زەرەدی بێ، حەرامە.
کەوابوو دەردەکەوێ کە مرۆڤ پێویستە لە شتی پاک کەڵک وەرگرێ و لە شتی پیس و ناپاک و زەرەد دار دووری بکات. هەر وەها دەبێ قازانج وەپێش زەرد بخا و خۆی لە قازانجی شتی خراپ بە دوور بگرێ.
بەو پێیە دەردەکەوێ کە ماددە سڕکەر و هۆشبەرەکان، زەرەدیان بۆ عەقڵ و لەش و هۆش و ماڵ و دارایی مرۆڤ هەیە و لە پاکەکان نین و تخوون کەوتنیان تاوانە و دووری لێکردنیان ئەرکی سەرشانی ئینسانە.
(ئیعتیاد)
موعتادی و ئالوودەبوون بە هەر جۆرە شتێک لە هەوەڵەوە خەمڕەوێن و خۆشی هێنە. دوای چەند جار لەکارهێنان و کەڵک لێ‌وەرگرتن، مرۆڤ هۆگری دەبێ و بیر و لەشی داوای دەکات و بێ ئەو ژیانی لێ‌تاڵ دەبێت. ناچارە بە هەرجۆرێک بێت وەدەستی بێنێ و تەمی خەم و بیر و داوای خۆی پێ ‌بڕەوێنێ. ئەوکاتە تووشی ئەو چەند خاڵەخراپانەی خوارەوە دەبێت.
۱_ ئیسڕاف و زیادەڕەوی لە ماڵ خەرجکردندا و دەست‌درێژێ بۆ ماڵی خەڵک و دزی.
۲ _ زەرەد گەیاندن بە لەش و عەقڵ و بیر تا جێگایەک کە بەو هۆیەوە گیان لە دەست دەدات.
لەمەڕ بڕگە و خاڵی یەکەمەوە، دەبێ بڵێین:
کە بەفێڕۆدانی ماڵ و سامان لە هەر ڕێیەکەوە بێ، خراپە و خوداوەندی گەورە لە چەندین جێگادا ئاگادارمان دەکاتەوە و هەڕەشەی توند دەکات.
بۆ وێنە دەفەرموێ:
(کلُواْ وَ اشرَبُواْ وَ لَا تُسرِفُواْ إِنَّهُ لَا یحِبُّ الْمُسرِفِین) لە حەڵاڵ و پاکەکان بخۆن و بخۆنەوە، بەڵام ئیسڕاف مەکەن، خودا ئیسڕافکارانی خۆش ناوێ.
یان دەفەرموێ: (أَنَّ الْمُسْرِفِینَ هُمْ أَصْحَابُ النَّار؛) ئەوانەی لە زۆر شتدا زیادەڕەوی دەکەن، بە تایبەت ماڵ و سامانی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن، جێگایان دۆزەخە و هاوڕێیانی ئاگرن.
یان دەفەرموێ:
(إِنَّ اللَّهَ لَا یهْدِی مَنْ هُوَ مُسْرفٌ کذَّاب) خوداوەند ئەوانەی کە زیادەڕەوی دەکەن و بەدرۆ و کەڵەک و کوڵەک و لە ڕێگای خەیاڵاتدا سڵامەتی و سامانیان بە فیڕۆ دەدەن، یارمەتیان نادات.
هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە تووشی فەتا و بەڵای ماڵوێرانکەری ئالوودەبوون و ئیعتیاد دەبن، خودا یارمەتیان نادا و بۆ نانی شەو ڕەجاڵن. چونکە هەرچی شکیان بردووە، خەرجیان کردووە و بۆتە دووکەڵ و تۆز و با بردوویەتی.
ئاماژە بەوەش بکرێ باشە کە کاتێک موعتاد کاری گەیشت بەوجێیە کە گیرفان خاڵی و دراو قوتار و لەشی کەوتە ژان، هۆشی نامێنێ و ڕوحم و بەزەییشی لێ زەوتە.
تەنانەت زۆر ڕوو دەدا کە باوکێکی نێچیری داوی ئیعتیاد، کیژۆڵە خنجیلانەکەی لە باوەش دەکات. دڵی ڕۆڵەکە پاکە و دەست لە ملی باوکی دەکات، باوکە بە دزییەوە دەست دەبا و گوارە ئاڵتوونەکانی گوێچکەی بە تاڵان دەبات.
یان ناچارە و لە هەرجێیەک بۆی هەڵکەوێ پەنا بۆ دزی دەبات. دزراو دەیبا و دەیدا بە مەواد و چەند چرکەیەک خۆی پێ‌ نەشە و سەرخۆش دەکات.
جا ئەو ماڵە چ ئی‌خۆی بێ و چ دزی بێ، بە فیڕۆی دەدات. ئەو ماڵ بەفیڕۆ دانە کردارێکی قێزەون و خراپ. ئەو کەسەی ئاوا دەکات، خوداوەند بە برای شەیتانی نێو دەبات.( إِنَّ الْمُبَذِّرِینَ کانُواْ إِخْوَانَ الشَّیاطِینِ).. بەفێڕۆدەران برای شەیتانن.
خاڵ و بڕگەی دووهەم.
مرۆڤ لە بەرامبەر ئاگاداری کردنی لەش و لاری خۆی بەرپرسە. زەرەدگەیاندن بە لەش و عەقڵ و هۆش و سەرەنجام تێداچوون، خۆکوژییە و خوداوەند دەفەرموێ:
( وَ لا تُلْقُوا بِأَیْدِیکُمْ إِلَی التَّهْلُکَةِ) خۆتان بە دەستی خۆتان، خۆتان تووشی هیلاکەت و لەناوچوون مەکەن. هێزی دەست و مەچەکتان لە دەست مەدەن و زەرەد بە نفسی خۆتان مەگەیەنن وخۆتان لەناو مەبەن.
مرۆڤ خاوەن عەقڵە و تووش بوون بە ماددە سڕکەر و هۆش بەرەکان، لە دەست خۆی دایە و دەتوانێ دوورییان لێ‌بکا و خۆی ئالوودە نەکا. کە تووش هات و لەو ڕێگەدا و بەو هۆیەوە لەناوچوو، بە دەستی خۆی خۆکوژی کردووە.
تەنیا جیاوازی لەوەدایە، خۆکوژی دەستبەجێیە، بەڵام خۆکوژی بە ماددەسڕکەر و هۆشبەرەکان بە کاوەخۆ و بەرەبەرەیە. دەی قوڕئانی پیرۆز لەمەڕ خۆکوژییەوە لە ئایەتی ۲۹ و ۳۰ ی سووڕەی (نساء)دا دەفەرموێ:
( لا تَقْتُلُوا أَنْفُسَکمْ إِنَّ اللّهَ کانَ بِکمْ رَحیمًا* وَ مَنْ یفْعَلْ ذلِک عُدْوانًا وَ ظُلْمًا فَسَوْفَ نُصْلیهِ نارًا وَ کانَ ذلِک عَلَی اللّهِ یسیرًا) خۆکوژی مەکەن، چوون خوداوەند دەرحەق بە ئێوە بە ڕوحمە. هەرکەس ئەو کارە بکا، زوڵم دەکا و لە ئاوری دۆزەخی داوێین و خودا ئەوکارەی لەبەر گران نییە و ئاسانە.
سەوداگەران.
قەتڵ قەتڵە، چ خۆت بکوژی و چ کەسێکی دیکە بکووژی و یان ببی بە هۆی کوشتنی مرۆڤێک. مانای( لا تَقْتُلُوا) ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە سەودا و موعامەلەی ئەو مەوادانە دەکەن و دەبنە هۆی ئالوودەبوون و سەرەنجام مەرگ و تێداچوونی موعتاد.
لە هەڵە و تاوانی موعتاد دا، ئەوانیش بەشیان هەیە و شەریکن. ئەگەر ئەوان نەیهێنن و نەیفرۆشن، موعتاد دەستی ناکەوێ و ناچارە لێ دوور کەوێتەوە. بەڵام فرۆشیارانیش بزانن کە بێ‌ تاوان نین و خوداوەند لە ئایەتی ۲ی سووڕەتی مائیدەدا دەفەرموێ:
(وَ تَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَ التَّقْوَى وَ لاَ تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَ الْعُدْوَانِ وَ اتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ‌) لەسەر چاکە و پارێزگاری یارمەتی یەکتر بدەن نەک لەسەر تاوان و غەدر. لە خودا بترسن، چوون خودا نافەرمانان زۆر بە توندی تەمبێ دەکا.
هەروەها لە سووڕەتی نووردا لە ئایەتی ۱۹دا دەفەرموێ:
إِنَّ الَّذِينَ يُحِبُّونَ أَنْ تَشِيعَ الْفَاحِشَةُ فِي الَّذِينَ آمَنُوا لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ فِي الدُّنْيَا وَ الْآخِرَةِ وَ اللَّهُ يَعْلَمُ وَ أَنْتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ‌ ) ئەوکەسانەی حەز دەکەن باسی بێ‌نامووسی و کاری خراپ لە نێو باوەڕدارەکاندا ببێتە قاو، لە دونیاو لە قیامەتیشدا عەزاب و جەزرەبەی بە ژانیان دەبێ و خودا دەیزانێ و ئێوە ئاگاتان لێ نییە. کەوابوو فرۆشتنی مەواد، بڵاوکردنەوەی خراپەیە لە نێو خەڵک،دا. سەوداگەرانی مەواد وەبەر ئەو هەڕەشەیەی خودا دەکەون و لە ڕۆژی خۆیدا توووشی جەزرەبەی سەخت و بە ژان دەبن.
لە هەموو ئەوانەوە دەردەکەوێ کە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، هەر شتێک بۆ ماڵ و سڵامەتی لەش و هۆش و گۆش و عەقڵ و بیر و زەینی مرۆڤ، بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگا زەرەدی ببێ، حەرامە و ناڕەوایە.
کەڵک لێ‌وەرگرتن و سەودا و موعامەلە کردنی شتی ناڕەوا و حەرام، دواڕۆژێکی تاریکی لە دوایە.
ماددە سڕکەر و هۆش‌بەرەکانیش، چ تریاک و شیرەی تریاک و حەشیش و بەنگ و هێڕۆئین و شیشە و….چی و چی بێ، لە ڕیزی پاکان و حەڵاڵان نین و خاوەنی زەرەد و زیانی ماڵی و گیانین.
تەنانەت دەبنە هۆی هەڵوەشاندنی شیرازەی بنەماڵە و نەمانی خۆشەویستی و ڕەحم و بەزەیی. هەر بۆیە لە ناڕەوایانن و لە ڕوانگەی دین و مرۆڤییەتەوە ناپەسەند و حەرامن.
بە تایبەت ئێستا کە هەمومان بە چاوی خۆمان ئاکامەکەی دەبینین، یان بۆخۆمان یان کوڕ و کچ و خزم و کەس و کار و جیران و دراوسێمان تووش هاتوون، بە تایبەت هیوای داهاتووی وڵاتەکەمان، واتە لاوان، ئالوودە بوون و لە گۆشە و قەراغی شەقام و کۆڵانان کەوتوون. ئەلێرەوە حەرامییەت و ناڕەوایی و ناپاکی مەواددەکان بۆ هەمووکەس ئاشکرا بوون.
هەرچەند حاشای لێ‌ناکرێ کە بۆ وێنە دەوڵەتێکی وەک ئەفغانستان لە ساڵی ۱۹۹۷ی‌ زاینیدا، ۳۸۰۰ تۆن تریاکی بەرهەم هێناوە. یان بە تەنیا نیوەی هێڕۆئینی دونیا و ۸۰ ۰/۰ هێڕۆئینی ئورووپای دابین کردووە.
هەروەها لە ساڵی ۱۹۹۹ز،دا داچاندنی ۴۲ ۰/۰ ی، خاشخاشکی دونیای وەبەرکەوتووەو ۷۹ ۰/۰ی تریاکی دونیای دابین کردووە. دیارە و ئاشکرایە کە لەبەر قازانجی خۆی ڕەنگە بە باشی بزانێ و بە حەرام و ناڕەوی نەزانێ و فتوا بە موباح بوونی بدات..!!!
تەنانەت نیزیکی و هاوسایی سنووری ئەفغانستان لە ئێران بۆتە هۆی ئەوەی کە ۵۴ ۰/۰ی زیندانیانی ئێران بە تۆمەتی سەروکار لەگەڵ مەوادی سڕکەر و هۆشبەر بەند کراون و لە زیندان دان.
زۆربەی ئەوکەسانەش کە تووش هاتوون پاکانە بۆ خۆیان دەکەن و دەڵێن:
تریاک هێورکەرەوەیە و لە تەمەنی ۵۰ ساڵ بۆ سەرێ بۆ هەمووکەس باشە. شەکرەی خوێن دادەبەزێنی و چ دەکا و چ دەکرێنێ….
زانایانی ئەهلی سوونەت زۆربەی هەرە زۆریان کۆکن لەسەر ئەوەی کە چ جایی ماددەسڕکەر و هۆشبەر و ڕەوانگەردانەکان، بەڵکو تووتن و جغارەش بە هەموو جۆرەکانییەوە حەرامە.
کەوابوو با هەموومان بزانین کە پێڕەوی لە دەستوور و یاسایەک کە هەمووی بە قازانجمانە، ئەرکی سەرەکی سەرشانمانە. خۆ لادان و دووری لە حەرام و شتە ناڕەواکان خۆشبەختی و سەربەرزی دونیا و قیامەتی پێوەیە.
بە تایبەت لاوان بزانن کە دەبێ لە بیر و فکری ئازادی و سەربەستی و سەربەرزی و خزمەت و پێشکەوتنی نشتیمانەکەیان دابن. نەک بە هۆی ئالوودەگی و ئعیتیادەوە زەربە لە عەقڵ و هۆش و هێز و توانایی خۆیان بدەن و لە گۆشە و قەراغی شەقام بکەون. خۆیان و بنەماڵە و کۆمەڵگاکەیان فەرامۆش کەن و نەخشەی نەیارانیان بێتە جێ‌ و دوژمنیان پێ‌خۆش بێ..

دسته بندی: جامعه, فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد