*شەماڵ ئیسماعیل پوور

کە کۆمەڵە شێعرێک چاپ و بڵاو دەبێتەوە، کەیف خوشییەکی تایبەت ھەستم دادەگرێ. وا ھەست دەکەم ژیان بە ھەموو تاڵی و شیرینییەکانیەوە بەردەوامە و دیسان کەسێک دەیەوێ جارێکی‌تر و بە شێوازێکی‌تر لە جوانی و عەشق و ژیان و ناحەزی و چەوتی و سەقەتی بدوێ. شێعر دەڵێ چاوی تیژبینی شاعیرێک دەیەوێ وێنەیەکی نوێ لە جیھان بگرێ و بیخاتە بەر چاوی کۆمەڵگا.
شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ ئەمین گەردیگلانی دوایین کۆمەڵە شێعری خۆی بە ناوی «زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ» چاپ کرد و کەوتە بەر چاوی خوێنەرانی شێعری کوردی. منیش بە ڕبەی خۆم و بە حەزی شێعری و ھونەری و چێژی تایبەتم لەم خەرمانە سوور و شەن و کەو کراوە دەپێوم و لە توێی وتارێکی خۆماڵیانەدا، دەیخەمە بەرچاوی خوێنەری شێعر دۆستی کورد. ھیوادارم توانیبێتم کارێکی شیاو و بەرچاوی بەردەنگی چالاکم کردبێ.
گرێدانی شاخ و گوڵەباخ بە دوو پێشگری وشەی زایەڵە و قیژەوە دوو خوێندنەوە دەخوازێ. ئەگەر زایەڵە بە واتای دەنگدانەوە بێنین و لە مانای دووھەمی کە گریان و شیوەن و زارییە واز بێنین ناوێک بە باری ئەرێنی و ھیوا بەخش دێتە ئاراوە و شێعرە ڕەمزاوییەکەی مامۆستا ھێمنی نەمرم وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێ:
لە کۆ ئەسرین دەبارینم لە بۆ کوردی پەڕاکەندە
لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم ھەر لە سامڕەندە
بەم واتەیە زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ ڕوانینێکە لە دەردەوە بەرەو ئارامی، لە ژیانی پڕ ژانەوەیە بەرەو ھێوری، لە جەنگەوەیە بۆ ئاشتی و لە دزێوییەوە بۆ جوانی.
بەڵام ئەگەر زایەڵە بە واتای گریان و زاری بێنین، ڕوانینمان نوقمی تراژێدیا دەبێ. ئەوسا باس لە ژینە و دووقاتە بوونی. باس لە دەردێکە سەرباری ھەموو دەردان. لە ھەر حاڵدا ناوێکی شاعیرانە و جێی سەرنجە.
زمانی ئەم کۆمەڵە شێعرە، زمانێکی ساغ و پڕ کاکڵ و پاک و خاوێنە. شاعیر بەم زمانە ساغە خودی خۆی بە کۆمەڵگاوە گرێداوە و لە ھەمان کاتیش‌دا زمانێکی بەھێز و پڕ جووڵەی خولقاندووە. نە ھێندە دژوارنووسە کە بەر دەنگ وە زاڵە بێنێ و نە ھێندەش ساکار و سادەیە کە لە ڕێبازی شێعرێکی بەھێز و پتەو لای دابێ. بە گشتی شاعیر لە زماندا خاوەن دەسەڵاتە.
یارێ ھەیە دەڕژێ لە نیگای شەونم و پڕشنگ
ئێمەی کڕی دڵ‌ڕەش کەچی قەلپووچ و قلۆچین
ئێمەی کە بە شۆقێکی گوڵە‌ستێرە شەوارەین
کوا سەیرە بە پڕشنگی نیگای خۆری لە خۆچین؟
ئەمین و چوارینە: پاش بڵاوبوونەوەی فەرھەنگی ھەنبانەبۆرینە و ڕەخنە و سەرنجی زانایان و نووسەران، ئەمین بڕیاری دا ئەو وشانە کۆ بکاتەوە کە لە ھەنبانە بۆریەدا نین. ھەر ئەو کات بەو کارەی کە کتێبی ڕێژگەی لێکەوتەوە سەلماندی کە شاگردێکی کارپوخت و وشەناسی مامۆستا ھەژارە. ئێستاش لەم کۆمەڵە شێعرە نوێیەدا ھێندێک چوارینەی بە چاپ گەیاندووە کە دیسان بە حەق سەلماندوویەتی کە شاگردی مامۆستا ھەژارە. ئەمین کۆمەڵێک پرس و کەڵکەڵە و بابەتی گرینگی لەم چوراینانەدا گونجاندووە کە جێی تێڕامان و باس کردنن.
مرۆڤ ھەمیشە بە دوای ھێزێکی ڕەھاوە بووە کە بتوانێ بەو ھێزەوە خۆی نیشان بدا و ڕادەی دەسەڵاتی خۆی بە سەر جیھانی دەور و بەریدا زیاتر بکات. یان ئەوەتا ئەو ھێزەی لەسەر چاوەیەکی بێ بڕوانەوە وەرگرتووە و پشتی بە خودا بەستووە یا خۆ ئەو ھێزەی لە خۆیدا دیوەتەوە و لە خۆی ڕادیوە بەرەنگاری ھەموو کێشەکان ببێتەوە و بۆخۆی چارەسەریان بکات و نیچە گوتەنی ببێ بە سووپەڕمەن یان مەزنە مرۆڤ. شاعیری ئەم چوارینانەش زۆرجار پشتی بەو ھێزە ڕەھا و لە بڕان‌نەھاتووەی خودا بەستووە و جار و باریش لە ھێز و باڵی خۆی ڕادیوە و ھاتۆتە مەیدان.
پڕگەوھەری ئەسرین بووە دەست و کۆشم
لای تۆیە ھەموو دەمێ خەیاڵ و ھۆشم
من کوردم و بێکەسم وەکوو تۆ خوایە
گرتوومەتە باوەش خەمی تۆشی و خۆشم
ئەمین لە چوارینەکانی‌دا زۆرتر ڕووی لە خودایە و لەو توند و تیژی و ڕیاکاری و ژیان و زارۆک کوشتن و بە ناوی خوداوە خۆ داسەپاندن، گلەیی کردووە.
دەمزانی چ عاشقانە تۆ دەدوێنن
ڕابردوو بە دڵ کە دەمدی بانگ دەخوێنن
ئەمڕۆکە موسوڵمانەتی وای کرد لە خەڵک
شەرمێ دەکەن و بە سرتە ناوت دێنن
فەلسەفەی ژیان و باسی مەرگ و ژیانیش بەشێکی‌تری بەرچاوی کاکڵی چوارینەی ئەمینن. لەسەر چوار توخمەکەی جیھان باسی کردووە و پێی وایە کە ئەوە مرۆڤە جیھانی تێکداوە و توخمەکان لە جێی خۆیان ماونەتەوە و نەگۆڕاون.
ئەم ژینە کە بۆ بەختەوەری ئینسانە
خەمخانەیە جێی مەینەت و دەرد و ژانە
وەک خۆیەتی ئاو و ئاور و خۆڵ و با
ئینسانە ڕەشی کردووە وەک خومخانە
شاعیری زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ، شاعیرێکی تەنیا و گۆشەگیر نییە و لە زەینی خۆیدا نەماوەتەوە. سۆفی گۆشەی قانەقا نییە و ئاگای لە دەوروبەرە و لە ژیانی واقیع شێعر ھەڵدەگوێزێ. بە نێو کێشە و پرسەکانی مرۆڤدا شۆڕ بۆتەوە و شاعیران ـ نەک فەیلەسووفانە ـ دەڕوانێتە جیھان. لەسەر بابەتی شێعر و فەلسەفە و شاعیر و فەیلەسووف بە درێژایی مێژوو باس و شەڕە. غوڵام حسەین ئێبڕاھیمی دنیانی مامۆستای فەلسەفە لە ئێران پێی وایە کە شێعر و فەلسەفە بێ جیاوازین و ھەردووکیان لە ھەستی و بوون دەدوێن. بە پێی وتەکانی ئەم مامۆستایە فەیلەسووف و شاعیر دەتوانن لە خانەیەکدا پێناسە بکرێن. بەڵام بە درێژایی مێژوو و شەڕی فەیلەسووف و شاعیر لە ئارادا بووە.
ئەفلاتوون فەیلەسووف و زانای یوونانی کەونارا، لەگەڵ شاعیران دانووی ناکوڵێ و ئەوانی لە یۆتۆپیای خۆی دەرکردووە. ئەو پێی وایە کە شاعیران چەواشەکارن و لە ئاست خودادا ناڕاستن. دەڵێ شاعیران ھەمیشە شتە خراپ و چەوتەکان بە خوداوە دەلکێنن و لایان وایە نادادوەری لە جیھاندا کاری خودایە. شاعیر و زانای فارس مەولانا جەلالەددین«مەولەوی»ش لەگەڵ فەیلەسووفەکان ناسازێ و لای وایە کاری ئەوان بێ‌بنەما و بێ‌ھێزە. دەڵێ:
پای استدلالیان چوبین بود
پای چوبین سخت بی تمکین بود ھەرچەند مەولانا بەم شێعرە دەیەوێ کاری فەیلەسووفەکان بێ‌ھێز نیشان بدا و بەم بەڵگەیە پشتی بەستووە کە ھەمان کاری فەیلەسووف و لۆژیک‌کارەکانە و بیچمی دووھەمی قیاسە. شێعر و فەلسەفە تێکەڵاوییەکی زۆریان ھەیە و بە گشتی فەلسەفە و وێژە بە بێ یەکتر پیان ناکرێ. فەلسەفە لە ڕێی زمان و وێژەوە دەتوانێ بە جوانی خۆی ئاراستە بکا و وێژە بە بێ فەلسەفە قاقڕێکی کاکی بە کاکییە. وەک دەزانین فەیلەسووفەکانی ئیگزیستانسیالیزم خۆیان زۆرتر لە ڕێی ڕۆمانەوە ناساند و بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیە ڕۆمانی «ھێڵنج»ی سارترە. داستایوڤسکی یەکەم چەخماخەکانی فەلسەفەی ئیگزیستانسیالیزمی لێدا. شاعیرانی کوردیش لە فەلسەفە بێبەش نەبوون و گەلێک شاعیری فەیلەسووفمان بووە کە بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە مەحوی و پیرەمێرد بکەین. مەحوی بە چەند دێڕ شێعری فەلسەفاوی سەلماندوویەتی کە لە فەلسەفە ڕۆچووە و بۆ نموونە لەم دێڕە شێعری خوارەوەدا بە چڵەپۆپەی مرۆڤ‌خوازی و ھیومانیزم گەیشتووە:
لە پاشی قسەی سەردا ھەمە ئاھـ و ھەناسەی گەرم
کەسێ شێتانە بەردم تێگرێ من بەرقی تێدەگرم
زۆر لە شاعیرانی لاوی ئێمە، سێ چوار بەرھەمی شێعری بڵاو دەکەنەوە و تازە دەزانن کە دەبوو چەند کتێبیان خوێندبایەتەوە.
لە لایەکی تریشەوە فەیلەسووف بوون کارێکی ئاسان نییە و زۆر جار بۆ خودی کەسەکە باسی سەرە. خەڵکانی نەخوێندەوار و دەسەڵاتداری نەزان ھەمیشە دژ بە مرۆڤی زانا و فەیلەسووف بوون. نمونەی ھەرە بەرچاوی ئەم دژایەتییە کوشتنی فەیلەسووفی مەزنی یوونانی کەونارا «سوقراتە» و ھەروەھا شەھیدکردنی شێخ شەھابەددینی سوورەبەردی و تەبعیدکردنی ئیبنوڕوشدی ئەندولسی‌یە. بەڵام شاعیر بۆ دەربڕینی بیر و ئەندیشەی خۆی تا ئەم ڕادەیە بەرچاو و لەبەر دەم مەترسیدا نییە. نمونەی ھەرە بەرچاوی ئەم قسەیەشم شێعرە پڕ لە ناوەڕۆک و بە کاکڵەکانی خەییامە کە دڵنیام ئەگەر لە چوارچێوەی فەلسەفەدا ئەوانەی گوتبا، لە سوقرات و شێخی شەھیدی خراپتر بەسەر دەھات. یاخۆ مامۆستا ھەژاری مەزن لەم کۆمەڵگا دوور لە فەلسەفەیەدا، ئەگەر بە شێعر قسەی دڵی نەکردبا، لە عەبدولخالق مەعرووفی خراپتر بەسەر دەھات. وەک لەم دێڕەدا دەڵێ:
دینێ بەشی کورد بخاتە بن لیچ
سەدبار گەورە بێ نامەوێ وە ھیچ
شێعر کە لە عاتیفە ترازا و ڕووی لە بیر و ئەندیشە کرد نەمر دەبێ. بەڵام شێعری دوور لە بیر و ئەندیشەی قوڵ و ڕازاوە بە جوانکاری و وێنەی جوانی شێعرییەوە ئەو بەختەی کەمترە. لە چاخی حافزی شیرازیدا شاعیر ھەبوون کە لە حافز شێعر ناسکتر و پڕ وردەکاریتر بوون، کەچی ئەوە بیر و بۆچوون و و ئەندیشەی حافزە نەمرتر دەبێ. ھایدگێڕ دەڵێ: ئەو شتەی کە ناکرێ شێعر بیڵێ، دەبێ بە فەلسەفە بگوترێ. زۆرجار کەسانێک بە پێچەوانەی ھایدگێریش قسەیان کردووە و لایان وا بووە کە شێعر لەبەر ڕەھا و یاغی‌بوون دەتوانێ ئەو شتە بڵێ کە فەلسەفە دەرقەتی نایەت.
تایبەتمەندییەکی تری شێعری ئەمین گەردیگلانی پرسیارکردنە. شێعر دەبێ کۆمەڵێک پرسیاری ڕەھا لە خۆ بگرێ. کورد دەبێ پرسیار بکات. دەبێ لە شێعردا لە وڵامی پێش‌وەخت و دەست‌نیشان‌کراو خۆ ببوێرن و وڵامی پرسیارەکانمان بۆ بەرەی داھاتوو بەجێی بێڵین. بەخۆشییەوە ئەمین لەم بوارەدا کەمتەرخەم نەبووە و کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستەی گەلەکەی کردووە
بێژی لە ھەناوی شەوی سامناکی ژیانا
خۆرێک و ھەزاران گەشەئەستێرە نەگووڕێن؟
یان:
ئەم خاکە کە چاوێکی نییە جوانی ببینێ
ئاسمانەکەشی ڕەش بێ دەبا خۆری لەبۆ چین؟
ئەمین لە وشە بە وشەی شێعرەکانیدا دەژی. لە ھەر شێعرێکی‌دا دەتوانی خود و دەروونی شاعیر ببینی واتە دەکرێ بە پەیژەی وشەکانی بچیە ڕۆحی شاعیرەوە. تەنانەت ئەگەر بە پێی ھێڕمێنۆتیکی نوێش ـ کە نووسەر لە دەق دوور دەخاتەوە ـ لە شێعرەکانی ئەمین بڕوانین ھێشتا ڕوخساری شاعیر و ھەست و بیری بە جووڵەی دیار و پڕ ھەستەوە دەبینین.
توخمەکانی شێعری ئەمین زۆرن کە وەکوو چەند توخمی بەرجەستە و زاڵ دەتوانین ئاماژە بەم چەند دانە بکەین:
نیشتمان پەروەری لە شێعری گەردیگلانی‌دا حەوجێی بە باس و نیشاندان نییە و لە ھەموو شێعرەکانیدا ئەم توخمە دیار و بەرچاوە. ئەمین کە بۆ ژوانیش دەچێ، دەیەوێ لە نیشتمانێکی ئارام و پڕ لە ئاشتی و سەربەستی‌دا بێ.
سروشت خوازی: شاعیر ھەمیشە لە خۆر و مانگ و ئەستێرە و گوڵ و دار و گوڵەستێرە و… دەدوێ.
تۆ خۆری، منی پیرە زەوی بەستوو ھەتا کەی
بۆ دیتنی ئەو چاوە گەشانەت لە گەڕا بم
ئەوین و خۆشەویستی وەک بەھێزترین ھێمای مرۆڤ بوون، کۆڵەکەی شێعری شاعیرانن:
ئەوەندە بێ سرەوت و بێ قەرارە ڕۆحی ئاشقم
ئەوینی تۆ قەرارە بۆ قەراری دڵ ئەوینەکەم
جوانی ناسی و ناسک خەیاڵی و بە باڵی ھەور فڕین و ھێنانی دەیان دەستە واژە و وشەی ناسک و پڕ لە جوانی لە وەستایەکی پەنجە زێڕینی جوان تاشی وەکوو ئەمین دەوەشێتەوە:
خۆم و دڵم لە قەڵپەزی پرچی پەشێو و لوولی خست
گیانی شەکەت لەسەر گوڵ و ھەور و شەپۆلی وەرکەوت
خەم و پەژارە و داخ و دیق کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر شاعیر بووە. لەم کۆمەڵە شێعرە‌دا ھەم خەمی تاکەکەسی و ھەم خەمی نیشتمان، خۆیان لە چوارچێوەی شێعرەکان ڕۆ کردووە و زۆرجار ڕوخسارێکی خەمباریان بە شاعیر بەخشیوە:
من لە فرمێسکی وەریوی نیوە شەو تەنیاترم
ھەرچی تەنیایی لە دنیا دایە لەو تەنیاترم
گەردیگلانی بە پێی کەسایەتی و بیری وردی ناڕەزایەتی کردۆتە توخمی زەق و بەرجەستەی شێعرەکانی. کە یاسای بەرجەستەی دیتبێ لێی ڕاساوە و بەرەنگاری بۆتەوە. لە دەسەڵاتی ناساغ ناڕازی بووە و لێی وەدەنگ ھاتووە. لە نەریتی ناحەزیش تووڕە بووە و بە گشتی لە شتە ناشیرینەکانی کۆمەڵگا ڕازی نییە.
ئەو عالەمە بۆ لە تۆ و لە خۆیان نامۆن؟
گشت جڵکن و ڕیشن و گەمار و بەدبۆن
نامووس و سەروماڵی خەڵک دەڕفێنن
زارۆش دەکوژن دەڵێن بە فەرمانی تۆن
لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بیڵێم کە ئەمین گەردیگلانی لەم کۆمەڵە شێعرەدا زۆرتر لە جاران و بەرھەمەکانی‌تری چۆتە نێو جیھانی بیر و ئەندیشە و ئاوەزەوە و کامڵ بوونێکی تۆخی فیکری بە شێعرەکانییەوە دیارە. ئەمە نیشاندەری ئەوەن کە شاعیر لە قۆناغێکی‌تری ھەست و بیر دایە و جێی خۆیەتی چاوەڕوانی بەرھەمی بەھێزتر و بیرمەندانەتر و شاعیرانەتری لێبکەین.
گوڵمێخە لە بەر چاوی تۆ ھێمای پرسیار
جوابت نییە چون نەبووی بە ھیوای پرسیار
من ژین وەکوو تۆ بەتاڵ و ڕەش نابینم
لە جواب پڕە دڵم و بوو بە دەریای پرسیار

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد