true
true
true
عیسا ئەحمەدی لە نێو کۆخ و کەلاوەی قەراخی شار، پیاوێکی ماسیگر، خۆی و خێزانی بە زریکەی منداڵی نێو بێشکەیان، وەخەبەر هاتن. منداڵی بەستەزمان دووپشک پێوەی دابوو. بە شڵەژاوی، منداڵ لە باوەش، پەنایان بردە بەر دەرکەی ماڵی تەنیا دکتۆری شار. دکتۆر لە خزمەتکارەکەی پرسی بەم سەڵای ساڵەحانە کێ بەردەرگای پێ گرتووین؟ وتی قوربان ژن و مێردێکی […]
false
عیسا ئەحمەدی لە نێو کۆخ و کەلاوەی قەراخی شار، پیاوێکی ماسیگر، خۆی و خێزانی بە زریکەی منداڵی نێو بێشکەیان، وەخەبەر هاتن. منداڵی بەستەزمان دووپشک پێوەی دابوو. بە شڵەژاوی، منداڵ لە باوەش، پەنایان بردە بەر دەرکەی ماڵی تەنیا دکتۆری شار. دکتۆر لە خزمەتکارەکەی پرسی بەم سەڵای ساڵەحانە کێ بەردەرگای پێ گرتووین؟ وتی قوربان ژن و مێردێکی […]
عیسا ئەحمەدی
لە نێو کۆخ و کەلاوەی قەراخی شار، پیاوێکی ماسیگر، خۆی و خێزانی بە زریکەی منداڵی نێو بێشکەیان، وەخەبەر هاتن. منداڵی بەستەزمان دووپشک پێوەی دابوو. بە شڵەژاوی، منداڵ لە باوەش، پەنایان بردە بەر دەرکەی ماڵی تەنیا دکتۆری شار.
دکتۆر لە خزمەتکارەکەی پرسی بەم سەڵای ساڵەحانە کێ بەردەرگای پێ گرتووین؟ وتی قوربان ژن و مێردێکی ڕەشووڕووت هاتوون و دەڵێن منداڵەکەیان هیلاکە. دکتۆر وتی: شا ئەو نێوچاوانە، هاوشان و هاوماڵی من گەیشتنە پاریس، کەچی من لێرەدا جەماعەتی لەبرسامردوو، هەتا نەمکەن بە بەیتاڵ و دکتۆری ئاژەڵ وازم لێ ناهێنن. بڕۆ پێیان بڵێ دکتور لە ماڵ نییە.
بەدەم شیوەن و بە دڵشکاوی گەڕانەوە بۆ ماڵ. پیرەژنانی گەڕەک شیری گامێشیان دەرخواردی منداڵ دەدا و هەتوان و مەڵهەمیان لە سەر شوێنی چزەی دووپشک دادەنا. کابراش بە هەناسەساردی، بۆ بژیوی ژیان لەگەڵ هاوڕیان ڕووی کردە دەریا. دەمەونیوەڕۆ بەختی کابرا وای هێنا کە گوێچکەماسییەکی(صدف) گەورە، کەوتە تۆڕیەوە. کاتێ سەدەفیان کردەوە مرواریەکی زۆر گەورەی تێدا بوو.
پێش گەیشتنەوەی بۆ ماڵ، هەواڵی ئەو مروارییە دەم بە دەم کەوتبوە نێو شار.
زەردەپەڕی ئێوارە، مەترانی مەزن(اسقف اعظم) هات بۆ ماڵیان. بەڕێزیان باسی ڕەحم و بەزەیی پەروەردگاری دەکرد کە دەبێ لە شوکرانەی ئەو شتە بەنرخەدا حەتمەن زەکاتی بدرێتە دەستی دۆستانی خودا. کابرا لە دڵەوە وتی: خودایا؛ خۆت لە دەستی ئەم دۆستانەت بمانپارێزی.
هەر ئەو شەوە دکتۆر هات بۆ سەردانی منداڵەکەو وتی هەر لە بەیانییەوە لەماڵی چەند نەخۆشی بێکەس بووم و ئێستا بێ هەدادان خۆم گەیاندە ئێوە. کابرا بیری لەوە دەکردەوە کە بە دەگمەن کوڕە دەوڵەمەندێک لە ڕێی زانستی پزشکیدا، سی ساڵی هەوەڵی تەمەنی خۆی بەخت دەکات. زۆربەیان کوڕە هەژارن. کەچی کاتێ دەبن بە دکتۆر، دەیانەوێ حەقی ئەو سی ساڵە لە هەژاران بستیننەوە.
شەو کاتی خەوتن، خێزانی وتی: پیاوەکە وا دیارە ئەم مروارییە هێ خۆمان نییە! نابینی لە ئێوارەوە خاوەنەکانی دێن و داوای دەکەن؟ کابرا وتی نەخێر، هی ئێمەیە و دەبێ داهاتووی ئەو منداڵەی پێ دابین بکەین.
نابێ برسیەتی مێشکی ئەو منداڵە، وەکوو ئێمەمانان لە ناو بەرێت. ژنە وتی ئێمەی بەشمەینەت، بەم هاسانیە ناتوانین تێکەڵ بە چینی دەوڵەمەند ببین. سکتێرانی بێعار نایەڵن چینی هەژار، وچان بدات و ببێتە خاوەنی دەستڕەنجی خۆی. هەزار فێڵ و ناپیاوی دەزانن و ئەتۆش هیچ سەنگەرێکت لەبەرانبەریاندا نیە. کابرا وتی بەیانی دەچمە بازاری جەواهێرفرۆشان. دەزانم لەسەری دەبێت بە هەرا، ئاخر ئەو مروارییە بەقەدەر هێلکەکۆترێک دەبێت.
کابرا نەیدەزانی کۆتریش مافیای خۆی هەیە تا چ بگاتە مرواری. مافیای بازار ڕایانگەیاندبوو کەس لە فڵانە قیمەت زۆرتر لێی نەکڕێت. یەکیان دەیگوت ئەم مروارییە زلی بێهونەرە، تەنیا بۆ موزەخانە باشە. ئەویتر دەیگوت زۆر شتی وایان بۆ هێناوم و نەمکڕیوە….. کابرا زانی خەریکن فێڵی لێدەکەن، وتی هەزار خۆزگەم بە چەتە. چۆن دەبێ، گا بیکات و کەر بیخوات؟ ئێستا کە وای لێهات دەیبەمە شاری پێتەخەت و لەوێ دەیفرۆشم.
شەو زەلامێکی نەناسیاو لە دیواری ماڵیان هاتە نێو حەسار.دەیەویست بە زۆرەملێ مروارییەکەیان لێ بستێنێ. لە شەڕێکی دەستەویەخە کابرا خەنجەرەکەی کوتایە بن هەنگەڵی زەلامەکەو لاری کردەوە. بۆیە بە ناچاری دەستی ژن و منداڵی گرت و هەر بەو شەوە بەڕەو پایەتەخت بەڕێکەوتن.
بۆ بەیانی لە یاڵ و ملەی کێوان تازە ئاوا ببوون، کەچی چاویان لێ بوو، سێ پیاوی چەکدار کەوتوونەتە شوێنیانەوە. ئەو ڕۆژە تا تاریکان هەر چەندە ڕێگایان گۆڕی؛ بەڵام ئەوان شارەزای کاری خۆیان بوون و هەر لەدوایان هاتن. بە ناچاری لە ئەشکەوتێک خۆیان حەشاردا.
لەو تاریکایەدا کابرا وتی: سبەینێ لە دەست ئەمانە ڕزگاربوونمان نیە. ئەمشەو دوو کەسیان دەخەون و یەکیان دەبێ بە قەرەوڵ. ئەگەر بتوانم ئەوەیان بکوژم و چەکەکەی دەستخەم، تێدابردنی ئەو دوو کەسەی دیکە هاسانە. بۆیە بە خنجەری ڕووتەوە بەبێ چرکە، لیان نزیک کەوتەوە. تەنیا چەند هەنگاوی مابوو کە بگاتە کابرا، کەچی منداڵەکە لە نێو ئەشکەوت وەخەبەر هات و دەستی کرد بە گریان.
کابرای قەرەوڵ چەند گولـلەی بەرەو شوێنی دەنگەکە تەقاند. تەقەکردن و ئای و مەرگی بە خەنجەری کابرا بوو بە یەکێک. کابرا چەکەکەی هەڵگرت و ئەو دوو کەسەی دیکەشی سارد کردەوە. بەڵام یەکێک لە گولـلەکان لە منداڵی بەستەزمان کەوتبوو!!
ڕۆژی دوایی کابرا و ژنەکەی لە پێش چاوی خەڵکی شار مروارییەکەیان فڕێدایەوە نێو دەریا.
جان ئێستەین بێک ۱۹۴۰
ئەو ژنە باش زانیبووی دەرچوون لە نایەکسانی و چینایەتی کۆمەڵایەتی بۆ چینی هەژار، بەم هاسانیە نییە و هەژاران خاوەنی دەستڕەنجی خۆیان نین.
true
true
true
شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید
- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد