عیسا ئەحمەدی
منی ڕێبواری غەریب،پیانوتبووم ئەگەرپێش تاریکایی ئێوارە، لە پردی سەر ڕووبارەکە بپەڕیتەوە، ڕێگایەکی وەهات لە بەر نامێنێ. لەو تاریک و لێڵیەدا خۆم گەیاندە قەراغی ڕووبار. کەچی لەبەرلافاوی دوێنێشەو،تەنیا ئاسەواری پردەکەم چاو پێکەوت.لەو پێدەشتە قوڕاویەدا، گرمەی هەور و هاژەی چۆم، کۆتاییان بە سەفەری ئەو ڕۆژە هێنا.بۆیە بە ناچاری لەو دەوروبەرانە درگای ماڵێکم کوتا.
پیرەپیاوێکی چرابەدەست، دەرکەی بۆم کردەوە.لەبەر شەوقی چرا، یەکم شت کە هاتە پێش چاوم، جێگای برینێکی قووڵ بووکە لەمبەر تا ئەوبەری ڕوومەتی داگرتبوو. ئەو شەوە بووم بە میوانی. پاش نان و چا،چەند باس و بەسەرهاتێکمان کرد بە شەوچەرە. کاتی خەوتن، پێم نا بە جەرگی خۆمدا و گوتم: من لێرە غەریبێکی ڕەبەنم، ڕەنگە تا ماوم جارێکی دیکەش ڕێم نەکەوێتە ئەم ناوچەیە. ئەگەر لێم دڵڕەنج نابیت، باسی ئەو برینەی دەموچاوتم بۆ بگێڕەوە. وتی: هەر لەبەر ئەوەی کە غەریبی پێت دەڵێم. بەڵام تەنیا بەومەرجەی کە بەڵێنم پێبدەی هەتا ماوی وشەی خەیانەت لەلات ئاسایی نەبێتەوە!
وتی: من لە بنەڕەتداخەڵکی وڵاتی ئیرلەندم. وڵاتێک کە ئینگلیز، لێی داگیر کردبووین و بە موڵکی خۆی دەزانی. بەڵام ئیرلەندبۆ ئێمە تەنیا ناوی وڵاتێک نەبوو.مانایەکی هەبووبە قەدەر پانتایی ئاسمان. بۆیە لەگەڵ چەن لاوێکی دڵسۆز و بوێر، بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی ئیرلەندمان دامەزراند.
زۆر ئازایەتیم لەو کەسانە دیت کە گیانیان دەکردەقەلخانی نیشتمان و لە خوێنی خۆیاندا دەگەوزان. ئەودەم زۆر کەسان دەهاتنە لامان و پەیوەست دەبوون بە شوڕشەوە. رۆژێک لاوێکمان لێ پیدا بوو.
دیار بوو کە خوێندەواریشی هەیە. دەیگوت سەرکەوتنمان نزیکە، لە قسەکانیا زۆر وشەی “ئیسم” و “ئیست”ی تێدا بوو.لەلای هاوریانم زۆر لەبەردڵان نەبوو. بەڵام من دەمگوت ئێمە ئەگەر بمانەوێ ببین بە چرای خەبات، ئەبێ پێشەنگی ئەو خەڵکە بین نەک دژ بە خەڵک. پێویستە گوێبیستی بیروڕای هەموو هاوڕیان بین. تابتوانین هێزی گەل یەک بخەین. ئێمە دەبێ لە کاتە ناخۆشەکانا خەڵکمان خۆشتر بوێت و ببین بە ئارەقەی دیواری کۆمەڵگا.
شەوێک ئەبوایە من و ئەولاوە بۆ چەند کارێکی نهێنی بچینە نێو شار. بۆ نەگبەتی، لەسەر شەقام تووشمان بوو بە تووشی سەربازێکی دوژمنەوە. وای دەزانی خەڵکی ئاسایین، بانگی کردین: ڕاوەستن، ئێوە کێن؟
من کە دەمزانی کاتی شەڕ نیە، خێرا هەڵاتم. پاش چەن هەنگاو، ئاوڕم دایەوە، هاوڕێیەکەم لەترسان وەکوو داهۆڵ ڕاوێستا بوو. زۆر بە گورجی گەڕامەوە، وەها زرمەم لە سەری سەربازەکە هەستاند کە ناڵەی لێ بەرز بووەوە. هاوڕیەکەم پەلکێش کرد. بارانی گولـلەبوو کە دادەباڕی. خۆمان کوتا نێو کۆڵانێک. شاری خۆمم باش دەناسی، تازە دەرباز ببوین. بەڵام شانی هاورێکەم گوللـەیەکی بەرکەوتبوو. گەیاندمە شوێنێکی ئەمن وئەمان.
برینەکەی زۆر قووڵ نەبوو. خەریک بووم برینپێچم دەکرد، وتی ئەمشەو بۆ ڕزگاری من، کارێکی زۆر مەترسیدارت کرد. وتم باسی من و تۆ نەبوو، هەر ئەندامێکی شۆڕش کە بکەوێتە دەستی دوژمن، خەسارێکە بۆ نیشتمان.
هەموو جارێ بە تەنیا دەچوومە نێو شار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی نهێنی شۆڕش. کە دەهاتمە دەمدیت ڕوو لە چاکبوونەوەیە کەچی، مەلی ترس لە ڕۆحیدا هیلانەی گرتبوو. دەیگوت کەس ناتوانێ دژبە دەستەڵاتی ئینگلیزێک ڕاوەستێ کە دنیایان لە ژێر دەستدایە.
ڕۆژی ئاخر کاتێ گەڕامەوە حەشارگاکەمان، ئەو لاوە لە نێو هۆدەکە ڕاوێستا بوو، هەستم کرد کە کەلێن و قوژبنی ماڵەکە لە سەربازی دوژمن ئاخێندراوە. زانیم خەیانەتی لێ کردووم و منی فرۆشتووە. هیچ مەودام نەبوو،سەراوان و بناوانم لێ گیرابوو. تەنیا پەلامارم دا و بە شمشێر لەم بەر تا ئەو بەری ڕوومەتیم هەڵدڕێ.
بۆ چەن چرکە بێدەنگ بوو. پرسیارم کرد پاش ئەو خەیانەتە، کابرای خائین چی بەسەر هات؟ وتی پاش ساڕێژبوونی زام، خەڵات و بەراتی خەیانەتم لە جانتای بیشەرەفی نا و هاتمە وڵاتی برازیل و ئێستەش لە خزمەتی ئێوەم! وتم جا مەگەر تۆ شۆرشگێڕەکە نەبووی؟ وتی: نا، ئەو شێرە پیاوە پاش ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، لە ناوەڕاستی شار تیرباران کرا.
وتم: دەی ئەم بەسەرهاتەت بۆ بە پێچەوانە بۆ من گێڕایەوە؟ وتی: ئاخر کام مێشکی سالم دەتوانێ گۆی لە چیرۆکی خەیانەتی من بگرێ؟ ئەویش خەیانەت بە کەسێک کە گیانمی پاراست!
لویس بۆرخێس ۱۹٦۲ ئارژانتین/(گلشیری)
*********
خوێنەری بەڕێز؛
زۆر جار لە مێژوو؛ جێگای مەرد و نامەرد، غەدار و غەدرلێکراو دەگۆڕن. دەبێ زۆر وردبینانەتر بۆ میژوو بڕوانین
بۆرخێس لەم چیرۆکەدا دەڵێ کابرای خائین، خوێندەواریشی هەبووە. ڕەنگە مەبەستی خەسارناسی خەیانەتە. نەزانین تەنیا هۆکاری خەیانەت، نییە. ڕووناکبیری خائینیش هەیە
هەروەها لە دنیای ئەمڕۆ بە هێزی تیکنولۆژیا، وشەی خەیانەت نەک هەر ئاسایی،کە لە پێش چاوی خەڵک خەریکە شیرین دەکرێ. وێنەیێکی زۆر بەرچاو، دراما تورکیەکانن کە بە تەواوی هێزەوە خەریکی ئەو کارەن