سەلام ئیسماعیل سورخ کاتێک نه‌هامەتییەک رووت تێ ده‌کات، شریخەی کۆت و زەختی ژیان وەک هەورە ترشقه ئاسمانی ساماڵی تۆ ده‌تارینێ . کاتێک مڵۆزمێک وەک شێرپەنجه(سرطان) میوانی لەشی بێ هێزت ده‌بێت، وەک بایەقوش له گوشه‌یەکی لانه‌ی گیانت پەنا دەگرێت، به خۆت‌ نییه هیوابڕاو ده‌بی. له تۆ هەستێک ده‌نەخشینێ. ڕووپه‌ڕه کانی ژیانی ڕابردووت هەڵدەدەیتەوە. له نێو لق […]

  

سەلام ئیسماعیل سورخ کاتێک نه‌هامەتییەک رووت تێ ده‌کات، شریخەی کۆت و زەختی ژیان وەک هەورە ترشقه ئاسمانی ساماڵی تۆ ده‌تارینێ . کاتێک مڵۆزمێک وەک شێرپەنجه(سرطان) میوانی لەشی بێ هێزت ده‌بێت، وەک بایەقوش له گوشه‌یەکی لانه‌ی گیانت پەنا دەگرێت، به خۆت‌ نییه هیوابڕاو ده‌بی. له تۆ هەستێک ده‌نەخشینێ. ڕووپه‌ڕه کانی ژیانی ڕابردووت هەڵدەدەیتەوە. له نێو لق […]

سەلام ئیسماعیل سورخ
کاتێک نه‌هامەتییەک رووت تێ ده‌کات، شریخەی کۆت و زەختی ژیان وەک هەورە ترشقه ئاسمانی ساماڵی تۆ ده‌تارینێ . کاتێک مڵۆزمێک وەک شێرپەنجه(سرطان) میوانی لەشی بێ هێزت ده‌بێت، وەک بایەقوش له گوشه‌یەکی لانه‌ی گیانت پەنا دەگرێت، به خۆت‌ نییه هیوابڕاو ده‌بی. له تۆ هەستێک ده‌نەخشینێ.
ڕووپه‌ڕه کانی ژیانی ڕابردووت هەڵدەدەیتەوە. له نێو لق وپۆپی سرووشت و دووندی به‌رزی شاخەکان، ئاوی ڕوونی کانیاوکان، وەک شاخەوانێک، بۆ منێک که ماوه‌یەکه شێرپەنجه بۆته میوانی لەشم، به وتەیەک رێی هات ونەهات ده‌بێته تامەزرۆییەک وەک نۆستالۆژی بۆ یادەوەرییەکانی جارانم، تاسەیه‌ک له‌ پێناو نیشتمان.
فرمێسک له چاوکانتا قەتیس ده‌مێنێ، بۆ ئەو ڕۆژگارانەی کە درفه‌تێک بووه بۆ خزمەت بە نیشتمان، خۆت لێ بوواردووه.
بۆ کوردستان کە هەر لەبەره بەیانی مێژووه لانکەی ژِیواری ئەو گەله بووه. به هەزاران ڕووداوی تاڵ و شیرینی به‌سەردا هاتووه، سەدان هێرشی دوژمنانی قین له‌ دڵی به‌خۆه دیوه. ئەو گەلە ئازا وکۆڵنەدەرەی له ئاست مردن و ئازایەتی سەری پێوه نییه، بۆ له ئاست چارسەرکردنی تەنگوچەڵەمه‌ی ژیانی بێ سەروسامانی به چۆکدا هات و دەستەوئەژنۆ دانیشت و هیچ بیرێکی له دوارۆژی داهاتووان نەکردەوه !
به‌م چەشنه خەیال ده‌مباتەوه ڕابردووه کانم ، که له شاخەوانیی کێوەکانی ئەلبورز و زاگرۆس هەڵبەز دابەزمان بوو ؛ که ئێستا بۆم نالوێ.
بۆ رابردوویەک بۆ سەر لوتکه‌ی بەرزی ده‌ماوند بۆ ئەو کاتەی که شوخێکی باڵابەرزی “ئەلبورزنشین” وەک شاخەوان تەژی له جوانی بە هێما و توانا که لەرەی گواره کانی سیمبۆلێک، سه‌رت سووڕ ده‌ما له جوانی ڕازی گەردوون، که شیعره کەی مامۆستا هێمنم هاتەوه بیرو بۆم خوێندەوە.
گواره که له گوێت دێته لەرین دێنەوەوه بیرم
هەر لاوێ که لەو خاکه له سێداره دراوە
کوتی: گواره‌کانم فریوت نەدا! بە دوای ئەودا ئەم شیعرەی سیاوەش کەسرایی بۆ خوێندمەوە
از کوه برآمدیم و با رود شدیم
درگیر به آنچه جان بفرسود شدیم
ما چشمه جوشنده پاکی بودیم
در راه دریغا که گل‌آلود شدیم
ئەوه ماکه‌ی به‌شیک له بیرورەییەکانمه که جار جاره وەک “نۆستالۆژی ” له‌و دەورانی نەخۆشی دێتەوه یادم.
ئەو نووسراوەیە “سرتەیەک لەگەڵ دەماوەند” بۆ ئەو سات و کاتانەیە کە لە شاخەوانیدا ئاواتەکانم وەک بەشێک لە ژیانی من دەوری دەگێڕا، تەنیا وتووێژێکە لەگەڵ خاک و ئاو.
ھەر دەڵێی دوێنێ بوو، ھاوینی ۱۳۶۸ی ھەتاوی، بۆ یەکەم جار حەوت کەس بووین بە شاخی دەماوەند ھەڵگەڕاین. شاری «ئامۆل»، شاره‌دێی «گزانه». سەفەری نابەڵەدی ناخۆشە، بەڵام بە ھاوڕێی ھاوڕێیانمان دڵگەرم بووین. بە ۲۸ ساڵ تەمەنه‌وه‌، کەم‌تەمەن‌ترینیان بووم.
دیتنی نادیارەکانی ئەو شاخە مەزنە کە تەنیا بە حەقایەت و ئەفسانە بیستبوومان و خوێندبوومانەوە، ئەوڕۆکە لە بەر چاون: دۆڵی یەخار، شاخی مەنار، تەختی فەرەیدوون، ھەڵکشان بۆ لووتکەی دەماوەند.
دوای ۲۶ ساڵ تێپەڕینی تەمەن و ئه‌و ھەڵچوونە، لەو ھاوڕێیانە، سێیان دەستەملانی خاک بوونه‌: محەممەد حەقیقی (کوڕی مامۆستا حەقیقی) پیاوێکی بەئەزموون، زۆر بەتاقەت لە شاخەوانی‌دا.
مەلا عەزیز وەحیدی (کوڕی حاج ئیمام)، ئیمام جومعەی بە‌ڕێزی پێشووی بۆکان، سەروەسێتی حەسەن زیرەک بۆ ناشتنی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، قازی لێهاتووی شاری تاران کە قەت شەڕافەتی بە دوو نانی ھەرزان نه¬فرۆشت، لایەنگری لێقەوماو و بێ‌دەسەڵاتان. ژیانی پڕ لە ئەمەگ‌ناسی و ئەدەب و ویژدان و بوێری بوو.
خەڵک لە خۆشەویستیی حاج ئیمام بە ئه‌ویشیان دەکوت مەلا عەزیز. چەرخی سپڵە و چەپ‌گەرد بە کارەساتێکی زۆر دڵتەزێن ژیانی ئەو مرۆڤە گەورەی پێچاوە. حەق ئەوە بوو، لە مێژوودا زۆرتر بناسرێ.
ساڵی ۱۹۷۱ی زایینی ڕەسووڵ محەممەدی، مامۆستای قوتاب‌خانەکانی دواناوەندی بۆکان (کوڕی حاجی حەمەداغای ئاوایی داربەسەر)، پیاوێکی قسەزان، زۆر بەتاقەت و بەرپرسیار، هه‌م ئەرکی مامۆستایه‌تی خۆی بە جێ دێنا و هه‌م کشت‌وکاڵیشی دەکرد.
دەماوەند بە ۵۶۷۱ گه‌ز به‌رزایی‌یه‌وه‌ لە ئەلبورزی ناوینه‌وه‌ قوتانه‌ دەڕوانێتە ھەر چوار دەوری خۆی. وێستگەیەکە بە ھەزاران ئەفسانە و ئوستوورەی تێدا خوڵقاوە. بەسەر‌هات و حەقایەتی کۆنی خەڵکی کەونارای ئێرانە کە ئاڕەشی پێدا ھەڵگەڕاوە و ھێلانەی سیمورغ بووە.
یازدە سەدە مێژووی موستەنەدی کەژوانی ھەیە. ئەلبورز لە ئەوێستادا بە ناوی ھەرە بەرز باسی لێکراوە. دێوی سپی ھەر لەو کێوەدا خراوەتە بەندەوە. زاڵ و فەرەیدون لە دەماوەند گەورە بوون و ژیاون. گەڕیدەی عەڕەب «ئەبوو دڵفیخەزرەج» بە دیتنی شاخی دەماوەند سەرسام بووە، «ژاک دیمۆرگان»ی فەڕانسەوی خەریتە و وێنەی لێ‌هەڵگرتووە، بە یاڵی باشووری‌دا ۱۲۰ ساڵ لەوەبەر وە سەر دەماوەند کەوتووە، بەڵام شان‌و‌شەوکەتی یاڵی باکووری ڕۆژھەڵاتە کە بە ھۆی نساری کێوەکە دیمەنی بەسام و خۆفناکی «یەخار»ی تێدا ھەڵکەوتووە، دایمە بە بەفر و سەھۆڵ داپۆشراوە. ھەر لەبەر ئەوە کە لاپەڕ و ڕژد و خۆفناکە شاخەوانی کەم‌تر لەو یاڵەوە بە خۆوە دەبینێ.
سروشتی دەماوەند لە قۆڵی باکووری ڕۆژھەڵاتەوه‌ وەک خۆی ماوەتەوە، تەنیا چۆمیلکەیه‌ک لە توانەوەی سەھۆڵەکان سەرچاوە دەگرێ(تەلخەرود)ە، کە زۆر جاریش ویشکارۆ ده‌بێ. شاخەوانی لە دەماوەند دەروویه‌کی ڕوحییە و لەگەڵ ھەست و شعوور، چێژە دەروونییەکانی مرۆڤ سازگارە و جۆرێک ئۆقرە گرتن و ھێمنایەتی تێدایە. شاخەوانی ھونەرێکی لیپاولیپە لە وزە و بیر و ئەندێشە و ئاشت بوونەوە لەگەڵ سروشت.
ھەرچەند هەڵگه‌ڕان بە دەماوەند، کارێکی چەتوون تاقەت‌پڕووکێن و گیان‌ئه‌ستێنە، بەڵام بە وە‌سەر کەوتنت له‌و دونده‌ پڕ ڕەمز و ڕازە، ورەت بەرز دەبێتەوە و زیندووکەرەوەیە.
لە شاخەوانی‌دا زیندوو مانەوە هونه‌ره‌؛ ئەوەش وەک ھاڕمۆنی مۆسیقایه‌کی ڕێک‌وپێک وایە کە دەبێتە کۆی ھاوئاھەنگی و بیر و ئەندێشە و توانای جەستە.
کاتێک «ھیلاری» شاخەوانی گەورەی ئینگلیزی لەگەڵ «تنسینگ»ی کۆڵ‌کێشی لە ساڵی ۱۹۵۳ی زایینی وە‌سەر ئێوێرێست کەوتن، ڕۆژنامەیه‌کی بە‌ناوبانگی ئینگلیزی پرسیاری لێ‌دەکا: ھیلاری بەر لە تۆش(شاخەوان مالۆری) چووه‌تە سەر لووتکەی ئێوێرێست، کە وایە تو کەسی ھەوەڵ نی! ھیلاری دەڵێ «بەڵێ ڕەنگە وا بێ، بەڵام ئەو تێداچوو و مرد و من ھەوەڵین کەسم چوومە سەر ئێوێرێست و بە زیندوویی گه‌ڕاومەتەوە.»
کەژوانی ھونەری وەڕێ کەوتنە، بەڵام ئەزموونی کەوتن و ھەستانەوە نییە. ئەگەر کەوتی ھەڵناستییەوە. شاخەوانانی زۆر بەئەزموون تێیدا کەوتن و ھەڵنه‌ستانەوە.
دەماوەند گۆڕەپانی بێ سنووری جیهانە، بە ھیچ پەخشان و شێعرێک تاریف ناکرێ؛ بە بەرزیی خۆی، خۆشەویستییه‌کی خوازراو دەخاتە دڵی ھۆگرانی.
لە دەماوەند ڕەش‌بەڵەکی نەتەوەکانە؛ کورد و لۆڕ و تورک و فارس پەروەردەی داوێنی پاکی زاگرۆس و ئەلبورزن.
کەس پاش‌قولی کەس نادا، ئەگەر پێداویستییەکت هه‌بێ، بە سۆزەوە ھەموو یاریدەدەرن؛ ئەوە ئەو ڕازەیە کە ھۆگرت دەکا به خۆشەویستی.
ئەو کاتەی باڵابەرزێکی ته‌ژی لە جوانی بە باڵای دەماوەند ھەڵده‌گەڕێ، بیر و ئەندێشەی منێکی دەستەوەستان لە ھونەر و وێژە دەخاتە گەڕ، لەرەی گوارەی گوێی بۆم دەبێتە ھەوێنی شێعرێک. وەک شنەبای فێنکی دەمەو ئێواران، ئارەقی تەوێڵمان دەسڕێ و ڕێگای دژوار و ئەستەمی دەماوەند وەک ڕاستییه‌کی ژیان ھەموار دەکا.
لە سەر دوندی دەماوەند بە گرتنی وێنەیه‌کی یادگاری، لەگەڵ ڕووحی کراوە و جوانی نەرم‌ونیانی میترا ماڵ‌ئاوایی دەکەین.
دەماوەند وەک پەیکەری جوانی سروشت، لە جوانیی ئەو شۆخە گوارە لە گوێیە ڕۆژێکی ساماڵی بە خۆیەوە دی. بۆ وەی زێڕوه‌شانی باڵای بەرزی بکا، گزینگە زێڕینەکانی بە لەت‌وپەتی دەکەونە سەر شان و ملی چیا.
بڵێی تەمەن مەودا بدا ساڵێکی دی و لە وەرزێکی دیکەدا بێمەوە سەر دەماوەند و بە یەکەوە حەقایەتی ئاڕەش تەواو بکەین؟ ئەگەر زیندوو مام ھەتاکوو ئەو وەرزە ماڵ‌ئاوا.

دسته بندی: جامعه برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد