سەلام ئیسماعیل سورخ پێم خۆشە دونیای خەون و خەیاڵات بێننەوە بەر چاو. وڵاتێکی ئاوەدان و ژینگەیەکی دڵڕفێن کە لە وێدا بە هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵی سڵ و کێوی ئەژین. بوورەوبەیاری پڕ لە گیا و گوڵی خۆڕسک کە لە زەردومەهێکی سەخت و شاخێکی هەزار بە هەزار، قەڵایەکی قایم و کەڤنی تێدا هەڵبەستراوە. لە داوێنیدا چۆمێکی بەخوڕ […]

  

سەلام ئیسماعیل سورخ پێم خۆشە دونیای خەون و خەیاڵات بێننەوە بەر چاو. وڵاتێکی ئاوەدان و ژینگەیەکی دڵڕفێن کە لە وێدا بە هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵی سڵ و کێوی ئەژین. بوورەوبەیاری پڕ لە گیا و گوڵی خۆڕسک کە لە زەردومەهێکی سەخت و شاخێکی هەزار بە هەزار، قەڵایەکی قایم و کەڤنی تێدا هەڵبەستراوە. لە داوێنیدا چۆمێکی بەخوڕ […]

سەلام ئیسماعیل سورخ

پێم خۆشە دونیای خەون و خەیاڵات بێننەوە بەر چاو. وڵاتێکی ئاوەدان و ژینگەیەکی دڵڕفێن کە لە وێدا بە هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵی سڵ و کێوی ئەژین. بوورەوبەیاری پڕ لە گیا و گوڵی خۆڕسک کە لە زەردومەهێکی سەخت و شاخێکی هەزار بە هەزار، قەڵایەکی قایم و کەڤنی تێدا هەڵبەستراوە.
لە داوێنیدا چۆمێکی بەخوڕ قەڵبەز دەکا و خۆ ئەکوتێ و سەر ئەسوێ، هەتا تێکەڵ بە دەریا ئەبێ. هەوهەویی سوار و چێژی ژیانی ڕۆژانە کە پێمان دەڵێ: ژیان واتا ئەوە! هێندە دڵڕفێنە کە بە خۆت دەڵێی: خۆزگا ئەو وڵات و ناوچەیەم دیبایە. جا هەر بۆیە من وەک شاخەوانێک ئێوە لەو خەوە هەڵدەستێنم، دەچینە دونیای گەڕان و، تێکەڵ بە هەناسەی سرووشت دەبین. لە دونیای پڕ تەوژمی مێژوو بە شوێن شوێنەوار و نەغمەی پڕ لە ڕازی ئاسەواری کۆنینە و قەڵای خاپوورکراوی پڕ لە ڕازی “کانی کوچکین (زەڕین کەمەر)”، کە بە قەڵای “قەورە” و قەڵای “قەم چوخە” ناوبانگی دەرکردووە و سەر لە ئاسمانگ دەسوێ.
ناوچە و دەشتی پارێزگاریکراوی “کانی کوچکین” و ئەشکەوتی “کەمتیاران” کە کەوتووەتە ٤٥ کیلۆمیتری باکووری ڕۆژئاوای شاری بیجاڕ. تەنیا دواماویی کەڵ و بزنی کێوی ڕەگەزی ئەرمەنی لە وێدا ماوەتەوە و چاوەدێرییان لێ دەکرێ. جا ئێوەش کە بۆ بەسەرهاتی گەلمان دڵتان دەسووتێ، لەم سەفەرە لە گەڵمان بن.
کۆڵەی سەفەر لە کۆڵ دەدەین، سەرێ بە قەڵای “دەوڵەتیارخان”ـدا بگێڕن، بیری لێ بکەنەوە، ئاوڕێ بۆ دواوە بدەنەوە، سەرێ بە دەڕەی “شاهانیشدا” بگێڕن و ئەشکەوتی “کەمتیاران” ببینن. تێرتێر لە ئاوی ساردی دەراوی “حەوت ئاشان” بخۆینەوە، سەری غیرەتمان وە بەر بێتەوە، هەتاکوو چارەنووسی داهاتووان بە دەستی خۆیان بنووسرێتەوە.
زۆرجار خۆم سەرکۆنە دەکرد کە بۆ دیتنی شوێنە مێژووییەکان و هەڵگەڕان بە سەر شاخە بەرزەکانی دێنا و دەماوەند و سەبەلان ڕێگای زۆر دوورم وە بەر خۆم داوە و، زانیاریم وەرگرتووە و مەبەستم نووسیوە؛ ئەی بۆ چی بۆ دیتنی قەڵای “قەم چوخە” و “قەڵای زەڕین کەمەر” و ناوچەی پارێزگاریکراوی “کانی کوچکین” کە لە دەم و دەورانی خۆیدا، واتە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش، بە دەستی کوردەکانی “سیامەنسوور” درووست کراوە و لە دەورانی مانناکان وەک یادگار ماوەتەوە. بۆ چی لەو هاوکەوشەنییەدا لە کوردستان، ئەم ڕێگایەم وە بەر خۆم نەداوە؟
لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ـی هەتاویدا لە گەڵ ژینگەوان (محیطبان) بەرپرسی یانەی ژینگەی (محیط زیست) ئەو ناوچەیە لە شاری بیجاڕ ڕۆیشتین بۆ ئەوە دەڤەرە و لە گەڵ “کاک مەسعوود ئیلاهی” یەکمان گرت و، زۆر دڵئاوانە، بۆ ڕێنوێنی و دیتن و پشکنینی ئەو شوێنەوارانە بە پیرمانەوە هات. ڕۆژی پێنج شەممە، ٨ـی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ـی هەتاوی لە شاری بیجاڕەوە ڕێکەوتین. گوندەکانی “ئاڵی بە دەڵ”، “ئەلوان قولی”، “خۆشناو” و “پشت دەربەند”ـمان بە جێ هێشت و، لە پردی “سڵەوات ئاوا” پەڕینەوە و هەنگاومان بەرەو کێوی “بێژنگە سەرە” هەڵگرت و خۆمان گەیاندە تیرەشانەکانی “کەمتیاران” و گوندی “کانی کوچکین”. بۆ ئەوەی ئەوڕۆ بتوانین لە ئەشکەوتە مێژووییەکەی “کەمتیاران (کەمتاران)” و دۆڵ و دەڕەی “کانی کوچکین” کە بە سەر چۆمی “قزڵ وەزان”ـدا سوارە و، لە “قەڵای زەڕین کەمەر (قەڵا قەورە)”ـدا کەڵ و بزنی کێوی ڕەگەزی ئەرمەنی (ڕەسەنترین بزنەکێوی ئێران) پارێزراوە و لە لایەن پارێزەرانی دڵسۆزی “یانەی ژینگەی بیجاڕ” چاوەدێرییان لێ دەکرێ، گەڕان و پشکنینمان هەبێ. بۆ زانیاری ئێوەی بەڕێز پێویستە بزانن کە لە ڕابردوودا ڕووبەری پارێزراوی ئەو ژینگەیە ٣٢ هەزار هێکتار بووە کە بەرەبەرە لە لایەن گوندەکانی دەوروبەرەوە کێڵدراوە و ئەوڕۆ تەنیا ١٠ هەزار هێکتاری لێ ماوەتەوە.
لە چوار جۆر بزنەکێوی ئێران (لارستان، ئیسفەهان ئوریاڵ، ئەرمەنی). ڕەسەنترینیان نژادی ئەرمەنییە، کە لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە و چاوەدێریان لێ دەکرێ. بزنەکێوی ئەرمەنی بە خۆوەن و شاخەکانیان بڕگەبڕگەیە کە مەنشوورە بە “عەمامەیی” و، تەنیا و تەنیا لە گەڵ بزنەکێوی ئەرمەنی جووت دەبن، بۆیە بە ڕەسەنی ماونەتەوە.
لەو ناوچەیە گورگ، کەمتیار، سیچڕ(تشی)، چەقەڵ، کوڕکوڕ (باقرقرە شکم سیاه)، قوون هەڵتەکێنە و هتد ئەژین؛ کە لە شوێنەکانی دیکە دەگمەنن. بەختەوەرانە کە بە شانەتیرەی “کەمتیاران” بەرەو ئەشکەوتی “کانی کوچکین (کەمتیاران) لوور بووینەوە لە بەر دەممان ڕەوەیەک بزنەکێوی، کە نزیک بە ٢٠ سەر دەبوون، هەستان. دیتنیان بۆ من، کە قەد لە زاگرۆسدا نەمدیتبوون، زۆر چێژبەخش بوو و بیر و زەینمیان ختۆکە دەدا. ئەوە ڕاستە یا خەونە؟
چ شانسێک ڕووی تێ کردبووین. هەتا لە ئاسۆدا ون بوون تێمان ڕوانین. هەتا بڵێی جوان بوون. دەبێ مرۆڤ چەندە بێ بەزەیی بێ تاکوو بتوانێ ئەوانە بکوژێ؟! کاک مەسعوود دەڵێ: خەو و خواردنمان لێ حەرام بووە. قەد تاوێک خەو بە ئاسوودەیی بە چاوماندا نەگەڕاوە بۆ پاراستنیان کە تەنیا لەم ڕووبەرەدا ماونەتەوە.
هەر جارێ لە لایەن ڕاوچی و خەڵکی هەلپەرست ئەگەر وشیار نەبین دەیانپێکن. لە ڕابردوو لە جادە و ڕێگا وا لێنەدرابوو، حەشیمەت وا زۆر نەبوو، ئەو بزنە کێویانە گەرمێن و کوێستانیان دەکرد. بەهاران دەچوونە کوێستانەکانی چلچەمە و سوڵتان و بۆ سەرما و کاتی زستان دەگەڕانەوە کوێستانەکانی بیجاڕ کە گەرمترە و، لە نێو ئەشکەوت و شاخەکانی دەگیرسانەوە. بەڵام ئەوڕۆکە گەرمێن و کوێستانیان بۆ ناکرێ و لەو مەڵبەندە گیرساونەتەوە.

•ئەشکەوتی کەمتیاران لە تیرەشانێکدا لەو ناوچە پارێزگاری لێ دەکرێ. چۆمی “قزڵ وەزان” بەو ناوچەیەدا ئەڕوات و لە گەڵ گوندی “کانی کوچکین” هاوکەوشەنە. زارکی ئەشکەوت ڕوو بە خۆرە و لە دوورەوە دیارە. یەکێک لە ئەشکەوتە دەگمەنەکانی کوردستانە کە شوێنەواری “مرۆڤی نێئاندێرتاڵ”ـی تێدا بە جێ ماوە. واتا مرۆڤی ئەشکەوتنشین کە بۆ هەوەڵ جار توانی کەرەسەی ڕاو چێ بکا، مرۆڤی نێئاندێرتاڵی وێنا کرد.
لێرەدا مێژووی ڕابردووان دەبینین و شوێنەواریان بە سەر دەکەینەوە. کەلێن و کاژێر و دیوی ئەو ئەشکەوتە، کە قەندیلی “ئستالاگمیت – ئستالاکتیک”ـی تێدا دەبیندرێ، نیشان ئەدا کە ئەشکەوتێکی جحێڵە و لە دەورەی سێهەمی زەوینناسی “سنۆزۆئیک”ـدا گووراوە.
پێویستە بزانین کە بۆ درووست بوونی یەک سانتیمیتر قەندیل لە ئەشکەوتدا پێویستە دایکی سرووشت ١٠٠ ساڵ لە کاردا بێ. لێرەدایە دەبینین کە دایکی سرووشت چ مێژوویەکی دوور درێژی پێواوە. شوێنەواری چاروایەکی دەستکەند بە لادیواری ئەشکەوتەکەوە خەون و خولیاکانی مرۆڤی ئەشکەوتنشین پیشانمان دەدا، کە بە دیتنی شاگەشکە دەبین.
ئێسک و پرووسکی ئاژەڵی گەورە لە ئەشکەوتەکەدا پاشماوەی مێژوویەکی نادیار و ئەفسووناوییە. لە کوردستان چەندین ئەشکەوت هەن کە شوێنەواری مرۆڤی نێئاندێرتاڵیان تێدا دۆزراوەتەوە؛ وەکوو ئەشکەوتی کناچێ(کەنیشک) لە هەورامان کە کەوتووەتە ژێر بەنداوی داریان، ئەشکەوتی سیچڕ (تشی – جوجە تیغی بزرگ) لە هەورامان، ئەشکەوتی کوول تاریک و کوول خۆرەتاو لە بێستوونی کرماشان، ئەشکەوتی کانی میکائیل لە هۆبەتووی دیواندەرە، ئەشکەوتی قالووجە لە دیواندەرە و ئەشکەوتی کەمتیاران لە بیجاڕ؛ کە مێژووی مرۆڤی کوردستانی لە ٤ هەزار ساڵ بۆ ٤٠ هەزار ساڵ گەڕاندەوە و بێگومان مێژوویەکی درەوشاوەیە بۆ زانیاری و شارستانیەتی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦٧ـی زایینی، تەرمی ١٤ مرۆڤی نێئاندێرتاڵ لە ئەشکەوتی “شانەدەر” لە کوردستانی گەرمێن دۆزرایەوە کە ڕۆڵێکی گرینگی لە ناساندنی مرۆڤی نێئاندێرتاڵ لە زاگرۆسدا هەبووە. تێکڕای ئەو تەرمانە لە مووزەی ئامریکادا چاوەدێرییان لێ دەکرێ.
تێگەیشتن لە یاسای دامەزراوی سرووشتی بە جێ نابێ؛ مەگەر بە خوێندن و گەڕان و تەجرەبە کردن، بە نەزم و یەکیەتی خۆ بەڕێوە بردن. لە هەڵە و چەوتی ڕابردووان خۆپاراستن و چاو لە شوێنەواری چاکی پێشینیان کردن. ئەوە دەبێتە هەوێنی ژیان.
پێویستە مێژووی ڕابردووان دەور بکەینەوە. وەک دەرس پێیدا بچینەوە. بەرز و نزمی ژیانیان هەڵسەنگێنین کە بزانین کام بەرهەڵست هۆی ڕێگەگری بە کاروانی گەلەکەمان گرت و، نەیهێشت وەک هەندەران لە سەرەوژووری و کەلی ژیان سەرکەوین و بگەینە مەنزڵی حەسانەوە. ژیان بە هەموو تاڵ و شیرینییەوە بەردەوامە.
دیتن و گەڕان لە ئەشکەوتی “کەمتیاران” یا “کانی کوچکین” کات و ساتی زۆری دەوێ. بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە قەڵای “زەڕین کەمەر (قەڵا قەورە)”، لە ئەشکەوت هاتینە دەرێ و دونیایەک زانیارییەوە بەرەو “قەڵا قەورە” کە لە سەر چۆمی “قزڵ وەزان” هەڵکەوتووە بە ڕێ کەوتین.
کە دەڕوانین لە نێو دۆڵ و دەراوێکی سەخت و حەستەم لە سەر تەپۆڵکەیەک شوێنەواری قەڵای خاپوورکراوی “زەڕین کەمەر” خۆ دەنوێنێ.
لە سێ لاوە بە دیواری بەرز و لووس کە سەر لە ئاسمانگ دەسوێ، لە سەر شاخەکە، ئاسەواری ماوەتەوە.
تەنیا لە باکوورەوە ڕێگا بۆ چوونە ژووری قەڵا هەیە و لە داوێنی قەڵا شوێنەواری ماڵە خاپوورکراوەکان کە بە کاولی ماوەتەوە وە بەر چاو دەکەوێ.
ڕۆژ لە ئاسۆدا بەرەو ئاوا بوونە. وردە وردە تاریکی باڵ بە سەر وڵاتدا دەکێشێ. دوای وچانێک خۆ دەگەیەنینە بنکەی چاوەدێری ژینگەی (محیط زیست) سەڵەواتئاوا، کە لە لایەن بەرپرسی ژینگەی شاری بیجاڕ “سەید عەلی ئەسغەری هیدایەت” مێوانداریمان لێ دەکرێ و، دوای شێو خواردن، بۆ گەڕانێک لەو ناوچە پارێزراوە، کە مەبادا ڕاوچی دزەیان تێ کردبێ، سێ کەسی هەتا نیوەشەو دەخولێینەوە.
بەختەوەرانە چاومان بە ڕاوچی نەکەوت، بەڵام لە شوێنێک ٣ سیچڕمان کەوتە بەر ڕێ، کە قنجەقنج دەڕۆیشتن. زۆر شکۆدار بوو. بە قەد بۆقلەیەک دەبن و شەوگەڕن. بە ڕۆژ مات دەبن و بە هاویشتنی تیغ خۆیان ئەپارێزن. ئێرە کوردستانە و هەر لە بەرەبەیانی مێژوو، لانکەی ژیواری ئەو گەلە بووە.
بە هەزاران ڕووداوی تاڵ و شیرینی بە سەردا هاتووە و سەدان هێرشی دوژمنانی قین لە دڵی بە خۆوە دیوە.

ئەو گەلە ئازا و کۆڵنەدەرە کە لە حاست مردن و ئازایەتی سەری پێوە نییە، بۆ لە حاست چارەسەر کردنی تەنگ و چەڵەمەی ژیانی بێ سەر و سامانی بە چۆکدا هات و دەستەو ئەژنۆ دانیشت و، هیچ بیرێکی لە دواڕۆژی داهاتووان نەکردەوە. جا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە کە بیر و زەینمیان ختۆکە دەدا، بەیانی ڕۆژی هەینی (٩ـی ڕەزبەر) بە ڕێنوێنی “کاک مەسعوود ئیلاهی” و “کاک موختار مینوویی”، دوو چاوەدێری بە ئەمەگی ئەو ناوچە هەستیارییە، بەرەو قەڵای “قەم چوخە”، یان “قەڵای قاچیان”ـی کوردی لە گوندی “قەم چوخە” و، لە ٥٠ کیلۆمیتری نێوان بیجاڕ و تیکابدا هەڵکەوتووە بە ڕێ کەوتین.
بە سرەوەی بەیانی وە خەبەر هاتین. لەشی ماندوومان زیندوو دەکاتەوە. بۆ دیتنی “قەڵای قەم چوخە” بە دۆڵ و دەڕەیەکی بەسام، کە مەنشوورە بە دەڕەی “شاهان” بە ڕێ کەوتین. ئەمبەرئەوبەری شاخ و ڕەوەزی بەسام کە کەسایەتی و هەیبەتی خۆی بە سەر هەر بینەرێکدا دەسەپێنێ. ئەم قەڵایە لە سەر شاخێک چێ کراوە کە لە سێ لای شاخەکەوە دیوارێکی حاستەمی سرووشتی بەرد، کە زیاتر لە ٤٠٠ میتر بەرزە و سەر لە ئاسمانگ دەسوێ، ڕاوەستاوە. قەڵا نزیک ٢ هێکتار ڕووبەری هەیە. یەکێک لە شوێنەوارە گرینگەکانی مانناکان بووە، کە بە دەستی دەسەڵاتی “دەوڵەتیارخان” کەوتووە. بە داخەوە زانیاری لە سەر مانناکان زۆر کەموکۆڕی هەیە و، لێرەشدا قەڵەممان لە سەری کولە. چۆمی “قەم چوخە” لە سێ لای خۆرئاوا و باشوور و خۆرهەڵاتەوە بە دەوری ئەم قەڵایەدا گینگڵی خواردووە. نزیکی ٥٠ گەز شوێنەکەی خۆی دابڕیوە و قووڵی کردووە. ئەم چۆمە، قەڵاکە کە لە سەر شاخەکە هەڵکەوتووە لە زەوی دەوروبەری خۆی جیا کردووەتەوە؛ بە جۆرێ کە دیواری کوچکین و هەڵدێر و پێچ پێچ و بەرز و، شاخەکەی لە سێ لاوە زیاتر لە ٤٠٠ گەز لە دیواری بەردین و لووسی ئەوبەری چۆم دوور خستووەتەوە. ئەوەندە جوان و ڕازاوەیە کە سەرت لە حاستی ئەو هەموو شکۆی بەسامی سرووشتە و، بەو دیمەنە، سووڕ دەمێنێ. ئەو دیوارە سرووشتییە وەک شوورەیەکی قایم لە کوچکێکی ساف و لووس داتاشراوە کە سەرکەوتن و هەڵگەڕان پێیدا تەنانەت بۆ زەردەوانی (سنگ نورد) بلیمەت و لەخۆبردوو، بە بێ مەترسی ناکرێت و زەفەری پێ نابرێ. لە سەر ئەو شاخە بەسامە قەڵای “دەوڵەتیارخان” چێ کراوە. ئەو قەڵایە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە بۆ دەورەی “مانناکان” دەگەڕێتەوە. مانناکان حەوت سەدە بەر لە زایین دەسەڵاتیان لەو ناوچەیەدا بووە و بەرەو سەرووی ئێران پەلکێش بوونە. زانیاری لە سەر مانناکان زۆر کەموکۆڕی هەیە کە دڵسۆزان و زانایان پێویستە بە وردبینییەوە و مشوورانە تیشکی زانایی بخەنە سەر ئەو بەشە لە مێژووی ڕابردووان و ئەو لاپەڕە تاریکانە. ئەو قەڵایە لە دەورانی سەفەوییەکان نۆژەن کراوەتەوە و لە ساڵەکانی ٩٦٠ـی هەتاوی جێگای حوکمڕەوایی “دەوڵەتیارخان” لە کوردەکانی “سیامەنسوور” بووە. ئێرە قەڵای “قەم چوخە”یە؛ دەگەڕێین، دەپشکنین، هەتا پەی بە ڕازی نەهێنی زۆر لە نادیارەکان بەرین؛ کە ڕەمزی ڕووداوەکان و ئەم جیهانە پڕ لە ئاژاوەیە، بۆ چی وا سووڕی خواردووە؟ کە ببێتە خوێندنەوەیەک، ئەقڵ و تەجروبەیەک بۆ نەزم و ئاشتەوایی و خۆ بەڕێوە بردن. هەوێنی ئەو کارە حەولدان و نەسرەوتنە. لە داوێنی ئەو شاخە هەزار بە هەزار شوێنەواری دیوارە دەستکردەکان، کە بە بەرد و سارووج ساز کراون، دەبیندرێ. تەنیا ڕێگای چوون بۆ قەڵاکە لە لای باکوورەوەیە کە پاڵی داوەتە بەرزاییەکانی هاوتەرازی خۆیەوە. دوژمنانی دەوڵەتیارخان لەم لاوە هرووژمیان بردووەتە سەر قەڵا، کە قشڵە و دیدەوانی بەشکۆی هەر وا ماوە. پێش چوون بۆ قەڵا لە لای باکوورەوە گۆڕاییەک هەیە، کە پێی دەڵێن “قەبری سەردار”. لە سەر قەڵا ڕووبەرێکی ٢ هێکتاری هەیە کە شوێنەواری ماڵە ڕووخاوەکانی تێدا ماوەتەوە. بەڵام بە هەر شوێنێکدا چاو دەگێڕی، دەستی تاڵانچییان، قوڵکە هەڵکەندراوەکان، کە بۆ بنەبڕ کردنی فەرهەنگ و شارستانییەت و شکۆی خەڵکی ئێران، بە تایبەت گەلی کورد، دەستی هیچ داگیرکەرێکیان پێ ناگا، دەبیندرێ. بارانی نەفرەت و ڕووڕەشی و قاری خودا بە سەریاندا ببارێ.
شتی زۆر گرینگ بۆ مانەوەی خەڵکی ناو قەڵا لە کاتی شەڕ و گەمارۆدراویدا ئاو بووە. لە قەڵای “قاچیان – قەم چوخە” بە کاردانی و زەحمەتی بێ وێنە، ئەویش بە تونێل و ڕەهەند، لە سەر قەڵا بۆ نێو چۆمەکە بە دڵی ئەو شاخەدا ڕۆچوون و قەد تەنگانەی ئاویان نەبووە. چونکوو زۆرتری ئەو قەڵایانەی لە کۆندا تووشی ڕۆژەڕەشی هاتوون و قڕ بوون، بە هۆی نەبوونی ئاو بووە. وەکوو قەڵای “دمدم” کە سەرچاوەی ئاو لە دەرێ بووە، کە بە ناچاری لە توونیەتیدا دەستیان بەرداوەتەوە و، یان کوژراون یان بە زەلیلی و دیلی دوژمن وە بەری داون. کۆنترین ئاسەواری مێژوویی قەڵای “قەم چوخە” کە بە ساخی ماوەتەوە و دەستی بێ بەزەیی سرووشت و تاڵانچییان کاولی نەکردووە، ئەو تونێلانەیە؛ کە بە ڕەهەند و تونێلی “چل پلیکان” مەنشوورە.
تونێلی چل پلیکان: لە باشووری قەڵا بە ڕووی چۆمەکەدا، لە خۆرئاوای تونێلی چل پلیکاندا، چوار حەوزی ئاو وە بەر چاو دەکەوێ، کە لە بەردی مەڕمەڕی ساف داتاشراون و دابڕاون. هەر کام لەم حەوزانە نزیک پێنج گەز (میتر) قووڵن. حەوزی ژمارە یەک لە دووگەزی دەرگای تونێلەکەدایە و، حەوزەکانی تریش لە یەک ڕیزدا لە بەرد لە سەر قەڵا بۆ پاشەکەوت کردنی ئاو هەڵکەندراون. تونێلی چل پلیکان لە باشووری قەڵا هەڵکەوتووە. ئەم تونێلە لە سەرڕا بۆ خوارێ لێدراوە و لە بەرد هەڵکەندراوە. لە پێشدا چاڵێکی ٣ گەزی لە بەرد دابڕاوە و، پاشان لە نێو ئەم چاڵەدا پلیکانی هەوەڵ دەست پێ دەکا تاکوو دەگاتە پلیکانی چلەمین کە لە کوچک داتاشراوە و بە قەد باڵای پیاوێک بەرز و بە دڵی کێوەکەدا ڕۆچوون و هێندێک تیل و خوار لێدراون. لە بەر ئاخرین پلیکاندا گۆڕایەک هەیە، کە دیمەنێکی حیماسی و جوان بە قەڵاکە دەدا. تا نێو چۆمەکە دوو ڕیزە پلیکانی تریشی، هەر کام لە مەودایەکی زۆر، تێدا بووە. بەڵام ئێستاکە ئەم سەر و ئەو سەری پلیکانەکان گیراون. تەنیا تونێلی هەوەڵ کە چل پلیکانی لە کوچک داتاشراوە و زیاتر لە ١٠٠ میتر قووڵە بە ساخی ماوەتەوە. ئەو پلیکانانە لە ڕۆژی شەڕ و تەنگانەدا زۆر بە کار هاتوون و، بۆ هێنانی ئاو، بە سێ تەکان خۆیان گەیاندووەتە چۆمەکە؛ بێ ئەوەی مەترسییەک ڕوویان تێ بکا. دەستی بەهێزی سرووشت و مرۆڤ تێکەڵ بووە و، قەڵای “قەم چوخە – قاچیان”ـیان وەکوو قەڵایەکی بە هەیبەت و هەزار بە هەزار خولقاندووە. لە سەر گشت لێکۆڵەر و گەڕاڵێکی دڵسۆز، کە بۆ بەسەرهاتی گەلان دڵیان دەسووتێ، ئەرکە کە بۆ جارێکیش بووبێ سەرێ بە قەڵای “دەوڵەتیارخان”ـدا بگێڕن، بیری لێ بکەنەوە و ئاوڕێ بۆ دواوە لێ بدەنەوە.

کۆتایی: بە وتەی “عالەم ئارات عەبباسی” دەوڵەتیارخان لە میرە بەناوبانگەکانی شا تەهماسبی سەفەوی بووە. کاتێک هۆزەکانی “تکلۆی تورکمانی” لە شا هەڵگەڕانەوە، زۆر یارمەتی شای دا و هەتا ساڵی ٩٩٣ـی کۆچی (١٥٨٤ـی زایینی) هەر لەو پایەدا مایەوە. لە نەوەکانی هۆزە کوردەکانی “سیامەنسوور”، بە ناوی “خەلیل بەگ”، بووە. لە کاتی خۆی ٢٤ تیرە و هۆزی کورد لە هۆزەکانی “سیامەنسوور” هەتا سوڵتانییە و زەنجان،زەڕین کەمەر، بیجاڕ، بەشێک لە ئازەربایجان و ئێراق دێنە ژێر دەسەڵاتیان. ئەو مەڵبەندانە لە بەر شەڕوشۆڕ و هەڵات هەڵات و قڕە و ئاژاوە و بە سمی ئەسپی قزڵباشان لە بەر پێ چبوون و، لە بەر تەقوڕەوی کوردان هەموو وێران و خاپوور ببوون. دەوڵەتیارخان دەیەوێ ڕێکیان بخا و ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە. ئەویش ناوچەی سوهروەردی (سوورە بەردی) کردە بنکەی خۆی و قەڵایەکی قایمی لێ درووست کرد. شارۆچکەیەکی بە دەورەوە بنیات نا، هەوای سەربەخۆیی کەوتە سەر و قەڵای حەستەمی بیری پێ گۆڕی و نۆکەری کردنی سەفەوییەکانی پێ سەرشۆڕی بوو. شەڕ و تێکهەڵچوون لە “ئەنگووران” و “بووستان” دەستی پێ کرد. قزڵباشەکان لە تەواوی شەڕەکاندا دەشکێن. هەتاکوو بە فڕ و فێڵ بۆ وتووێژ “شا عەبباس” دێتە ناوچە و “دەوڵەتیارخان” لە قەڵا دێتە دەرێ؛ بەڵام مخابن “باوەڕت بێ بە گفتی دوژمنی خۆت / پەتی خنکان دەخەیتە گەردنی خۆت” (جوغرافیای تاریخی کوردستان ل ١٨٧). لە سەر فەرمانی شا عەبباس ٣٠٠ کەسێک لە ئاغایان و سەرناسانی کوردی خزم و کەسی “دەوڵەتیارخان” خرانە کۆت و بەندەوە، زنجیر کران، ژن و منداڵ و درشتیان بە دیل گیران و پاش چەند ڕۆژێک “دەوڵەتیارخان” لە ساڵی ١٠٠٠ـی کۆچی لە قەزوین لە مەیدانی “سەعدئاباد”، کە هەر بۆ هەڵواسینی کوردان تەرخان کرابوو، لە دار درا و، چارەنووسی قەڵای “قەم چوخە”ـش وەک قەڵای “دمدم” بەرەو خاپووری ڕۆیشت.
ڕۆژ بەرەو ئاوا بوونە. دڵمان نایە قەڵای “قەم چوخە – قاچیان” جێ بهێڵین. دار و بەردی کەوتوونەتە وتووێژ. کاتێ کە هەزار ساڵ ئەم گەلە چەوساوەتەوە، بە دوای سەری ئاڵۆزی مەبەستیدا خولاوەتەوە، هێشتاش لە بەر و بۆی تێکۆشانی بێ وچانی نەحەساوەتەوە. زۆر زۆریشی لە نێو گەلانی تردا توواوەتەوە. لەو ناوچەیە کە بە گشت کورد بوون؛ بریتی لە سوهرەوەردی (سوورەبەردی)، قەیدار، ماه نیشان، باکووری زەنجان و تەنانەت گوندی “قەم چوخە” لە بێ خاوەنیدا بەرە بەرە تورکی فێر بوون و لە نێو گەلی تورکدا توواونەتەوە. هەر بۆیە قەڵای “قاچیان”ـیش دەبێتە “قەم چوخە”. هیچ ناوێک نییە کە کوردی نەبێ. وەرن بڕۆینە دۆڵی “حەوت ئاسیاو” لە پەنای “قەم چوخە”. ئاشی خەجوستە، ئاشی کەربەلا عەلی ئەکبەر، ئاشی چنارە، ئاشی چەقەڵ و ئاشی سوور بە سەر کەینەوە؛ کە نە لە ئاش هەواڵێک هەیە نە لە ئاشێڕ.
دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم، دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چ بکەم، بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە، بێ بای وەعەدە قەد ناچێتەوە
ئەی خودا کەنگێ عەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە “هێدی”
ڕۆژ بەرەو ئاوا بوونە. بە سەد خۆزگا و بریا لە گەڵ قەڵای “قەم چوخە” ماڵئاوایی دەکەین. لە کۆتایی بۆ یادی جەنگاوەرانی کوردانی “سیامەنسوور” و “دەوڵەتیارخان” کە بۆ سەربەستی کیانێکی کوردی بە گژ دڵ ڕەشان و قین لە دڵانی سەفەوییەدا چوونەوە و، بۆ مێژوو دەرسێکی دیکەیان دا دا، بەو هەڵبەستە یادیان پیرۆز ڕادەگرم.
تاریخ که بر باد رود رنج و سرورش – نازد به سزاوار به گردان غیورش
یک گرد که در معبد تاریخ فنا گشت – همپایه همی دان به هزار و به کلورش
لەو سەفەرەش کە لە گەڵمان بوون، هیوادارم کە لە کەلی هومێد دانەکەون. هەتاکوو سەفەرێکی دیکە، زەردەی خۆری دەم کەلێکی دیکە و جێژوانێکی دیکە ماڵئاوا.
چیاگەر و بەرپرسی بونیادی زاگرۆس ناسی “سەلام ئیسماعیل سورخ”

ژێدەر:
– کۆگوندی “سیامەنسوور”، لە ٢٠ گوند پێکهاتووە. لە باکووری خۆرئاوای شاری بیجاڕدایە و ڕووبەرەکەی ٧٣٦ کیلۆمیتری چوارگۆشەیە و حەشیمەتی نزیک ٨٠ هەزار کەسە. زمانیان کوردی و مەزهەبی سوننی و شێعە پێکەوە جۆشیان خواردووە. هەندێک تورکی تێدایە کە کوردیش دەزانن. فەرمانڕەوایی بەناوبانگی “مەنسوور” حاکمی ناوچە دەبێ کە نیشانەیان لە بەر کردنی جلی ڕەش بووە. بە شێوەزاری ئەم ناوچەیە دەبێتە “سیا”، کە بەم جۆرە بەم ناوچەیان وتووە “سیامەنسوور”. سنووری لە باکوور بە ناوچەی تیکاب، لە باشوور بە ناوچەی دیواندەرە، لە خۆرهەڵاتەوە بە کۆگوندی تەغامین و سێڵتانەوە نووساوە.
– ساڵی ڕووخانی قەڵای دمدم ١٠١٩ـی کۆچی واتە ١٦١٠ـی زایینی بووە.
– قەڵای “قەم چوخە – قاچیان” لە ساڵی ١٠٠٠ـی کۆچی، ١٦٢٩ـی زایینی، دوای کوژرانی “دەوڵەتیارخان”، کە لە دار دراوە، خاپوور کراوە.
– مێژووی ئەشکەوتە گرینگەکانی کوردستان، کە شوێنەواری “مرۆڤی نێئاندێرتاڵ”ـی تێدا دۆزراوەتەوە، لە چوار بەڵگەفیلمی (موستەنەد) تەلەڤیزیۆنی بە ناوی “میراث زمین” بە کارگێڕی مەسعوود ڕوخزاد، ئارش یاسەمەنپوور (توێژەر و چیاگەر)، سەلام ئیسماعیل سورخ (توێژەر و چیاگەر) و زۆرێک لە دۆستان فیلمبەرداری کرا و لە دەنگ و ڕەنگی سنەدا بڵاو بووەوە، کە بەرهەمی یەک ساڵ زەحمەتی ئێمە بوو.
– قەڵای “قەم چوخە” ناوی “قاچیان” بووە؛ کە ناوێکی ڕەسەنی کوردییە. لە داوێنی کێوی “حاجی سەیید” لە ناوچەی تیلەکۆ، گوندێک بە ناوی “قاچیان” هەیە. هەروەها لە ناوچەی مەریوانیش گوندێک هەر بەو ناوە هەیە. بەڵام لە بێ خاوەنیدا ئەو ناوەیان گۆڕیوە و تورکاندوویانە و، ئەوڕۆکە پێی دەڵێن “قەم چوخە”.
– سپاس بۆ ویراستاری ئەم دەقە “کاک فەریاد مورادی”.
– سپاس و پێزانین بۆ “کاک مەسعوود ئیلاهی” و “کاک موختار مینوویی” ژینگەوان (محیطبان) کە زۆر یارمەتییان دام.

دسته بندی: جامعه, سایر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد