نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری(بێزار) زۆرجار هاتووچۆی مەیدانی چا فرۆشانم دەکرد. لە دوکانی دۆستێک سەودام دەکرد وجار و بارەش لەلای‌ شەکەتێکم دەردەکرد. لاوێکی جەحێڵ و بە شانووباهۆم دەدی کە بە داشقە چوارتەگەرەکەی کارتۆنە چایی هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکرد. لەگەڵ مشتری دەڕۆیشت و دەهاتەوە. ئەوڕۆژە دیتم لەسەر داشقەکەی بێکار دانیشتووە. بە جووتێک پێڵاوی شڕەوە، لاقێکی لەسەر لاقی داناوە […]

  

نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری(بێزار) زۆرجار هاتووچۆی مەیدانی چا فرۆشانم دەکرد. لە دوکانی دۆستێک سەودام دەکرد وجار و بارەش لەلای‌ شەکەتێکم دەردەکرد. لاوێکی جەحێڵ و بە شانووباهۆم دەدی کە بە داشقە چوارتەگەرەکەی کارتۆنە چایی هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکرد. لەگەڵ مشتری دەڕۆیشت و دەهاتەوە. ئەوڕۆژە دیتم لەسەر داشقەکەی بێکار دانیشتووە. بە جووتێک پێڵاوی شڕەوە، لاقێکی لەسەر لاقی داناوە […]

نووسینی عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری(بێزار)

زۆرجار هاتووچۆی مەیدانی چا فرۆشانم دەکرد. لە دوکانی دۆستێک سەودام دەکرد وجار و بارەش لەلای‌ شەکەتێکم دەردەکرد. لاوێکی جەحێڵ و بە شانووباهۆم دەدی کە بە داشقە چوارتەگەرەکەی کارتۆنە چایی هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکرد. لەگەڵ مشتری دەڕۆیشت و دەهاتەوە. ئەوڕۆژە دیتم لەسەر داشقەکەی بێکار دانیشتووە.
بە جووتێک پێڵاوی شڕەوە، لاقێکی لەسەر لاقی داناوە و لووتی داژەنیوە و چۆتە ماڵی بیرەوە. جارجار دەستێک دەجوڵێنێ و لێوێک دەبزوێنێ و هەناسەیەکی سارد و سڕ و قووڵ دەروونی دەهەژێنێ.
بۆخۆی خۆی دەدوێنێ. وا لە گژ بیر و خەیاڵان ڕۆچووە، ماوێکە تەنانەت ئاگای لە مەحمودی بێ‌زەوادیش نەبووە. تەواو وەڕەزە و بە خەیاڵی ئەوەی کە کەسێک بانگی کات و چەند کارتۆن چای بۆ بار و ئاڵوگۆڕ کات، دانیشتووە.
بە دیتنی ئەو دیمەنە حاڵم گیرا و بە داهێزاوی خۆم بۆ ڕانەگیرا. چووم لە سەر دیواری دەوری مەیدانەکە ڕووبەڕووی دانیشتم. وەک کوندەبوو لەسەر نوچکی خەیاڵەکانی هەڵنیشتم. پاساری خەیاڵی کەوتنە باڵبزاوتن و فڕین. هەرچەند من نەمدەزانی بیر لەچی دەکاتەوە و خەیاڵەکانی چین.
چاک و خۆشێکی گەرم وگوڕم لە گەڵ کرد. دەی چۆنی؟ کار و کاسبی چۆنە؟ شتێکی وادەست دەکەوێ کە دەروون پێی بسرەوێ؟ هەناسێکی هەڵکێشا و گوتی: جارێ پێشی سواڵم گرتووە.
هەرچەند ئەوڕۆ شتێکی وام دەست نەکەوتووە. هەڵبەت ئەو داشقە بیانووی ڕزق و ڕۆزی خودایە. دەنا هەر دەینێرێ. جا با زۆر نەبێ و کەم بێ. لێی بەزیاد بێ.
گوتم: زۆر لە فکردای. خۆتۆ جەوان و جەحێڵی. بۆواگرژی؟ بۆ وا لێڵی؟
گرفتت چییە؟ لام وایە ڕەبەنی و ژن و منداڵیشت نیە.
گوتی: کوڕە قەت ژن ناهێنم. ژنم بۆچییە؟ سەرنەوشتی دایک و بابم بۆ من بەس نییە؟ کورد دەڵێ: گوتیان جوڕە بۆ عاقڵی؟ گوتی: هەر ئاقڵەی لە خەسارێکی.
گوتم: ئەوان بۆ..؟ گوتی: من بووم بوومە هۆی کارەسات. دەنا ئاوایان لێ‌بەسەر نەدەهات. گوتم: بۆ چییان لێ‌بەسەر هات؟ کوتی: باسەکە دوور و درێژە. ئەو هەویرە ئاو زۆر دەبا و لا لەلادە و پزووی ڕازانم پێ‌دەرمەکێشە و نهێنیانم هەڵمەڕێژە. هێندەی دیکە تامەزرۆی بیستن و دەرکەوتنی وڵامەکەی بووم. پێمخۆش بوو بزانم بیر لەچی دەکاتەوە و بەسەرهاتی خۆیم بۆ شی کاتەوە.
وەک زۆر، زۆرم لێکرد و ناچار بە گەروویەکی گڕو پڕ لە گریانەوە دەستی پێکرد.
پێش ئەوی من لە دایک ببم، دایکم و بابم هاتوونە شار. بابم فەعلایی کردووە و هەموو ڕۆژێ چۆتە کار. منی سەرسۆدرە و دزێو و نالەبار، ڕۆژێک تەنگی نوێژی شێوان، هاتوومە دونیا و بزەم خستۆتە سەر لێوان. ساڵێک دوای من خوشکیشم هاتووە و هێندەی دیکە دایک و بابم دڵیان خۆش بووە. ئاخر ژن و مێرد نەبووە کە بە هێندەی دایکم و بابم یەکتریان خۆش ویستبێ و ڕێزیان لە یەکترگرتبێ. دەر و جیران و خزم و کەس ئێرەیان پێ‌بردوون و ئاوای بۆ چوون. کە لەیل و مەجنوونی دووهەم ئەوان بوون.
لە ژێرخانەکەی ماڵی خاڵم دا کرێ‌نشین بووین.
ژیانمان هێندە خۆش بوو شامان بە سەبان نەدەگرت و بە حاکمی شارمان دەکوت هەتیوە. ئێمەی منداڵ خڕەکە بوین و بەرەو قوتابخانە چووین. بێ ئەدا و ئەتوار، منداڵی کرێکارێک بوویـن. هێـدی و هێمنـی و حەواوەیی لە گەڵ هاوپۆلان کۆی کردبووینەوە. خۆشەویستی دایک و باوک هەموو کەلێنێکی کەموکوڕی ژیانی بۆ پڕ کردبووینەوە.
دایکم دایم ڕووحی لە سەرمان دەگەڕا. زۆر جار، شەوانە دوای دەرس و دەور بەلای تەلەفیزیۆنەکەوە خەوم لێدەکەوت. کە وەخەبەر دەهاتم تماشا دەکەم لە باوەشی دایکم دام و دەمباتە سەر جێگا و بانەکەم. ڕۆژگار دەوری هەڵگرت و وەک تێسکەی تفەنگ تێپەڕی. منیش تا لوتکە دەورانی ڕاهنومایم بڕی.
گەیشتمە مامناوەندی و هەڵسوکەوتم گۆڕی. زۆرجار دەچوومـە ماڵە خزم و دەر و جیران و ماهوارەم دەدی. ئەو ساڵە بابم لە بەهارێ‌ڕا لە گەڵ بەننا و بێکار نەبوو. شتێکم پێوە شک دەبرد. ناچار پەردەی نهێنێکەم دڕی. جومعەیەک هەڵمپێچا کە دەبێ دەزگایەکی ماهوارەمان بۆ بکڕی. دایکم زۆری کوت هەر جوابیشی مەدەوە. کوڕم نیمانە و نامانەوێ. بەڵام بابم دڵی نەهات دڵم بشکێنێ و ئاواتم پێک نەهێنێ. جەحێڵێکی بانگ کرد و سێڵ و مێڵ و هەمووشتی بۆ دامەزراندین. خاوەن ماهوارەی کردین و بە خودای ئەسپاردین. چەند شەبەکەی ڕەنگا و ڕەنگ. گۆرانی و هەواڵ و فیلم بە زمانی خۆماڵی و بە دەنگ و ڕەنگ.
وای لێهات دایکم چەند هێندەی ئێمە ئۆگری ئەو شەبەکانە بوو. گۆرانی و فیلم و هەواڵەکان، هێچیانی لە کیس نەدەچوون و تاقی بە خەتەر نەدەدان. زۆر پێ‌نەچوو دایکم خوو و خدە و کردە و وتەی گۆڕی و تەواو تێک‌چوو. ئێواران کە بابم لەسەر کار ڕا دەهاتەوە، دایکم تەنیا کاری تەبلیغات بوو. دەیکوت: تۆ دەزانی پیاوان زوڵم لە ژنان دەکەن و مافیان زەوت و پێشێل دەکەن.
ڕۆژ تا ئێوارە لە ناو ئەو شەبەکانە تەبلیغاتە و دروێشم دانە. باس هەر باسی ئازادی و لە ناوچوونی پیاوسالاری و مافی ژنانە.؟
بابیبشم دەیکوت: جا خۆشەویستەکەم، من چۆن دڵم دێ مافی تۆ زەوت کەم. کوا و کەنگێ زوڵم لە تۆ دەکەم؟ هەر کەنگێم مانای پیاوسالاری زانیوە و بیستووە.!
کەنگێ من و تۆ ئەوانەمان لە نێوان دا بووە.؟ بەڵام ئەوەندە بزانی باشە، درویشم ناوئاخنکەی بۆشە و دەنگی دەهۆڵیش هەر لە دوور خۆشە. ئەو دونیا پان و بەرینە، دروێشم داگیری کردووە. هەمووی هەر دروێشمە و لە مەیدانی کردەوەدا تا ئێستا کەس بەرهەمەکەی نە‌دیوە و نەی چێشتووە.
بەڵێ، زۆرری نەخایاند بارودۆخی بنەماڵەکەمان وەرچەرخا و قەڵای خۆشی و مەتمانە ڕووخا. دایکم وەک جاران لە گەڵ باوکم نەدەجووڵاوە. جوابەجەنگی دەکرد و جوابی نەدەداوە. بابیشم هەر ئامۆژگاری دەکرد و لەبەری دەپاڕاوە. بەڵام بێکەڵک و بێ‌ئاکام ماوە و خێر و بێری نەداوە.
بابم کە کاتژمێری شەش‌وحەوتی بەیانی دەچوو بۆ کار، ئێمەش دەچووینە مەدرەسە. دایکیشم هەر دوای ئێمە کە وەدەرکەوتبوو، ئێستاش نەمزانی بۆ کوێ دەچوو و خەریکی چ بوو. کەم ڕۆژان نێوەڕۆیان دەهاتەوە. من و خوشکم نێوەڕۆ هێلکە و ڕۆنێکمان دەخوارد. بەڵام شەوێ لەبەر نەبوونی چێشت و نان، هەموومان بێ‌شێو دەماینەوە و ئەو بێ‌شێوییە سنووری ڕێز و هێزی ماڵی دەشێواند و دەشڵەقاند و ئەستوندەکی تاوڵی ژیانی پڕ لە خۆشەویستی دەپەڕاند. زۆری پێ‌نەچوو کە ماڵ تێک چوو. لە ماڵ دەرچوو. کونجی شەڕ و شووڕ و چەقە و هەرا بوو. زۆر جاران دایکم و بابم دمەقاڵەیان بوو. لە نەڕەیان لە پشت دەرکێ ڕێبوار سڵ دەبوو. دەرو جیران خەبەریان هەبوو.
خۆ شاریش یاساکەی وایە، پیاو بکوژرێ لە ژوورێ‌دا، کەس ئاوڕێکت وەسەر نادا. دەرگات لێناکاتەوە و خەمخۆرێک نایە بە هاناتەوە. دەڵێن: ئەو چواردیوارە سنوورێکە و ڕەوا نییە ببەزێ و بپەڕێندرێ. کابرا لە ماڵی خۆیدا، چ دەکا با بیکا.
بەسەری تۆ کاکی‌برا، بەینێکی ئاوا ڕابرا. کاریگەری لەسەر ژیان و خوێندنی من و خوشکم دانا. یانی لەو ماڵە شڵەقاو و پڕشەڕ و شووڕەدا، منیش هەستی سەردەمی مێرمنداڵیم هەنگوا. نەشەو گەشەم شکا. خەیاڵاتی هەوەڵی لاوەتیم چەوساوە. هۆش و گۆشم نەگەشاوە و بیری هاڵۆز و بڵۆزم قەت نەحەساوە. لە مەدرەسەش تەنیا دەنگی وا مەکە، وا نابێ، بۆ واتلێهات، نەخێر و نایکەم و نابێ و ئازادییە و منیش مرۆڤم و هەر ئەوەیە کە بیستووتە و دیتووتە و بیگرە و بەریدەی دایکم و بابم بوو کە لە گوێماندا دەزرینگاوە و دەنگی دەداوە…..
هەناسەیەکی ئاوراوی دوور و درێژی هەڵکێشا و داشقەکە جوڵاوە وسیڕە و جیڕە و قرچەیەکی لە تەختەکانی هات. دەستێکی بە سەرو ڕیشی داهێنا و کوتی: کوڕە هەر لێی گەڕێ. هەمووی خەتای من بوو. من بووم ئەوەم هێنا گۆڕێ. ئەستۆم شکێ ماهوارەم بۆ چ بوو. مڵۆزمێک بوو. ئاورێک بوو لە ماڵمان بەربوو.
ئەو بەهەشتە خۆشەی جاران، ئێستا دۆزەخێک بوو. ئەو دۆزەخەی خودا تاریفی ناخۆشی دەکات، دەستی لە دووی ماڵی ئێمە نەبوو.
سەری لە بنەخۆی نا. فرمێسکێکی گەش‌گەش بەسەر ڕوومەتە تۆزاوێکانی‌دا هاتەخوارێ و لە سەرکۆشی لە پاتۆڵە چڵکن و شڕۆڵەکی ئاژن بوو.
منیش کەوتمە خەیاڵەوە و لە دڵی خۆمدا کوتم: تۆ بڵێ من چ کارم بەوە دابوو. کۆنەبرینی ئەو داماوەم بۆ کولاندەوە. هەی لەشم ساغ نەبێ ئەرێ وەڵڵا.
بە شەرمەوە کوتم: کوڕە هیچ‌ نییە دەی، ماڵ شەڕ و کێشەشی تێدا دەبێ.
کوتی: بەڵێ بەڵێ، هەر بە هۆی ئەو شەڕ و کێشانەوە وێران دەبێ و وەکوو ماڵکەی ئێمە چۆڵ و هۆڵ و کڵێس و کۆڵەوار دەبێ.
هەستام ئەگەر بڕۆم. داوێنی گرتم و کوتی مەڕۆ، با تازە ئاکامی ئەو
قوڕ بەسەرییە و ئەو دەربەدەرییە و ئەو ماڵوێرانیەت، بۆ ڕوون کەمەوە.
بە مەرگی خۆم، بەسەری نازەنینی تۆ، ماوەیەک ئاوابوو. دواییە زۆری پێ‌نەچوو بابم هێـز و هەست و هیوا و هومێد و ویستی لاواز بوو. ڕۆژانە دەچۆ کار و تین و گوڕی جارانی نەمابوو. وەستا لێی‌تێدەگا و دەڵێ: وەک لە هەڵسووکەوت و هاتووچۆو و جووڵانەوەتدا دەردەکەوێ، لە گەڵ دایکی منداڵان ئاوتان بە جۆگەیک‌دا ناڕوا وکۆکیتان وێک ناکەوێ. بابم سەر لەبنەخۆ دەنێ و هیچ ناڵێ.
وەستا دەڵێ باشتێکت بۆ بگێڕمە. ئەوانە دەبن. لە کۆنە هەر بوون. مرۆڤ زوو فریو دەخوا و دڵ گۆشتە و دەگۆڕێ. دەڵێن: ڕۆژێک سوڵتان مەحمود و هەیاسی‌خاس بە لای قوڕەکارێکدا تێدەپەڕن. سەرنج دەدەن کە فەعلایەک، خشتی سوور هەڵداوێ بۆ وەستایەک. لە سێ‌ نهۆمی ڕەد دەکات. هەموو جارێ خەریکە ئاوقای کەللەسەری وەستای دەکا و لە نێوچاوانی قایم بکات.
سوڵتان مەحمود لە هەیاس دەپرسێ و دەڵێ: ئەوەی ئەو کاریگەرە دەیکات شتێکی جیاوازە و لە دەست کەم کەس دێ. بڵێی ئەوهێزە لە کوێوە سەرچاوە بگرێ و هۆیەکەی چ بێ. هەیاس دەڵێ: بێ‌ و نەبێ ژنی چاک و بەڕێز و ئاقڵی هەیە و دڵێ خۆشە و هێز و گوڕیشی گۆڕیوە.
سوڵتان دەڵێ: کوڕە جا ئەوە چی بەسەر چێوەیە. ژن و منداڵ چ پێوەنـدێـکی بە تین و تاقەتی کابراوەیە. هەیاس دەڵێ: گەر ئێزن بفەرمووی تاقی دەکەینەوە.
نێوەڕۆ کە فەعلا دەستی لە کار کێشاوە و بۆ نێوەڕۆژە و حەسانەوە بەرەو ماڵ گەڕاوە، سوڵتان و هەیاسی دوور و نیزیک بە دواوە. گەیشتەوە بەر دەرگا و دیتیان کە خێزانی سابوون و ئافتاوێک ئاو بە دەستەوە و چاوەڕێ و لە بەر دەرگا وێستاوە. ئاوی بەدەست داکرد و دەست و دم و چاوی شۆرد. لە هەیوانی حەسارێ جێگا ڕاخراوە و سەرین بۆ پشت‌پێوەدان ڕیزکراوە. نان و چای حازر و سفرە و خوان داندراوە. فەعلا دوای نیـوەڕۆژە خواردن شانێـکی دادا و چاوێکی گەرم کرد و بۆ سەرکار گەڕاوە.
هەیاس گوتی: قوربان خۆ بە چاوی خۆت دیتووتە و شاهید ناهێنم. جا ڕامێنە و بزانە چۆنی دەشێوێنم. چۆ بەردەرگای ماڵی کاریگەرە و لە دەرگای دا. ژنە سەری وەدەر نا. دوا سڵاو هەیاس گوتی: زۆر کاتت داگیر ناکەم. هاتووم ئامۆژگاری و پێشنیارێکیشت پێبکەم. دەزانم تۆ ژنی کرێکارێکی. بـەڵام بەخت ڕووی تێکردووی و ڕێوی ڕەشت بە پیرەوە هاتووە. ڕەنگە شانس و ئیقباڵ هەر تەنیا جارێک بچێتە دەرگای هەژارێک. سوڵتان مەحمود پادشای ئەو شارە، چاوی پێتکەوتووە و عاشقت بووە. خەو وخواردنی لێ‌حەرامە و کار و باری چووە. هەرچۆن بێ پێ‌داگرە و تەڵاق وەرگرە. چونکە نە خۆشی نە ناخۆشی تاسەر نییە. دەشزانم ژیانت پڕ کەموکووڕیە و باش نییە. کە وابوو لەو هەژارییە، لەو نەدارییە خۆ ڕزگار کە و کەڵکی نییە. ببە بە شاژن و تەختی تەڵای پادشایەتی جێ و بانت بێ.
چەندی وەک خۆت قەرەواش و وەرگێڕکەی بەردەستانت بێ. من دەڕۆم و دووا دووسێ ڕۆژی دی دێمەوە و وڵامی پێشنیارەکەم وەردەگرمەوە.
هەیاس و سوڵتان چوونەوە بارەگا و شەویان بە ڕۆژ کردەوە. تاو و بان گەرم بوو. وەدەرکەوتن و یاڵڵا و بدە و بابێی بەننا و فەعلا دەستی پێکردبوو. سەرنج ڕاکێش کرێکارە جیاوازەکەی دوێنێ بوو. دیتیان هێزی نییە و بە هەموو گوڕی تێیدەنەوێ. خشتی دەستی لە چەند قاتان سەرناکەوێ. بەردەبێتە و خەریکە وەسەر و گوێلاکی کەوێ. وەستاش لە لۆمەی خۆی نانێ و لە بۆڵە و پرتەش ناکەوێ.
هەیاس دەڵێ: قوربان چم عەرز کردی. بنواڕە ئەودیمەنە. ئەوڕۆ و دوێنێ چ دەنوێنێ. نیوەڕۆ کرێکارە بەرەو ماڵ چۆوە. بەڵام لە گەڵ نەبوونی ئافتاوە و ئـاو و سابـوون و جێـگا و ڕێگا و نان و چای و تەنانەت لە گەڵ کۆڵێک شەڕ و شووڕ و بەربەرەکانی ڕووبەڕوو بۆوە. بە ماندووی و شەکەتی و برسێتی و دونیایەک خەم و تەم و بیر و فکر، بۆسەر کار و ئیشی چۆوە.
سوڵتان مەحمود ئافەرینی بۆ هەست و هێژایی و زانایی و دانایی و بە ئەزموونی هەیاسی‌خاس نارد و ناردییە لای ژنە و کارەساتەکەیان بۆ شی کردەوە. هەیاس پێی‌کوت: ئەوە تاقیکارێک بوو کرا. دەست لە ماڵ و مێردی خۆت هەڵمەگرە. مێردی تۆ زەحمەت‌کێشە و بە زۆری هێز نان پەیدا دەکات. لەسەر بەردی ڕەق خۆشی و تۆش بە خێو دەکات. بەڵام نەک سوڵتان مەحمود، بگرە سەدان کەسی ئاواش وەک مێردەکەی تۆیان پێناکرێ و لە تەنگانەدا خۆیان پێ‌بەخێو ناکرێ.
ژنە پەشیمان بۆوە. بۆسەر بیر و ڕا و ڕێز و حورمەتی ڕۆژان چۆووە.
وەستا ئەوەی بۆ باوکم گێڕا بۆوە. بەڵام هەیاسەکەی دایکم لە سەر دروێشم‌دانی خۆی، پێسوور بوو. لە پێخلیسکە و لادان و لاڕێ‌کردندا نهۆمی نەبوو. دوای چەند ڕۆژان باوکم نەچۆ کار و هەرا و هاواری ئێشی دەروونی لێ‌بڵیند بوو. لە باریک و بنێسێی دا و دوکتۆرا و دوکتۆر دەچوو. بەڵام هیچ چارەسەرێکی نەکرا و لە هیچ جێیەک دەرمانی نەبوو. دەرکەوت چێژەی وێژە و بێژە و کوتە و کردەی دایکم و خەم و تەم و کوڵ و کەسەر لێی‌کردبۆ ئەو دەردە پیسە و کاری خۆی کردبوو.
من و خوشکم تا مرد، ئاگاداریمان لێکرد. یانی دوومانگ دەوامی هێنا. پاشان ئەمری خودای بەجێ هێنا و هەوارگەی خەمی بەرەو گۆڕ، گۆڕی و ئێمەی جێهێشت بە چاوەنۆڕی. عومری درێژی بۆ تۆ و بۆ کوڕی تۆ بەجێ‌ ما.
خۆزگەم بە خۆی کات، نەجاتی بوو. بەڵام من کە ئاگاداری ئازار و دەرد و ژانی بووم، هەر منیش میراتگری خەمانی بووم. هەموو ئەو خەفەت و داخ و دەردە هاتە کۆڵی من و ئێستاش هەر بۆیە لەگەڵ خەمان هاوکارم و هەناسەم بۆیە سەردە. ئێستا بیست و چەند ساڵم تەمەنە و لە ژێرخانی ماڵێک دا تاق و تەنیا دەژیم. خوشکم شووی کردووە. دایکیشم لێی بێ هەواڵم و نازانم ماوە یان مردووە.
منیش هەر ئەوەندەم کوت کە بەڵێ، دروێشمی بێ بەهرە ماڵ‌وێرانکەرە. لەو لاشەوە ئێمەمانان کە ئازادیمان نەدیوە و نەمان‌ناسیوە و هەر نێومان بیستووە، بۆخۆمان پەیکەری بۆ دادەتاشین و سەری کڕنۆشی بۆ نەوی دەکەین و بە پێچەوانەش مانای دەکەین و کەڵکی بەراوەژووی لێوەردەگرین.

دسته بندی: جامعه, فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد